100 ساڵە مزگەوتی شێخی چۆلی نانی هەژاران دەدات
100 ساڵە مزگەوتی شێخی چۆلی نانی هەژاران دەدات
December 02, 2024

یەک لە دیارترین مزگەوتە مێژووییەکانی شاری هەولێر، مزگەوتی شێخی چۆلییە، كە دەکەوێتە ناو جەرگەی بازاڕ و ساڵی 1883 لەلایەن شێخ محەمەدی چۆلی و خەلیفە و موریدەکانیەوە دروست کراوە و ماوەی 100 ساڵە لەو مزگەوتەدا خواردن بۆ ڕێبواران دروست دەكرێت.
لەو مزگەوتەدا كە دواجار ساڵی 1974 نۆژەن کراوەتەوە، جگە لە وتاری هەینی و نوێژی بە کۆمەڵ، ڕۆژانە خواردنی ژەمی نیوەڕۆ بۆ 150 تا 200 کەس ئامادە دەکرێت.
ئەو کەسانەی نیوەڕۆیان لەم مزگەوتەدا نان دەخۆن، خەڵکی کەمدەرامەت و رێبوار و کاسبکارانی شارن، بەم شێوەیە بەشێكی مزگەوتەكە بووەتە خواردنگەیەک بۆ هەژاران.
نەبەز ئیسماعیل بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر، باسی مێژووی ئەو مزگەوتەی بۆ (گڵکەند) کرد و گوتی "شێخی چۆلی بەر لە 141 ساڵ دروست كراوە، ئێستا بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی هەولێر سەرپەرشتیی دەکات، مزگەوتەكە یەکێک لە شانازییەکانی هەولێرە، زیاتر لە 100 ساڵە هەموو ژەمێکی نیوەڕۆ خواردن بە خۆڕایی بە خەڵک دەدات، لە نێو مزگەوتەکە ناندینێکی گەورە دروست کراوە، حەفت ژن و پێنج پیاو خواردنەكە ئامادە دەکەن".
دەشڵێ سەرجەم کارمەندەکان فەرمانبەری گرێبەستن له ئەوقافی هەولێر، هەروەها کۆگایەکی گەورەشی تایبەت بە ئازوقە هەیە، رۆژانە لەو مزگەوتە بەر لە بانگی نیوەڕۆ دەست بە پێدانی خواردن دەکرێت و لە لایەکی مزگەوتەکە، شوێنێک تایبەت کراوە بۆ نان خواردن.
لەبارەی سەرچاوەی دارایی مزگەوتەکەوە بۆ دابینکردنی ئازوقەی پێویست، نەبەز ئیسماعیل ئاماژەی بە کرێی موڵکەکانی مزگەوتەکە کرد و گوتی، داهاتی مانگانەی گەراج و دوکانە وەقفکراوەکانی مزگەوتەکە بۆ کڕینی کەلوپەلی پێویست و ئازوقە خەرج دەکرێت.
هەروەها باسی لە ڕۆڵی کەسانی خواپێداو و خێرخوازی هەولێر کرد، کە خەڵکێکی زۆر هاوکاری ماددی مزگەوتەکە دەکەن و بەشدارن لەو کارە خێرخوازییە.
بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر باسی جۆر و خشتەی خواردنی مزگەوتەکە دەکات کە بریتییە لە برنج و گۆشتی سوور و گۆشتی مریشک و شلە. رۆژانە حەفت سەر ئاژەڵ و نزیکەی 120 کلیۆگرام برنج بۆ ژەمی نیوەڕۆ بەکار دەهێنرێت.
بەپێی قسەكانی نەبەز ئیسماعیل، بیرۆکەی پێدانی خواردن لە مزگەوتەکە بۆ شێخ محەمەدی چۆلی دەگەڕێتەوە، چونکە ئەوان بەر لە دروستکردنی مزگەوتەکە خاوەن دیوەخان بوون، رۆژانە میوان و رێبواران لە ماڵی ئەوان نانیان خواردووە.
جێی باسە ئەو کەسانەی لە مزگەوتەکە نان دەخۆن، مەرج نییە ئیماندار یان موسڵمان بن، بەڵكو هەر كەسێك ڕووی لەوێ بكات، ژەمی نیوەڕۆی پێدەدرێت و خزمەتی دەكەن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved