ئیسماعیل بەگی رواندز بەری ١٠٠ ساڵ داوای سەربەخۆیی و مافی کوردی کردووە
دوین ئاریان
مێژووی رواندز تژی کەسایەتیی سیاسی، ڕۆشنبیری و هونهرییە، ئیسماعیل بەگ رواندزی یه‌كێكە له‌وانەی ڕۆڵی گه‌وره‌یان له بزاڤی ڕۆشنبیری و سیاسیی كوردستان و عێراقیشدا گێڕاوە.
ئەو ساڵی 1895 له رواندز لەدایك بووه. كوڕی سه‌عید به‌گ كوڕی عه‌بدوڵڵا پاشای كوڕی به‌كر به‌گە. هێشتا ته‌مه‌نی بچووك بووه، باوكی کوژراوە و له‌علی خانی دایكی کە ئەویش لە بەگزادەکانی ناوچەکە بووە، په‌روه‌رده‌ی کردووە و گرنگی بە خوێندنی داوە.
ئەو جگە لە زمانی کوردی، زمانه‌كانی ئینگلیزی، توركی، عه‌ره‌بی، فارسی و فه‌ره‌نسیشی زانیوە، له ساڵی 1919 ئینگلیزه‌كان وەک حاكمی ڕواندز دەستنیشانیان کردووە.
ئەو کەسایەتییە باڵایەی رواندز، یه‌كه‌م كورد بوو له دوو خولی سەرەتایی په‌رله‌مانی عێراق ئەندام بووە و ئەوکات، لە سەرەتای سەدەی بیستەم داوای دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی کردووە.
ئیسماعیل بەگ یەکەم ئۆتۆمبێلی بردووەتە رواندز و کەسێکی خوێندەوار و دۆستی کتێب و زانیاری بووە، کتێبخانەیەکی گەورەی لە دیوەخانەکەیدا هەبووە و لە یەکەم شانۆگەری بە ناوی شانۆگەریی نیرۆن لە رواندز، ئامادە بووە.
یاسین ئیبراهیم، نووسه‌ر و توێژه‌ری مێژوویی و خەڵکی ڕواندز، لە توێژینەوەیەکدا ئاماژە بە کارامەیی و لێهاتوویی ئیسماعیل بەگی رواندز دەکات و دەڵێ، ئەو لە قوتابخانەی روشدییە لە رواندز خوێندوویەتی. کاتێ ئینگلیزەکان رواندزیان داگیر کردووە، بەهۆی لێهاتووییەکەیەوە، ئەویان لە تەمەنی 24 ساڵیدا کردووەتە حاکمی ناوچەکە و نوێنەری خۆیان.
دوای دامەزراندنی پەرلەمان لە عێراق لە ساڵی 1925، ئیسماعیل بەگی رواندز وەک نوێنەری هەولێر، بووەتە ئەندامی پەرلەمان و رۆڵێکی کوردانەی باشی گێڕاوە. لە ساڵی 1926 یاداشتێکی داوەتە حکوومەتی ئەوکاتی عێراق و تێیدا داوای کردنەوەی یانەیەکی هۆشیاری بۆ بڵاوکردنەوە و وەشان بە زمانی کوردی، کردووە.
ئیسماعیل بەگی رواندز له یاداشتەکەیدا، جگە لە برەودان بە زمانی کوردی، ئه‌م داواكارییانه‌ی هه‌بوو:
- مافی كورد له‌به‌رچاو بگیرێت
- دانانی دامه‌زراوه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كوردستان کە باره‌گاكه‌ی لە هه‌ولێر یان كه‌ركووک بێت، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا له ڕێگه‌ی مه‌ندووبی سامیی بەریتانییەوە بێت.
هەر لە یەکەم خولی پەرلەمانی عێراق، ئیسماعیل به‌گ داوای له پەرلەمان كردووە کار بۆ نەهێشتنی جیاکاری له نێوان لیواكانی عێراق و لیواكانی كوردستان (پارێزگاکان) بکەن. ئەو بەردەوام هەوڵی بۆ به‌دیهێنانی مافی ئۆتۆنۆمی بۆ كورد داوە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، دوای کردنەوەی خوێندن بە زمانی کوردی، کەسایەتی و ئاغـا و بەگزادەکانی ناوچەکە لە دیوەخانی ئیسماعیل بەگ کۆبوونەتەوە و بە نامەیەک بۆ سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، سوپاسگوزاریی خۆیان نیشان داوە.
ئیسماعیل بەگی رواندز لە ساڵی 1928یش وەک نوێنەری رواندز بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردراوەتەوە و لەگەڵ ئەندامە کوردەکانی دیکەی پەرلەمان، بەردەوام هەوڵیان بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کوردستان بەتایبەت مافی خوێندن بە زمانی کوردی، کردووەتەوە.
ئارچیباڵد هامیلتۆن (1898-1972)، کە ئەندازیارێکی ئیوزیلەندی بوو و رێگای بەستنەوەی باشووری کوردستانی بە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دروست کرد، لە یاداشتەکانی خۆیدا بەم شێوەیە باسی ئیسماعیل بەگی کردووە:
ئیسماعیل به‌گ هه‌رده‌م به ئاواتی پێشكه‌وتن و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوو، له‌لای ئێمه ده‌یگوت ده‌بێ ڕۆژێك دابێ كوردستان وه‌ك سویسرای لێ بێت! هه‌روه‌ها له‌و بیر و باوه‌ڕه‌دا بوو، به‌كردنه‌وه‌ی ڕێگای گه‌لی عه‌لی به‌گ ئاواته‌كه‌ی دێته دی، هه‌رده‌م ده‌ستی یارمه‌تی بۆمان درێژ ده‌كرد و هانی ده‌داین تا پڕۆژەكانمان سه‌ركه‌وتوو بێت.
ئەو بەگزادەیەی رواندز، هەر بۆ چەسپاندنی مافە مرۆیی و سیاسییەکانی گەلی کوردستان، بووەتە ئەندامی پارت و کۆمەڵە کوردستانییەکانی وەک (ئازادیی کوردستان) و (خۆییبوون) و لەسەر ئاستی عێراقیش بووەتە ئەندامی (پارتی پێشکەوتن)، کە پارتێکی عێراقی بووە و عەبدولموحسین سەعدون سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق (1922) دایمەزراندبوو.
ره‌نگین ئیبراهیم موسته‌فا، توێژەر و نووسەر لە سۆران، لە توێژینەوەیەکدا پێی وایە ئینگلیزەکان بەهۆی ناوداریی بنەماڵەکەی، زمانزانی و دانایی خۆیەوە، ئیسماعیل بەگیان وەک نوێنەری خۆیان کردە حاکمی ئینگلیز لە رواندز.
ئیسماعیل به‌گی ڕواندز بەردەوام جەختی لە یەکڕیزی و تەبایی کورد کردووەتەوە و بە هۆکاری پێشکەوتن و سەربەخۆیی زانیوە. هەر ئەو ناتەباییەش (ناکۆکییە ناوخۆییەکان) بووە هۆی کوژرانی لە مانگی حوزەیرانی 1933 لە نێوان هەولێر و رواندز و تەرمەکەشی، لە رواندز بەخاک سپێردرا.
بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان، لەعلی خان دوای کوژرانی ئیسماعیل بەگی تاقە کوڕی، نەیهێشت دیوەخانەکەی کە لە کۆشکێکی گەورەی رواندز بوو، بکرێتەوە، لە کاتێکدا ئەو دیوەخانە پێشتر جێی کۆبوونەوە و دانیشتنی گەورەپیاوانی سەردەمی خۆی بوو.