موسڵمان و كریستیانەكانیش سەردانی مەزارەكەی دەكەن
هێمن بابان رەحیم
مەزاری پەیامبەر ناحوم یەکێک لە پەیامبەرانی جوو لە شارۆچکەیەکی کوردستان بووەتە هێمایەک بۆ پێکەوەژیانی ئایین و پێکهاتەکان، مەزارەکە دەکەوێتە شارۆچکەی ئەلقوش کە کریستیان و ئێزدی و شەبەک و عەرەبی موسوڵمان پێکەوە دەژین، ئەو مەزارە بەتەنیا جووەکان سەردانی ناکەن، بەڵكو موسڵمان و کریستیانیش بە پیرۆزی دەزانن.
نموونەیەک لە تەلارسازی و تابلۆی بە عیبری نووسراو
لەنێو دەیان کەنیسە و دێر و شوێنی پیرۆزی کریستیانەکان، لەپاڵ خاچەکانی عیسای پەیامبەر و لە یەکێک لە کۆڵانەکانی گەڕەکی کۆنی (قاشا) لە باکووری رۆژئاوای ناحیەی ئەلقوش گۆڕی یەکێک لە پەیامبەرەکانی خودا هەڵکەوتووە کە بووەتە شوێنێک بۆ سەردانیکردن لەلایەن رۆڵەی پێکهاتە و ئاینە جیاوازەکانەوە.
ناحومی پەیامبەر یان ناحومی ئەلقوشی کە خەڵکی ناحییەکە ئەم ناوەی دوایینیان لەلا باشترە بەو پێیە ناوی لەگەڵ ناوی ناوچەکە پێکەوە دەبەسترێتەوە، یەکێکە لەو پەیامبەرانەی ناوی لە کتێبی پیرۆزی کۆن و کتێبە پیرۆزەکانی دیکەدا هاتووە، بەڵام مەزارەکەی بووەتە شوێنی کۆکەرەوەی هەموو ئاین و ئاینزاکان.
ناحیەی ئەلقوش یەکێکە لە ناحیەکانی سەر بە قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک، نزیکەی 20 کیلۆمەتر لەشاری دهۆکەوە دوورە، هەرچەندە دانیشتووانی شارۆچکەکە کریستیانن، بەڵام دەیان گوندی هەیە دانیشتوانەکەی کوردی ئێزیدی و عەرەب و شەبەکن.
دەروازەی مەزارەکە دەرگایەکی بەردینە و ژمارەیەک ئاماژە و وێنەی کۆنی لەسەر نەخشێندراوە، بەردە گەورەکانیش بۆ دروستکردنی زەویی مەزارەکە بەکار هاتوون، هەرچی دەرگا دارینەکانییەتی بە مس و ئاسن نیگاریان لەسەر نەخشێندراوە و تێپەڕینی رۆژگار نەیتوانیوە بیانسڕێتەوە.
لە ژوورەوەی باڵەخانەکە و لەسەر دیوارەکانی شەش تابلۆی هەڵواسراو بە زمانی عیبری نەخشێندراو دیمەنێکی تایبەتیان بەخشیوە، لە ناوەڕاستی ژوورەکەشدا گۆڕێکی نزیک بە دوو مەتر درێژ و یەک مەتر بەرین هەیە کە بەرزییەکەی نزیکەی یەک مەتر و نیو دەبێت و چەند چینێک قوماشی سەوزی پێدا دراوە کە بەپێی پرسیارەکانمان رەنگی سەوز لەلای جووەکانیش ئاماژەیەکی پیرۆزە و رەنگێکی جێبایەخە.
لەبارەی مێژووی مەزارەکەوە، لارا زارا بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقوش بۆ (گڵکەند) گوتی ”مەزارەکە بۆ ناحییەکە تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە، لێرە هەموو پێکهاتەکان بەبێ کێشە پێكەوەژیانێکی جوانیان دروست کردووە، کە دەکرێت پەندی لێ وەربگیرێت“.
زارا، کشتوکاڵ و هەرەوەزیی ئەلقوش بە سەرەتای دروستبوونی پێکەوەژیان لە دەڤەرەكەی دەزانێت و دەڵێ بەهۆیەوە خەڵک هاریکاریی یەکتریان کردووە. هەروەها ئاماژە بەوە دەكات كە مەزارەکە رۆڵی گەورەی لە ناحیەکە هەیە و بەشێکی گرنگە، بۆیە رۆژانە گەشتیاری بیانی و ناوخۆیی سەردانی دەکەن.
پەیامبەر و تەورات لە کوردستانن
ناحومی پەیامبەری جووەکان کە حەفتەم پەیامبەرە لەنێو سفرەکانی حەفت پەیامبەرە بچووکەکە لە تەمەندا، لە سەدەی حەفتەمی پێش لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح ژیاوە، ناوەکەی واتە خۆشەویست و ئەو یەکێک لە سفرەکانی کتێبی پیرۆزی کۆنی بۆ دابەزیوە و نووسیویەتیەوە، تێیدا پێشبینی رووخانی نەینەوا پایتەختی ئاشوورییەکانی کردووە، ئەوەش بە کردەیی لەسەر دەستی بابلی و میدییەکان لە ساڵی 612ی پێش زایین رووی دا.
مەزاری پەیامبەر ناحوم لە ساڵی 1796 بنیاد نراوە، بە درێژایی مێژوو چەندین جار رووبەڕووی کاری تێکدەرانە و پەراوێزخستن بووەتەوە، بەشێک لە باڵەخانەکە ڕووخاوە، بەڵام بە هەوڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە ساڵی 2020 نۆژەن کرایەوە و لە رووخان رزگار کرا.
رەنجدەر کۆهین کوردێکی جووە و سەرۆکی رێکخراوی ئارامیکە بۆ پەرەپێدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی، بە (گڵکەند)ی گوت ”جووەکان پێکهاتەیەکی دانەبڕاوی کۆمەڵگەی کوردستانیین و بەبێ کێشە هەموو پێکهاتەکان لە کوردستان ئازادن، ئێمە پێکهاتەیەکی رەسەنی ئەم وڵاتەین و بەشدار بووین لە لایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی پێکەوەژیان“. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە بە سەدان شوێن و مەزار و پێگەی جووەکان لە کوردستان ماونەتەوە.
هەروەها سەبارەت بە مەزاری پەیامبەر ناحومیشەوە روونی دەکاتەوە ”یەکێکە لە دیارترین شوێن و مەزارەکانی ئێمە کە خەڵکانێکی زۆر لە ئاینە جیاوازەکان سەردانی دەکەن و تەنیا موڵکی جووەکان نییە، بەڵکو موسڵمان و کریستیانەکان و ئاینەکانی دیکەش سەردانی مەزارەکە دەکەن و بە گرنگییەوە لێی دەڕوانن، چونکە هێمای پێکەوەژیانی پێکهاتەکانە“.
لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی ئەو رێکخراوە بە رەخنەوە دەڵێ بەشێک لە شوێنەوار و شوێنە پیرۆزەکان کاتێک نۆژەن دەکرێنەوە هێمای جووەکانیان لەسەر لادەدرێت وەکو ئەستێرەی داود یان نووسین بە زمانی عیبری.
سەرچاوەیەک بۆ راکێشانی گەشتیار
سەرچاوەکانی جوو، کوردستان بە کۆنترین شوێن و وڵات ناودەبەن کە ئەوانی تێدا راگوێزراونەتەوە لە سەردەمی بابلییەکاندا و رەچەڵەکی کوردە جووەکان دەگەڕێتەوە بۆ پێش دەرکەوتنی مەملەکەتی میدیا. ژمارەی کوردانی جوو بەر لە لێوەرگرتنەوەی ناسنامەی باری شارستانی و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵەکانیان لە ساڵی 1948، بە نزیکەی 50 هەزار مەزەندە دەکرێت.
لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948 رق و کینەیەکی زۆر لە دژی جووەکان لە عێراق دروست بوو، بۆیە بەناچاری روویان کردە دەوڵەتە تازە دامەزراوەکە، دوای ئەوەی هەڵمەتێکی رێکخراو بۆ دەرکردن بەزۆر ناردنیان بۆ ئەو دەوڵەتە دەستیپێکرد.
رەنجدەر کۆهین لەبارەی پێکەوە ژیانی ئاین و پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان دەڵێ ”جووەکان لە کوردستان هیچ کێشەیەکیان نەبووە، ئێستاش خەڵک وەکو پێکهاتەیەکی رەسەنی ئەم وڵاتە تەماشایان دەکەن“.
ئەو دەگەڕێتەوە بۆ باسکردنی مەزاری پەیامبەری جووەکان لە ئەلقوش و دەڵێ ”ئەم مەزارە بۆ ئێمە گرنگە، چونکە بەشێکی تەورات بەسەر ئەو پەیامبەرەی ئێمەدا دابەزیوە“.
سەبارەت بە بوونی مەزارەکەش لەنێو کریستیانەکانی ئەلقوش دەڵێ بەهۆی ئەوەیە كە پێشتر زۆرینەی دانیشتووانی ئەلقوش و ناوچەکانی دەوروبەری جوو بوون، بەڵام دواتر کریستیان و كوردی ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکە چوونە ناوچەكە و جووەکان کەم بوونەوە.
مەزارەکە پێشتر لەلایەن کەسێکەوە پارێزگاری لێ دەکرا بەناوی (نەسیر سامی) ئەو وەکو خۆی باسی دەکات زیاتر لە نیو سەدەیە کلیلی دەرگای مەزارەكەی لەلابوو و دەیپاراست و پاکی دەکردەوە، ئەمەش پێش ئەوەی لە ساڵی 2020 نۆژەن بکرێتەوە و بەڕێوەبەرایەتی شارۆچکەکە ئەو کارە بگرێتە ئەستۆ.
لەبارەی گەشتیارانیشەوە روونی دەکاتەوە ”بەهۆی ئەوەی یاساکانی عێراق رێگە نادەن، بۆیە ژمارەی گەشتیاران بەو پێیە نین کە چاوەڕوان دەکرێت، بەدڵنیاییەوە ئەگەر رێگە بەگەشتیاری بدرێت و پەیوەندییە کولتوورییەکان ئاسایی بکرێنەوە، رۆژانە بە سەدان کەس سەردانی ئەو مەزارە دەکەن، بەتایبەت جووەکانی جیهان، چونکە ئەو بابەتە رەهەندی سیاسیی نییە، بەڵکو مەبەست لەو ئاساییکردنەوە تەنیا بۆ رێگەپێدان و ئالوگۆڕی گەشتیارییە کە کاریگەریی لەسەر ئابووریی ناوچەکەش دەبێت“.
بەپێی زانیارییەکانی (گڵكەند)، مانگانە نزیکەی 150 گەشتیار سەردانی ئەو مەزارگەیە دەکەن کە بەشێکیان گەشتیاری بیانیین، بەڵام مەزارگەکە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بایەخێکی ئەوتۆی پێ نادرێت وەکو سەدان شوێن و پێگەی فەرامۆشکراوی گرنگ، گرنگیی شوێنەکەش لەلای جووەکان یەکێکە لە هۆکارەکانی بایەخپێنەدانی.
سەرۆکی ئەو رێکخراوە بە پێویستیشی نازانێت دەستێوەردانی سیاسیی لە بابەتی ئاین و پێکهاتەکان بکرێت و دەڵێ پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان رۆڵەی ئاینەکان دەبێت بێتە کایەوە.