سەربوردەی مام سەڵاح، قاوەچییە كۆنەكەی هەولێر
سەربوردەی مام سەڵاح، قاوەچییە كۆنەكەی هەولێر
November 25, 2024

پتر لە نیو سەدەیە مام سەڵاح دەست و پەنجەی لە ملانی جەزوەی قاوە گیر كردووە، بۆنی قاوەی لەلا بەدەوترە لە هەرچی عەتر و گوڵاوی دنیا هەیە. هەنوكەشی لەگەڵدا بێت، ئێواران بە كورتەك و شەروالێكی كەشخە و مشکییەك لە سەریەوە، فنجانی قاوە پێشكەشی میوانەكانی دیوەخانی ئەنوەر بەگی بێتواتە دەكات.
ئەو قاوەچیە تەمەن 71 ساڵە، بەدەم تێكردن و خواردنەوەی قاوەوە، بە ڕووەكی خۆشەوە قسە بۆ (گڵكەند) دەكات و دەڵێ "زیاتر لە سێ بەشی عومرم لە دروستكردنی قاوەدا بەسەر بردیە، لە گەلەك دیوەخانی پیاوماقوڵ و سەرۆک عەشیرەت و ئاغایاندا قاوەم دایتە مێوانان".
مام سەڵاح لەبارەی سەرەتای فێربوونی دروستكردنی قاوەوە دەگێڕێتەوە كاتێك تەمەنی 16 ساڵ بووە، لە دیوەخانی ماڵی خدر ئاغای بناوێ کاری كردووە، لەو دیوەخانەدا قاوەچییەکی لێ بووە، ڕۆژێک پێی گوتووە وەرە فێرت بكەم چۆن قاوە دروست بكەیت، چونكە تۆ لە داهاتوودا دەبیت بە قاوەچی، ئیدی لەسەر دەستی ئەو قاوەچیە فێر بووە و تا ئەمڕۆ دەستبەرداری جەزوە نەبووە.
ئەگەر میوان فنجانی لە دەستی قاوەچی وەرگرت و خواردیەوە، بێ ئەوەی فنجانەکەی بلەرزێنێتەوە، واتە بۆم تێکەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر فنجانەکەی لەرزاند، واتا چیتر ناخۆمەوە و فنجانەکە دەداتەوە دەست قاوەچی، قاوەچییش کاتێک قاوە تێدەکات، لێوی جەزوە لە فنجان دەدات بۆ ئەوەی دڵۆپی قاوە بەسەر میواندا نەڕژێ، کاتێک بەناو مەجلیسدا دەگەڕێ، دەبێ دەنگی لێکدانی فنجانەکانی دەستی بێت. ئەو پیاوەی سەری لە قاوەی ڕەشدا سپی كردووە، ئەوها باسی ئەتەکێتی پێشكەشكردنی قاوەی كرد.
مام سەڵاح شانازی بەوە دەكات كە لە چەندین دیوەخانی ناودارانی هەولێردا قاوەی دروست كردووە و لە هیچ یەكێكیاندا گلەیی لە جۆر و تامی قاوەكەی نەكراوە. دەشڵێ دەبێ رۆڵی قاوە لە دیوەخاناندا دیار بێت كە ڕازاندنەوە و گەرمكردنی مەجلیس و بڵاوكردنەوەی بۆنی خۆشە.
لەبارەی هونەری گرتنەوەی قاوەشەوە دەڵێ ئەو هەر قاوەی دەنکی بەکار هێناوە، بۆ خۆی قاوەکەی دەهاڕێت، دواتر پەرداخێك قاوە و دوو پەرداخ ئاو تێکەڵ دەکات و بەشی پێویست دەیکوڵێنێ و قاوەیەکی باشی لێ دروست دەكات.
مام سەڵاح پێی ناخۆشە لە زۆر شوێندا كووپی كارتۆنی بۆ پێشكەشكردنی قاوە بەكاردێت، پێی وایە ئەو كووپانە شێوەیان ناحەزە و تامی قاوە تێكدەدەن، لەوەش خراپتر دەڵێ ئەو كووپانە كارەكتەری قاوەیان لەکەدار كردووە، چونکە قاوە هەر بە فنجانەوە جوانە.
ئەو پیاوە بە تەمەنە دڵخۆشە بە پیشەی قاوەچییەتی و شانازی پێوە دەکات، دەشڵێ کاتێک لە دیوەخانێک یان ماڵی کاسەیەتییەکەوە پەیوەندیی پێوە دەکەن بۆ ئەوەی بچێت قاوە پێشکەشی میوانەکانیان بکات، زۆر دڵخۆش و ئاسوودە دەبێت. باسیش لەوە دەكات كە لە شاری هەولێر زۆرترین داواكاری لەسەر ئەو هەیە، تا وەك قاوەچی بچێتە دیوەخانە ناودارەكان و قاوە پێشكەش بكات.
مام سەڵاح هەر كوڕەكەی نا، بەڵكو كوڕی كوڕەكەشی فێری قاوەچییەتی كردووە، كاتێك دەچێت بۆ دیوەخانە گەورەكان، یان كوڕەكەی یان كوڕەكەی و كوڕی كوڕەكەشی لەگەڵ خۆیدا دەبات، تا یارمەتی بدەن لە دروستكردنی قاوە و پێشكەشكردنیان.
ئەگەرچی كولتووری خواردنەوەی قاوە لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا ڕەگێكی کۆنی هەیە، بەڵام خراپبوونی دۆخی ئابووریی لە چەند دەیەی رابردوودا و زاڵبوونی كولتووری خواردنەوەی چا، وایان كرد بۆ ماوەیەك كولتووری قاوە خواردنەوە كاڵ بێتەوە، بەم دواییەش لەگەڵ باشبوونی دۆخی ئابووری، هەڵسانەوەی ڕێژەیی كەرتی گەشتیاری و كرانەوەی زیاتری كوردستان بە ڕووی جیهاندا، جارێكی تر كولتووری خواردنەوەی قاوە تۆخ بووەوە. بۆیە تا سەردەمێك پێش ئێستا كە قاوە تەنها لە دیوەخانی ئاغا و پیاوماقوڵ و کۆڕ و مەجلیسە کوردەوارییەکان هەبوو، ئێستا لە چایخانە و كافتریا هاوچەرخەكانی شارەكانی كوردستاندا قاوە هاوشانی چایی و خواردنەوەکانی تر پێشكەش دەكرێ.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved