300 لۆ هەولێر
300 لۆ هەولێر
December 02, 2024

مەرج و ئامرازەکانی گەشەندنی گەشتیاری زۆرن، بەڵام زۆربەیان لە هەولێر بەرجەستەن!
یەکەم؛ هەولێر نزیک و هاوسنووری ناوچەیەکە ''باشوور و ناوەڕاستی عێراقی عەرەبی بە شیعە و سوننەوە، بەشێکی زۆری ئێرانیش'' لەبەر دابونەریت، بۆچوونی مەزهەبی، لە هەندێ بنەماکانی گەشتیاریی بێبەشن، لەبەر نزیکی و ئاسانکاریی گەیشتنیان ئاراستەی گەشتکردنیان روو لە کوردستانە، بەتایبەتی هەولێر!
دووەم؛ بێجگە لە ئاووهەوا، دیمەنە شاخاوییەکان، بەهاری رەنگین، شەوە جوانەکانی، هەموو ئامرازە سرووشتییەکان، ئاسانکاریی زۆر دەکەن، بۆ پێشکەوتنی گەشەسەندنی بوارەکانی گەشتیاری.
ئەوەی گرنگە و مایەی خۆشحاڵییە، بێجگە لە ناوچە شاخاوییەکانی، ناو شارەکەشی گونجاوە بۆ راکێشانی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار.
بەڵام، ''بەڵام''ێکی گەورە، ''خۆزگە''یەکی تووڕەش، ''داوا''یەکە سەدان جاریش کراوە، گوتراوە، دراوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە! ئەویش بایەخنەدانە بە؛ ئاست و نەخشە و بەرنامەی گەشتیاریی کۆنترین شار، ئەگەر کۆنترین شاری جیهانیش نەبێت، هی ناوچەکەیە!
ناو شارەکەش، وەک هەولێرییەکان دەڵێن؛ ''سەرقۆزی بن ئاڵۆزە!''؛ نافوورەیەک، پارکێکی جوان و دیوارێک بەدەورەی قەیسەری، چایەخانەی مەچکۆ، دوو سێ کۆڵانی جوانی ناو بازاڕ و قەیسەرییەکە، تەواو.
ئەوانەش لەبەر سێبەر و هەیمەنەت، مێژووی قەڵاتەکە دیار و شکۆدارن! ئەوە سەرە قۆزەکەیە، بەڵام ئاڵۆزییەکەی گەڕەکە کۆنەکەیەتی؛ هەردوو تەعجیلەکە؛ جوو، ئیسلامەکەی، خانەقای پشت هەردوو مزگەوتەکە، سەعدوناوەی سەرکەندەکە، کۆڵانی عارەبان، کە بە چەندان کۆڵانی تەنگەبەری درێژی وەک جۆگەلە، دەرژێنە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکە، دەگەنە رووباری شارەکە، دەکرێ ئەو گەڕەکانە ببن بە شارە کۆنە، کەلتوورییەکە، بەڵام ئیمڕۆ بوویتە کەلاوەیەکی رماو، گوفەکێکی گەورە، کۆڵانە گیراو و کراوەکانیان پیسن، زۆریش بوون بە گەراجی گەورەی چەگڵرێژکراو، تەختکراو، شانشکاو بەکەرپووچی هەڵوەریو، خشتی دەرپەڕیوو، دەرگەی خانووەکانیان گیراون بە بلۆک، تەنەکە، سیم. ئەو سێ چوار گەڕەکە سیمایەکی ناشیرین و ناشارستانی دەنوێنن.
ناکرێ شارێکی کۆن، شارێکی دێرین، قەڵاتە مەزنەکەی لە ساڵی ١٩٦٠ تا ئیمڕۆ، تا ماوەیەکی درێژیش هەر نۆژەن دەکرێتەوە، هەر پارەی تێدا سەرف دەکرێت، لێژنە، بەرنامە، نەخشەی بۆ دادەنێن، نابێتە قەڵاتێکی گەشتیاری، کە هەموو مەرجەکانی گەشتیاریی جیهانیی تێدایە.
بەداخەوە، قەڵاتێکی وا مەزنت هەبێت، بەرز، لەناو چەقی شارەکە بێت، نەکرێتەوە هەوارێکی گەشتیاریی شەو و رۆژی، هەموو وەرزەکانی ساڵ ئاوەدان، کراوە بێت!


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved