مەلایەكی كورد لە هەولێر دەبێتە یەكەم كەس دەقی قورئانی پیرۆز بە زمانی ئاماژە بنووسێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی وەك خۆی دەڵێ دركی بە پێویستی هەبوونی قورئان بە زمانی ئاماژە كردووە، تا موسڵمانی نابیست كە بە زمانی ئاماژە قسە دەكەن، بتوانن قورئان بخوێننەوە.
مامۆستا مەلا عیزەدین حامد لەدایکبووی ١٩٧٨، ماوەی هەشت ساڵ لە مزگەوتی دەرماناوی هەولێر، وتاری رۆژی هەینیی وتاربێژی مزگەوتەکەی، بۆ زمانی ئاماژە بۆ نابیستان وەردەگێڕا، دواتر دەقی قورئانی پیرۆزیشی بە تەواوی بۆ سەر زمانی ئاماژە وەرگێڕا و لەلایەن لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستانیشەوە فەتوای دروستیی وەرگێڕانەکەی بۆ دەركرا.
قورئانی پیرۆز بۆ یەکەم جار لە سەردەمی عوسمانی کوڕی عەففان، سێیەم خەلیفەی موسڵمانان نووسراوەتەوە و موسڵمانانی خوێندەوار لەو کاتەوە دەتوانن بەشێوەی نووسراو، قورئانی پیرۆز بخوێننەوە.
عیزەدین حامد كە دەرچووی کۆلێژی شەریعەیە و مامۆستای وانەی ئایینی ئیسلامە لە قوتابخانەیەکی هەولێر. چوار ئەندامی خێزانەکەی نابیستن، ئەمەش بووە هاندەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی دەست بە وەرگێڕانی قورئان بۆ سەر زمانی ئاماژە بکات.
پێشتر جگە لە وتاری هەینی، بەپێی توانا و کاتی خۆی، ئایەتەکانی قورئانی بۆ نابیستان وەردەگێڕا سەر زمانی ئاماژە، ئێستاش یەک هەزار دانە لەو وەرگێڕدراوەی عیزەدین حامد چاپ کراوە و خراوەتە بەر دەستی نابیستان، تا لەم ڕێگەیەوە بتوانن وەک موسڵمانانی ئاسایی، قورئان بخوێننەوە و خەتمی بکەن.
بەرپرسانی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان پرۆژەکەی ئەو وەرگێڕەیان بە زۆر گرنگ و پێویست وەسف کردووە و جگە لە ستایش، بە مافی عیزەدین حامدی دەزانن ناوی بخرێتە ناو کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان، چونكە یەكەم جارە دەقی قورئان بە تەواوی وەربگێڕدرێتە سەر زمانی ئاماژە.
وەرگێڕانی قورئان بۆ سەر زمانی ئاماژە ماوەی دوو ساڵی خایاندووە و پێشتر جگە لە دوو سێ سورەتی قورئان لە یوتیوب، قورئانی پیرۆز بە زمانی ئاماژە نەبووە، مامۆستا عیزەدین حامد بە شانازییەوە ئاماژە بەوە دەدات كە ئەو یەکەم کەسە لە جیهانی ئیسلامیدا، قورئانی بۆ سەر زمانی ئاماژە وەرگێڕاوە.
پرۆژەکەی ئەو مامۆستایەی هەولێر تەنیا بۆ نابیستانی کورد نییە، بەڵكو وەرگێڕانەکەی خزمەتی موسڵمانانی نابیستی هەموو نەتەوە و گەلانی ئیسلامی دەکات، ئەو بە ئاواتی ئەوەیە رۆژێک ببینێ موسڵمانێکی نابیستی نەتەوەیەکی دیکە، سوود لە وەرگێڕانەکەی وەردەگرێت.
وەرگێڕانەکەی مامۆستا عیزەدین حامد لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٤ لە مەراسیمێکدا بڵاو کرایەوە، بەم هۆیەوە نابیستانی موسڵمانی کوردستان خۆشحاڵیان دەربڕی و سوپاسی ئەو هەوڵەیان كرد، وەك خۆی دەیگێڕێتەوە نابیستێك پێی گوتووە “دوای دەستکەوتنی ئەو قورئانە، هەست دەکەم ماڵەکەم رووناک بووەتەوە”.
هەروەها ئاماژەش بەوەش دەكات كە جگە لە نابیستانی کوردستان، نابیستانی عێراقیش داوای چەند چاپێكی ئەو قورئانەیان کردووە، هیواشی خواست دەرفەت و توانای هەبێت كە وەرگێڕانەکەی چاپ بکاتەوە و بۆ هەموو شارەکانی عێراقی بنێرێت.
مامۆستا عیزەدین دەڵی زۆر دڵخۆشە بە پرۆژەکەی، چونکە هیوای بەوەیە بۆی ببێتە خێرێکی نەبڕاوە و لە دواڕۆژدا بخرێتە سەر کارە چاکەکانی. ئەو باسی لەوەش کرد، هەندێک خێرخوازی ئیسلامی پێیان گوتووە کە خێرێکی گەورەی بۆ خۆی تۆمار کردووە و رەنگە کەمتر نەبێ لەو خێرەی خەلیفەکانی راشدین لە کۆکردنەوەی قورئانی پیرۆز لە یەک کتێبدا، بەدەستیان هێنا.