شاره‌دێی روڤیا لە دهۆک بە ناوەندێکی گرنگی چاندن و بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان دادەندرێت، کە ساڵانە 250 هه‌زار تۆن بەرهەم دێنێ و دەكاتە 40٪ی کۆی بەرهەمی پەتاتە لە کوردستان، ئەو بەرهەمە بووەتە هۆی بەگەڕخستنی سەدان دەستی کاری نێوخۆیی، نه‌مانی رێژەی بێ‌کاری و كەمبوونەوەی تاوان.
نادر عیزه‌ت جووتیارێكی تەمەن 50 ساڵە لە دەڤەری (ناوكوڕ)ی سنووری شاره‌دێی روڤیا، خاوه‌نی یه‌كێك له كێڵگه گه‌وره‌كانی چاندنی پهتاتەیه، بەدەم ڕێنماییكردنی کرێکارەكانی بۆ هەڵگرتنەوەی بەرهەمی ئەمساڵ، باسی كێڵگەكەی بۆ (گڵكه‌ند) كرد و گوتی "ئه‌من 1400 دۆنم عاردم هەیە، له سارەكی 84 هه‌زار تۆن په‌تاته به‌رهه‌م دێنم".
بەو پێیەی 30 ساڵی تەمەنی لە بەرهەمهێنانی پەتاتەدا خەرج كردووە، نادر عیزەت شارەزایی تەواوی لە بوارەكەیدا پەیدا كردووە و له‌باره‌ی چۆنیه‌تی چاندنی پهتاتهوە دەڵێ "په‌تاته هونه‌ری خۆی هه‌یه، ده‌بی فه‌لاح زۆر شاره‌زا بی، دەبی عارد باش بكێڵدرێ، نابی ئاوی له‌سه‌ر ڕاوه‌ستی، چونكە ئەگەر عاردەكە ئاوگیر بیت پهتاتهكە گه‌نی ده‌بی".
24 خێزان به‌رده‌وام لە كێڵگەی ئەو جووتیارە كار دەكەن، زه‌وییه‌كانی دەكێڵن و ئاودان و چاودێری بۆ دەكەن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له وه‌رزی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی په‌تاته‌دا رۆژانه له نێوان 400 بۆ 500 كه‌س كاری بۆ ده‌كه‌ن، وه‌ك خۆی ده‌ڵێ له روڤیا به‌هۆی زۆری چاندنی په‌تاته هه‌ندێك جار كرێكار ده‌ست ناكه‌ون، بۆیه به ناچاری له ئاكرێ و كه‌مپی ئاواره‌كان كرێكار دێنن، بەم شێوەیە به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان به تایبه‌تی په‌تاته، بێكارییان له ناوچه‌كه بنبڕ كردووه.
دڵدار ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌دئه‌مین به‌رێوەبه‌ری به‌شی كشتوكاڵی روڤیا، له‌باره‌ی به‌رهه‌می په‌تاته له سنووره‌كه بۆ (گڵكه‌ند) گوتی خاكی "ناوكوڕ" زۆر گونجاوه بۆ چاندنی په‌تاته، ساڵانه له هه‌ردوو وه‌رزی به‌هار و پایز په‌تاته ده‌چێندرێت، سێ مانگیش پێویسته بۆ كامڵبوونی، تاوه‌كو ئاماده‌بێت به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی.
ئاماژه‌ی به رێژه‌ی به‌رهه‌می په‌تاته‌ی سنووره‌كه‌ش كرد و گوتی نزیكه‌ی 140 جووتیار كاری به‌رهه‌مهێنانی په‌تاته ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ساڵانه له‌سه‌ر رووبه‌ری 2500 دۆنم زه‌وی، نزیكه‌ی 250 هه‌زار تۆن په‌تاته به‌رهه‌م دێت كه رێژەی 40٪ی کۆی بەرهەمی پەتاتە لە کوردستان پێک دەهێنێت.
هەروەها باسی پاڵپشتیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ جووتیاره‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه، بەوەی كاره‌بای نیشتمانی كێڵگه‌كانی په‌تاته له بازرگانییه‌وه كراوه به كشتوكاڵی، بۆ ئه‌وه‌ی تێچووی كاره‌با له‌سه‌ر جووتیاره‌كان كه‌م بێته‌وه، هه‌روه‌ها دروستكردنی چه‌ندین ساردكه‌ره‌وه له سنووره‌كه كه توانای هه‌ڵگرتنی زیاتر له 280 هه‌زار تۆن په‌تاته‌یان هه‌یه.
له‌باره‌ی چۆنیه‌تی ساغكردنه‌وه‌ی بەرههمی په‌تاته‌ی سنوورهكهشەوە گوتی پێویستی ناوخۆیی پڕ ده‌كەنه‌وه و هه‌نارده‌ی پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقیش دەكەن، ته‌نانه‌ت له دوو ساڵی ڕابردوودا پەتاتەیان هه‌نارده‌ی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ش كردووه، وه‌كو ئیمارات و سعوودییه، هه‌روه‌ها دوو كۆمپانیای ناوخۆیی له سنووره‌كه هه‌ن، تۆ و مادده‌ی كیمیایی به جووتیاران ده‌ده‌ن و به‌رهه‌مه‌كانیان لێ ده‌كڕنه‌وه، به‌شێكیشیان لێ ده‌كرێت به فینگه‌ر و چپس.
لای خۆیەوە عه‌قیدی مافپه‌روه‌ر عه‌لی جاسم محه‌مه‌د به‌رپرسی بنكه‌ی پۆلیسی شاره‌دێی روڤیا، به‌رده‌وامیی پێشكەوتنی كه‌رتی كشتوكاڵ و زۆربوونی بەگەڕخستنی دەستی کاری نێوخۆیی به هۆكاری سه‌ره‌كیی ده‌زانێت له كه‌مبوونه‌وه‌ی تاوان له سنووره‌كه‌دا و دەڵێ له هه‌ر شوێنێك هه‌لی كار زۆر بێت، رێژه‌ی تاوان روو له كه‌مبوونه، چاندنی به‌رهه‌می په‌تاته‌ش له روڤیا به‌و رێژه زۆره‌ی ئێستا هه‌یه، تاوانه گه‌وره‌كانی وه‌كو كوشتنی سفر كردووەته‌وه.
عه‌قیدی مافپه‌روه‌ر ئاماژه‌ی به رۆڵی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش دا كه گرنگی زۆری به كه‌رتی كشتوكاڵ داوە، كە وای كردووه هه‌لی كار زیاتر بڕه‌خسێت و خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه سه‌رقاڵ بن به كاری كشتوكاڵی و خۆیان به دوور بگرن له كاری نایاسایی.