قەڵاتی هەولێر سێ دەرگای هەبووە، دەرگای گەورە و دەرگای ئەحمەدی..
ناوی دەرگای سێیەمم بیر نەماوە، تەلەفۆنێکم بۆ هاوڕێ و مامۆستام دڵشاد عەبدولڵای شاعیر کرد، خۆشبەختانە ئەویش ناوی دەرگای سێیەمی بیر نەهاتەوە.
بە دەرفەتم زانی و وەختی هات دەرگای سێیەمی قەڵات ناو بنێم: دەرگای زایەری، ئەم دەرگایە دەتباتە ناو حەمامی قەڵاتێ و تیایدا خەم و هونەر و هەڵوێست بخووسێن، دەتباتەوە ناو ماڵە تاق پڕ لالەکان و دەتوانی دەستی خەیاڵ درێژ بکەیت و لە چینی بنی بنەوەی ئەو نوێنانەی سەر کانتۆری بووراق وردە دوعای دایکان و وردە عانەی حەڵاڵی باوکەکان دەربهێنی..
دەرگای زایەری، دەرگای بەهرە و متمانەیە، دەرگای پاکەکان و چاکەکانە، دەرگای ئەو کەسانەیە سوهراب گوتەنی: کە گوڵێک دەبینن پێی دەڵێن، خانم.
ببینن ئەو دەرگایە چۆن کات و شوین دەشێوێنێ: کات دەکاتە شوێن، ئەوە نییە تەمەنی زایەر عەبدولڵا بۆتە شوێن و ئەوانەی رێزی بەهرە دەگرن تیایدا نیشتەجێن؟
ببینن چۆن شوێن دەکاتە کات: ئەوە نییە تەیراوە شوێنە و بۆتە کات؟ کاتێک کە تام دەبەخشێتە منداڵی و گەنجی و پیریمان..
لە وەفاتی خارە زایەری برا و هاوڕێمدا وێڕای خەمی لە دەستدانی، خەمێکیتر سەری خواردووم:
دەڵێن کە مردووێکی تازە دەنێژن، مردووە کۆنەکان دەچنە سەردانی: هەم بۆ بەخێرهاتن و هەمیش بۆ پرسیارکردن لە ئەولاد و خزمەکانیان..
خارە زایەر تازە نێژراوە و خەمی ئەوەمە باوکم بچیتە لای و هەواڵی ئێمەی لێ بپرسێت، تاهیر بچیتە لای زاهیر و بپرسێ: وڵات کوە؟
من ئازیزی خۆم دەناسم و دەزانم خارە زایەر درۆ نازانێت و وەکو خۆی شتەکان دەگێڕێتەوە..
داخی گرانم، ئیتر بابم لەو دنیا تێدەگا ئەو لافاوی نوحەی لە منداڵیدا فێری دەکردین، لەم سەردەمەدا: بەشی پەڕینەوە لە جۆگەلەیەک ناکا!