گەڕەکی خانەقای هەولێرێ، كە دەکەوتە ناوەندی شار، نزیک بازاڕی شێخەڵڵا و مزگەوتی شێخ مستەفا، بەشەكی لە لای مزگەوتی خانەقا و ناوچەقی بازاڕ بەلای قاوەخانەی عەبۆ قاوەچی و لۆقنتەی تاجریان بوو. بەشەكەی دیكەشی لە بازاڕی قەیسەرییەوە دەگەیشتە گەڕەکی عارەبان و تەعجیل، لە لای تەکیەی شێخ عەبدولکەریمیشەوە دەگەیشتە تەیراوە. تا هەشتاکانی سەدەی بیستەم، گەڕەکی خانەقا چەندین کۆڵانی دوور و درێژ، گۆڕەپان، کۆگا، گەراج، حەسار و دوکانی لێ بوو.
ئەو گەڕەکە سێ گۆڕستانی گەورەی تێدایە، گۆڕستانی گەورە و چراغ و شێخەڵڵا، بەرامبەر مزگەوتی شێخ مستەفاش مەزارگەیەکی بەناوی مەزارگەی پێنج عەلی لێیە، کە جاران خەڵک بۆ مراز و پاڕانەوە روویان تێدەکرد.
خانەقا چەندین کەسایەتیی کۆمەڵایەتی لێ هەڵکەوتووە، وەک حاجی نامق، حاجی جەردیس، مەلا هاشم، شێخ عەبدولکەریم، بەکر حوسێن و شێرۆی پەرەچی و ژنەکانیش دایکە هەدیە، دایکە مەلیکەی دایکی عەلی حەسەنی یاریزانی هەڵبژاردەی هەولێر و پوورە ئەڵماس، کە لە کەسە ناودار و خانەدانەکانی سەدەی رابردووی گەڕەکەکە و هەولێر بوون.
شوان بەکر، منداڵێكی گەڕەکی خانەقایە، چیرۆکیكی دایکە هەدیە دەگێڕێتەوە كە ساڵی ١٩٨٢ گەنجێکی یاریزانی تۆپی پێی دانیشتووی خانەقا بەناوی نەجدەت ئیسماعیل لە شەڕی عێراق و ئێران گیانی لەدەست دا، رژێمی بەعس ئۆتۆمبێلێکی وەک قەرەبوو بە خانەوادەکەی بەخشی، بەڵام خاتوو هەدیەی دایکی نەجدەت وەک ناڕەزایی دژی رژێم، ئۆتۆمبێلەکەی لەسەر جادە سووتاند.
كاتی خۆی دانیشتوانی قەڵات بە گەڕەکی خانەقایان دەگوت (کورتە مەحەلاسی) واتە گەڕەکی کورتان، چونکە چەندین کورتاندرووی لێ بووە.
جگە لە کورتاندرووەکان، ئەو گەڕەکە چەندین کاری پیشەسازی و بازرگانیی دیکەی لێ کراوە، وەک دروستکردنی دارجۆت و پێڵاو، کارگەی ئاسنگەری، پەڕەچی و بازرگانیی دار، گەنم و جۆ و خوری و سوف.
لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، ئینگلیزەکان (باش چاوش) یان قەرەقولیان لە گەڕەکی خانەقا هەبوو. ئەوان زۆر لە پیاوە مەردەکانی ئەو گەڕەکە ترساون، بەتایبەت لە حەسەنەشەل، کە دواتر بە پیلانێک دەستگیریان کرد و لەپێش سەرا لەسێدارەیان دا. دواتر بەهۆی مەردی و ئازایەتییەکەی، حەسەنەشەل بووە چیرۆک و چەندین حەیران و قۆریاتی پێداهەڵگوترا.
یەکێک لە کەسایەتییە مێژووییەکانی گەڕەکی خانەقا، کچی کافرۆشە، کە خەڵکی ئەو گەڕەکە بووە و لە کۆڵانی گۆمەسپی ژیاوە. ئینگلیزەکان ئەو کچەیان رفاندووە و وەک سەرچاوە زارەکییەکان باسی دەکەن، ئەفسەرێکی ئینگلیز زۆر بە جوانییەکەی سەرسام بووە و بۆ خۆی رفاندوویەتی و بردوویەتیە بەریتانیا.
هەر لە گەڕەکی خانەقا، چیرۆکێکی خۆشەویستی دروست بووە کە مێژووەکەی بۆ ٢٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و بە دوو جۆر دەگێڕنەوە. یەکەمیان باس لەوە دەکا (حۆرییە)ی تەمەن ١٥ ساڵ کچێکی زۆر جوانی پیاوێکی دەوڵەمەند بووە، عاشقی کوڕە عەجەمێکی پێستەچیی هەژار بووە و باوکیشی بە هاوسەرگیرییان رازی نەبووە، بۆیە هەردووکیان دەستی یەکیان گرتووە و هەڵاتوون. گێڕانەوەی دووەمیش باس لەوە دەکات، کە کچەکە کچی پیاوێکی هەژار بووە، لەلایەن کوڕە عەجەمەکەوە رفێندراوە. بەڵام سەرچاوە مێژووییەكان زیاتر گێڕانەوەی یەكەم پەسەند دەكەن و دەڵێن دوای ئەوەی حۆرییەی دەوڵەمەند و کوڕە عەجەمە هەژارەکە هەڵاتوون، باوکی حۆرییە زۆر بە دوای كچەكەیدا گەڕاوە و بۆ سۆراغیشی گەیشتووەتە تورکیا، لەوێ سەربازی عوسمانی گرتوویانە و کردوویانەتە سەرباز و ناردوویانەتە شەڕی بەڵقان.