مەلافەندی بەر لە سەدەیەک مەسیحییەکانی عەنکاوەی لە کۆمەڵکوژیی عوسمانییەکان پاراست
مەلافەندی بەر لە سەدەیەک مەسیحییەکانی عەنکاوەی لە کۆمەڵکوژیی عوسمانییەکان پاراست
November 27, 2024

رەنگە زۆر کەس ئەم راستییە نەزانێت كە لە ئانوساتی کۆمەڵکوژیی گەلی ئەرمەندا، لە هەولێریش هەوڵی کۆمەڵکوژیی مەسیحییەکانی عەنکاوە درا، ئەمەش دوابەدوای شکستە گەورەکەی سوپای عوسمانی بوو لە بەرەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم و کشانەوەیان لە عێراق بەرەو هەولێر، لە ساڵانی 1917 و 1918دا ئەم سوپا شکستخواردووە، بەهۆی جیاوازیی ئایینی و بۆ خوڵقاندنی کەشێکی توندڕەویی ئایینی لە هەولێر، هەوڵی کۆمەڵکوژیی مەسیحییەکانی عەنکاوەی دا.
شارۆچکەی عەنکاوە لە باکووری هەولێر، لە كۆنەوە تا ئەمڕۆش کۆمەڵگەیەکی مەسیحینشینی لەخۆ گرتووە و بەردەوام لەگەڵ پێكهاتەكانی تری كۆمەڵگەی كوردستانیدا بە ئاشتی و تەبایی ژیاون. بەڵام كاتی خۆی سوپای عوسمانی، هەوڵی تۆڵەکردنەوەی شکستەکەیان بەرامبەر سوپای ئینگلیز و هاوپەیمانان دا، لە ڕێگەی هاندانی موسڵمانانی هەولێر بۆ کۆمەڵکوژکردنی مەسیحییەکانی عەنکاوە.
مەسیحییەکان کە بەم پیلانەیان زانی، هەر زوو لە ترسی دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لە شارۆچکەکەیان، لەسەر دەستی عوسمانییەکان، پەنایان بۆ گوندی باداوە لە رۆژهەڵاتی هەولێر و دیوەخانی مەلافەندی برد.
مەلافەندی هەموو خێزانە مەسیحییەکانی عەنکاوەی لە کۆشکی باداوە (کۆشکی خۆی) و مزگەوتی گەورەی قەڵاتی هەولێرێ پەنا دا، لەگەڵ محەمەد موفتیی ئامۆزای رووبەڕووی ئەو پیلانگێڕییە بوونەوە و فەتوایەکیان دەرکرد.
لە فەتواکەیاندا، مەلافەندی و محەمەد موفتیی ئامۆزای دەڵێن "پێویستە لەسەر هەموومان پارێزگاری لە خەڵکی عەنکاوە بکەین، چونکە روون و ئاشکرایە، هەر کەسێ دەستی بە خوێنی برا مەسیحییەکانمان سوور بێت، خوا لە رۆژی قیامەت سزای دەدات، سەرباری سزای خواش، هەر کەسێک مەسیحییەک بکوژێ، بەپێی یاسا رووبەڕووی سزای دادگا دەبێتەوە".
مەلافەندی جگە لەو فەتوایە، داوای لە هۆزە کوردییەکانی ناوچەکە کرد، پێویستە هەر یەکە بە دەیان کەس لە پیاوانی خۆی، بە چەکەوە بنێرنە شارۆچکەی عەنکاوە بۆ بەرگریکردن لە دانیشتوانەکەی، بۆ ئەوەی وەک ئەرمەنەکان بە دەستی سوپای عوسمانی کۆمەڵکوژ نەکرێن.
ئەو هەڵوێستانەی مەلافەندی و خەڵکی هەولێر و دەوروبەری، بووە هۆی رزگاربوونی مەسیحییەکان لە کۆمەڵکوژکردن و گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و موڵکی خۆیان لە عەنكاوە.
کەسایەتی و قەشە و پیاوانی ئایینیی مەسیحی لە عەنکاوە، تا ئێستا ئەو فریادڕەسییەی مەلافەندییان  لەبیر نەکرد. ئەوان لە هەموو بۆنە ئایینی و ساتە ئاساییەکان سەردانی دیوەخانی خانەوادەی مەلافەندی و رەشاد موفتییان دەکرد. رەشاد موفتییش کە زانایەکی ئایینیی ئیسلامی بوو و لە خانەوادەی مەلافەندی بوو، تا کۆچی دوایی کرد بەردەوام پەیوەندی و هاموشۆی لەگەڵ کەسایەتییە مەسیحییەکانی عەنکاوە هەبووە، لە خۆشی و ناخۆشیی یەکتریدا بەشدار دەبوون.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved