لە هەولێر ساڵانە 100 هەزار نەمام بەخۆڕایی دابەش دەكرێت
لە هەولێر ساڵانە 100 هەزار نەمام بەخۆڕایی دابەش دەكرێت
November 18, 2024

سەرەڕای پرۆژە بەردەوامەكانی سەوزكردنی هەولێر، ماوەیەكە لە ناو شاردا هەڵمەتی دابەشكردنی نەمام و گوڵ بەسەر ماڵاندا بەردەوامە و هەر كەسێك بیەوێت دەتوانێت چوار نەمام و چەند گوڵێك بە خۆڕایی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان لە هەولێر وەربگرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان لە هەولێر، لە ڕێگەی سێ نەمامگەوە، ساڵانە ١٠٠ هەزار نەمام بەرهەم دێنێ و بەسەر شارەوانییەکانی هەولێر، قوتابخانەكان، مزگەوت و نەخۆشخانەکاندا دابەش دەکات، جگە لە پێدانی نەمام بە هەر هاووڵاتییەک کە بۆ ئەو مەبەستە سەردانیان بکات.

رێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر لە لێدوانێکیدا بۆ (گلکەند)، ئاماژەی بەوە کرد، کە لە پێنج ساڵی رابردوودا نزیکەی ٤٠٠ هەزار نەمام و ٤٠٠ هەزار شەتڵی گوڵیان بەرهەم هێناوە و لە ناوچە جیاوازەکانی شاری هەولێر نێژراون.

ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە ساڵی رابردوودا لەگەڵ پارێزگاری هەولێر هەڵمەتێکی ماڵ بە ماڵیان لە گەڕەکی ماردین دەست پێ کرد، کە هەزار نەمامیان لەو گەڕەکە بەسەر خەڵکەکەیدا دابەش کرد، بەڵام بەهۆی خزمەتنەکردنی بەشێک لە دارەکان لە لایەن هاووڵاتییانەوە، ئێستا کاری بەڕێوەبەرایەتییەکە گۆڕاوە و هەر کەسێک نەمامی بوێت، خۆی دەتوانێ سەردانیان بکات.

بۆ زیادکردنی ژمارەی دار و سەوزایی لە هەولێر، بەپێی مەرجی شارەوانی، هەر کەسێک خانووێک دروست بکات، دەبێ دار لەبەردەم ماڵەکەیدا بچێنێ، ئەو کەسەی ڕووی دەرەوەی خانووەکەی پێنج مەتر بێت، پێویستە دارێك بڕوێنێ و ئەو کەسەش كە ڕووبەری دەرەوەی خانووەکەی ١٠ مەتر بێت، پێویستە دوو دار بچێنێت.

گونجانی دارەکان لەگەڵ کەشوهەوای هەولێر و گەشەکردنی دارەکان، دوو هۆکاری گرنگن بۆ ئەوەی نەمامگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان زۆرتر نەمامی دارەکانی سیسەم، لادونیا و ئەلبیزیابەرهەم بهێنن، کە بە دوو ساڵ دەبنە دارێکی تەواو، نەمامە بەرهەمهێنراوەکانیش بەسەر دامودەزگا جیاوازەکان و هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێن.

رۆژانە ئەو هاووڵاتییانەی دۆستی ژینگەن و حەز بە سەوزایی زیاتر دەکەن، بۆ وەرگرتنی نەمام روو لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان دەکەن و بەخۆڕایی نەمام وەردەگرن. رێبین ئەحمەد باس لە چیرۆکی شەش کەس لە گەڕەک و ناوچە جیاوازەکانی هەولێر دەكات، کە بەردەوام نەمام لە نەمامگەکان وەردەگرن و دەیانچێنن، دەشڵێ بەم هۆیەوە هاووڵاتییەکیان لە بنەسڵاوە خەڵات کردووە.

ئێستا ٤٥٠ پارک و باخچە لە هەولێر هەن، کە ٢١یان پارکی گەورەن، هەموو ئەو پارک و باخچانە و سەوزایی دوورگە ناوەندییەکانی شەقامەکان و زەوییە سەوزاییەکانی دامودەزگا و ماڵەکان، رێژەی ٪٢٠ی هەولێر پێک دەهێنن. پێشتر رێژەی سەوزایی لە هەولێر تەنها ٪١٧.٥ بووە و لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا گەیشتووەتە ٪٢٠.

ساڵانێکی زۆرە هەوڵی سەوزکردنی هەولێر دەدرێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر بەشی زۆری دارەکان لە دەرەوە بەتایبەت لە ئیتاڵیا و تورکیاوە دەهاتن، بەشێکی دارەکان لەناوچوون، چونکە لەگەڵ ژینگە و کەشوهەوای هەولێر نەدەگونجان، بەڵام ئێستا نەمامگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر ئەو دارانە بەرهەم دەهێنن، کە لەگەڵ کەشوهەوای هەولێر دەگونجێن و زوو گەورە دەبن و سەوزاییەکی فراوان دروست دەکەن، هەموو نەمامەکانیش لە تۆوی دارەکان لە هەولێرەوە پێ دەگەیەندرێن.

لە سەوزکردنی هەولێردا، بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان زۆرتر گرنگیی بە شوێنە هەژارنشینەکان دەدات و بەڕێوەبەرەكەی دەڵێ ٦٠ هەزار نەمامیان لە رێگای مەخموور لە جادەی ١٠٠ مەتری تا مامزاوە چاندووە و دوورگە ناوەندییەکەی بووە بە جوانترین دوورگەی ناوەندی لە شارەكە.

رێبین ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، چەند پارکێکی گەورە دروست دەکرێن و پارکێکیش لەسەر شەقامی شەقڵاوە لە یەکتربڕی ١٥٠یی بە گوژمەی سێ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دینار دروست کراوە.

ئەو پارکانەی ئێستا دروست دەکرێن و ساڵی داهاتوو تەواو دەبن، بریتین لە پارکێک لە رێگای مووسڵ کە گوژمەی سێ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە، پارکێک لە رەشکین کە گوژمەی ١٥ ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە. هەروەها پارکێک لە گەڕەکی ژیان کە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە. لەو پارکەی لەسەر شەقامی هەولێر - شەقڵاوەش لە یەکتربڕی شەقامی ١٥٠ مەتری دروست کراوە، پێنج هەزار دار چێندراون، کە جگە لە دیمەنە جوانەکەی، بووەتە کارگەیەکی سرووشتیی بەرهەمهێنانی ئۆکسجینیش.

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved