کیژەی جامانه، كە ناوی هودا حەسەنە و تەمەنی 26 ساڵە، بەر لە چوار ساڵ دامەزراندنی براندێکی مۆدێرنی جلوبەرگی كوردی راگەیاند، كە پشت بە تێكستوری جامانە دەبەستێ و لە سرووشتی كوردستانەوە ئیلهام وەردەگرێت.
كەمپەینێكی زانكۆ دەبێتە هێوێنی (جامانە)
هودا حەسەن كاتێك قوتابیی قۆناغی دووی زانكۆی كوردستان بووە لە هەولێر، بەشداریی لە دیزاینی هەڵمەتێكدا كردووە لەبارەی هاندانی گەنج بۆ بەشداریی دەنگدان و سوودی زۆری لێ بینیوە و بیركردنەوەی لەمبارەیەوە گۆڕیوە، وەك خۆی دەڵێ "دوایێ بەخۆم گۆت ئەوەی لەو كەمپەینە وەرمگرت، نایەڵم بەخەسار بچێ، ئیتر كە كۆرۆنا پەیدا بوو لۆی دانیشتم".
بەم شێوەیە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و كەرەنتین لەبری ئەوەی ببنە ڕێگر، بوونە هەلێكی باش بۆ هودا تا پلان بۆ براندەكەی دابنێت، لەوێوە بیرۆكەی (جامانە) سەری هەڵدا، دەستی كرد بە دروستكردنی لۆگۆ و چەند دیزاینێكی جلوبەرگ بە بەكارهێنانی نەخش و تێكستووری جامانە.
چۆن بیری لە (جامانە) كردەوە؟
هودا لە ژیانی خۆیدا چەند جارێك گەشتی دەرەوەی كوردستانی كردبوو، دەیبینی هەر شارێك بە كۆمەڵێك ئادگار و مۆرك و تایبەتمەندیی خۆی دەناسرێتەوە، بەلایەنی كەمەوە لە هەر شارێكدا دوكانی فرۆشتنی شمەكی تایبەت بەو شارە و دوكانی فرۆشتنی یادگاری (سۆڤینێر-souvenir) هەن، گەشتیار لەگەڵ خۆیاندا ئەو شمەكانە دەكڕن و دەیانبەنەوە وڵاتی خۆیان و هەڵیاندەگرن.
ئەو كیژە هەولێرییە دەشڵێ كاتێك لە زانكۆ بوو خەڵكی بیانی زۆری دەبینی و تێكەڵیان دەبوو، بەڵام جگە لە جلوبەرگی كوردی، هیچ شمەكێكی كوردەواریی شك نەدەبرد كە بشێت بۆ یادگاری و بە دیاری بە كەسێكی بیانی ببەخشێت. بۆیە بیری لەوە كردەوە براندێك بئافرێنێت كە كوردەوارییانە و سادە و مۆدێرنیش بێت، بەم شێوەیە بیرۆكەكەی لە (جامانە)دا كۆ كردەوە.
پەیامی (جامانە)
كاتێك دیزاینی پارچەیەكی نوێی (جامانە) دەكات، بیر لەوە دەكاتەوە گوزارشت لە كوردبوونی ئەو كەسە بكات كە دەیپۆشێت، جا بە شێوەی مۆدێرن بێت یان كلاسیك، هەروەها دەیەوێ پارچەیەك بێت كاتێك لە ئاهەنگێكدا دەپۆشرێت، كولتووری كوردی بە شێوەیەكی جیاواز و ئەرێنی پێشان بدات، هودا پێی وایە جلوبەرگی كوردیی كچانە و كوڕانەش ئاسان نییە لە هەموو بۆنەیەكدا بپۆشرێن، بۆیە ئەو هەوڵ دەدات چەند پارچەیەكی كوردیی نوێ دابهێنێت كە پۆشینیان ئاسان و خۆش بێت.
چیڕۆكی (ئاخابانوو)
ساڵ ساڵی 2021ە، ئەو كاتە هودا تەمەنی 23 ساڵە، لە سەروبەندی ڕاگەیاندنی بڕاندە نوێیەكەی دایە، نەخشی دوورینی چەندین پارچەی ڕەنگاوڕەنگی كوردی لە خەیاڵدا گوزەر دەكەن، لەناكاو بڕیار لەسەر دوورینی یەكەم پارچە دەدات، دیزاینەرێكی هاوڕێی دەدۆزێتەوە و بیرۆكەكەی تێدەگەیەنێ، شتێكی باشی لێ دەردەچێ، هودا دەڵێ ئەگەرچی تەواو بە دڵی نەبوو، بەڵام ئیشەكەیان پێك هێناوە و یەكەم كۆڵێكشنیان بە ناوی (ئاخابانوو) كرد، كە لە جامانە دروست كرا، بریتی بوو لە تەوقە و ئێلەگ، ئیتر مایەوە كیژە مۆدێڵ و وێنەگر بێن، بەم شێوەیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ڕایانگەیاند و دەستیان بە هەڵمەتی فرۆشتنی كرد كە بریتی بوو لە ماسكی جامانە.
هودا دڵخۆشە بەوەی یەكەم كۆڵێكشنی بڕاندەكەیان بەو ناوە كردووە و دەڵێ بەپێی سەرچاوەكان، ئاخابانوو گوزارشت لە پشتیوانیی پیاوی كورد بۆ ژنی كورد دەكات وەك تەواوكەری یەكتری، ڕەنگی ڕەشی پارچەكە گوزارشت لە ئاغا و ڕەنگی سپییش گوزارشت لە بانوو دەكات كە لەناو نەخشی جامانەكەدا تێكەڵی یەكتر بوون.
ماسكی جامانە
ماسكی جامانە بەشێك بوو لە كۆڵێكشنی (ئاخابانوو)، لە سەردەمی پەتای كۆرۆنادا برەوێكی گەورەی پەیدا كرد، چەند هەزار دانەیەكی لێ فرۆشرا، خەڵك هەر بەوە نەوەستان لە بڕاندی جامانە بیكڕن، بەڵكو وەك هودا دەیگێڕێتەوە، دەست كرا بە كۆپیكردنی و ژمارەیەكی زۆر لە ماسكی ناڕەسەنی جامانە لە بازاڕ فرۆشران، كار گەیشتە ئەوەی دیپلۆماتكار و نوێنەرانی وڵاتانیش لەو كۆپیە بكڕن، هودا چەند دڵتەنگ بوو بەوەی كۆپییەكە بە دیزاینێكی ناحەز كرابوو، شێوە ڕەسەنەكەی ماسكی جامانەیان شێواندبوو، هێندەش دڵخۆش بوو پێی، چونكە پێی وابوو ئەو چاولێكەری و كۆپیكردنەوەیە بە مانای سەركەوتنی بڕاندەكەی دێت، كە زۆر زوو شوێنی خۆی گرتووە.
كۆڵێكشنی جۆڵا
هودا و هاوڕێیەكانی بەردەوام بوون لە دروستكردنی پارچەی نوێی جلوبەرگی (جامانە) و چەند كۆڵێكشنێكی تریان بەرهەم هێنا، لە ناویاندا (جۆڵا)، كە شێوازێكی جیاوازی هەبوو، چونكە لەسەر داوای راستەوخۆی كچان و كوڕان دروستیان دەكرد، ئەو كەسەی (جۆڵا)ی بۆ دەدوورا، لە دیوی ناوەوەی ئێلەگ یان ڤێستەكە ناوی بە كوردی دەنووسرا، (جۆڵا) ڕەنگی ڕەشە، لە دیوی دەرەوە و ناوەوەیدا جامانە بەكار هاتووە، لە قوماشی كر یان شاڵ دروست دەكرا.
كۆڵێكشنی ژاڵە
ژاڵە، كۆڵێكشنێكی تری جامانەیە، بە ڕەنگە كەسكەكەی و گوڵە پەمبەكەی دەناسرێتەوە، ئەو پارچە قوماشە بە گشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكاردێت، بەڵام بۆ كورد تایبەتمەندیی خۆی هەیە. هودا دەیگێڕێتەوە "ڕۆژەك لەگەر برادەران پیاسەی ناو سرووشتمان كرد، لە جێیەكی عاسێ ئەو گوڵە پەمبەم دیت دەگەشاوە، گەلەك سەرنجڕاكێش و پڕ هیوا بوو، یەكسەر گۆتم دەبی كۆڵێكشنەكی لێ دروستكەم".
بەم شێوەیە لە ماوەی چوار ساڵدا، جامانە زیاتر لە 17 كۆڵێكشنی دروست كردووە، كە هەندێكیان بە هاوبەشی بووە لەگەڵ كەسانی خاوەن بیرۆكە، هودا لەمبارەوە دەڵێ "جاری وا هەبووە كەسێك بیرۆكەیەكی جوانی هەبووە، ئێمەش لای خۆمانەوە بە هاوبەشی بیرۆكەكەمان وەبەر هێناوە، لەوانەش كۆڵێكشنی (سوپاس)".
كاردانەوەكان
هودا باسی كاردانەوەی خەڵك دەكات بۆ بەرهەمەكانی جامانە و بە پێكەنینەوە سەربوردەی ئەو ڕۆژە دەگێڕێتەوە كە كۆڵێكشنی ئاخابانوویان لەبەر دوو مۆدێڵ كردووە و چوونەتە بازاڕی قەیسەریی هەولێر، لەوێ پیرەمێردێك هەڵیداونەتێ "جەمەدانی لۆ سەر دروست كرایە، ئەنگۆ لۆ لەبەرتان كردیە؟". بەڵام هودا دەڵێ بە گشتی كاردانەوەی بەتەمەنەكان ئەرێنی بووە و هەندێكیان زۆر كەیفیان پێ هاتووە، ئەمەش وای لێ كردووە بیر لە دروستكردنی كۆڵێكشنێك بۆ ژن و پیاوی بەتەمەن بكاتەوە و لە بۆنەیەكدا جلوبەرگەكان بە بەشداریی چەند ژن و پیاوێكی بەتەمەن وەك مۆدێڵ بخاتە ڕوو، دەشڵێ كە هەندێك گەنج بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو كاردانەوەیان نەرێنی بووە بۆ بەرهەمەكانی جامانە و پێیان وا بووە كە نابێ ئەركی جامانە لە داپۆشینی سەری پیاوەوە بگۆڕدرێت بۆ جلوبەرگی پیاوانە یان ژنانە.
بۆ پلانی داهاتووش، بە نیازن بەرهەمەكانی جامانە بگەیەننە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، هەروەها لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانیشدا بەشێوەیەكی بەربڵاوتر بە بازاڕی دەكەن. سەرباری پلانی دانانی بەرهەمەكانیان لەناو فڕۆكەخانەكانی كوردستان.