مێژووی هونەر لە هەولێرێ
مێژووی هونەر لە هەولێرێ
December 16, 2024

تیپە هونەرییەكان

جەمال هیدایەت لە ساری 1958 یەكەم تیپی مۆسیقای بە ناوی تیپی مۆسیقای (دەرسیم) دامەزراند، ئەندامانی ئەو تیپەی لەوانە پێكهاتبوو: جەمال هیدایەت (سەرۆك)، واحید مەرجان، مونعیم مەزهەر، جەمال حەمەدەمین، نورەدین ئیبراهیم، زیائەدین نوری قەساب، مونیر داود، مستەفا ڕەئوف، عەبدوڵلا ئیبراهیم، عەدنان مەلا، ساڵح ئەحمەد بەننا و شەمسەدین عومەر، ئەو تیپە بەردەوام بووە لە چالاكی، بە تایبەتی لە دوای شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958، لە بۆنە و ئاهەنگەكاندا بەرهەمیان پێشكەش كردیە، پاش هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1961 و دەستپێكردنی شەڕ لە نێوان حكوومەتی عێراق و سەركردایەتی سیاسیی كورد، چالاكیی هونەری ڕووی لە كزی كرد و دەتانین برێین هەر نەما.
پاش كودەتای عەبدولسەلام عارف (1921–1966) و بەعسییەكان لە 8/2/1963 چالاكیی هونەری ڕووی لە پووكانەوە كرد، بە تایبەتی سەردەمی بەدرەدین عەلی موتەسەریفی هەولێرێ، كە كەسەكی توندڕەو بووە و مامەڵەی لەگەر دانیشتوانی شارەكەی خراپ بووە، تەنانەت تۆڕێكی سیخوڕی لۆ چاودێریكردنی خەركی هەولێرێ دروست كردبوو، مۆڵەتی فەرمیشی بە تیپی دەرسیم نەدابوو، بەبیانووی ئەوەی ناوەكەی ناوی یێكەك لە شارەكانی كوردستانی توركیایە، هەرچەندە جەمال هیدایەت ڕەتی كردەوە هۆكاری پێنەدانی مۆڵەت بە تیپەكە لەبەر ئەو ناوەی بووبی، بەران كاتەك عەبدولمونعیم مەسرەف بووە موتەسەڕیفی هەولێرێ، چالاكی هونەری دەستی پێكردەوە، هەر لەو ماوەیەیدا و لە ساری 1961 لەناو شۆڕشی كورد یەكەمین سروودی شۆڕشگێڕی لە شیعری(مەدحەت بێخەو) بە دەنگی فوئاد ئەحمەد بە ناوی (ئێمە پێشمەرگەین هەتا ماوین لە ژین) تۆمار كرا، پاش

ان بە هۆی گڕوتین و دەنگدانەوەی سروودەكە، بە فەرمانی مەلا مستەفا بارزانی ئەو سروودە دەكرێتە مارشی شۆڕش و، لە پاش پارچە مۆسیقایەكەی چەمی ڕێزان پەخش كرایە.
ئەو گۆرانیبێژانەی لەو سەردەمەیدا دەركەتن ئەوانە بوون: فوئاد ئەحمەد، یەحیا مەرجان (1936-2016)، تەحسین تەها، عومەر دزەیی، عەبدوڵلا دڵسۆز، عوسمان شارباژێڕی و چەندانی دیكە.
لە ساری 1968 تیپی سەندیكای مامۆستایان دادەمەزرێ، یەحیا مەرجان سەرۆكی ئەو تیپەی بووە و (15) ئەندامی میوزیكژەنی هەبووە، لە دیارترین ئەندامەكانی چەتۆ حەسەن، جەمال هیدایەت، تەحسین تەها، واحید مەرجان، شێرزاد عوزێری و مستەفا رەئوف بوون.
لە پاش ڕێكەوتننامەی 11ی ئازاری 1970 و پێدانی ئۆتۆنۆمی بە كوردستان، بارودۆخێكی نوێ ڕەخسا و هونەریش وەكی هەموو بوارەكانی دیكە بووژاوە و چالاكیی هونەریی دەستی پێكردەوە، لۆیێ هەر لەو سارەی سەباح عەبدولڕەحمان داواكارییەك لۆ پارێزگاری هەولێرێ خالید عەبدولحەلیم بەرز دەكاتەوە، تا ڕێگایان بدات لە هۆڵی شارەوانی ئاهەنگەكی گۆرانی و مۆسیقا ساز بكەن، ئەویش بە نووسراوی ژمارە (34/3850) لە 5/4/1970 وەرامی دابوونەوە و تا چالاكی بنوێنن، هەر لەو سارەیدا (تیپی یانەی وەرزشی هەولێر) دامەزرا، كە تیپێكی هونەری بوو، بە سەرۆكایەتیی شێرزاد محەمەد حوسێن (سەرسپی) و پێنج میوزیكژەنی دیكە، لە ساری 1971ش (تیپی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان)، بە سەرۆكایەتی شێرزاد محەمەد و حەفت ئەندامی دیكە دامەزرا، لە 1/2/1971 بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (712) تیپی هونەری هەولێر دامەزرا، ئەم تیپە بە سەرۆكایەتیی جەمال هیدایەتی بوو، زۆربەی ئەندامەكانی ئەوانە بوون كە لە تیپەكانی پێشتر ئەندام بوون و بەشداریی چالاكیی هونەریان كردبوو، ئەو تیپە بەردەوام بووە لە چالاكی و چەندین بەرهەمیان پێشكەش كردیە، لە 24/6/1972ش لقی هەولێری (كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی) مۆڵەتی كاركردنی پێدرا، چەندین گۆرانیبێژ لەو تیپەی ئەندامی سەرەكیی بوون، وەكو: سابیر عەبدولڕەحمان (ئەكتەر)، یەحیا مەرجان، چەتۆ حەسەنیش وەكو ژەنیاری ئۆكۆردیۆن، یەكەم سەرۆكی ئەو تیپەی سابیر عەبدولڕەحمان بوو، ئەو تیپە لە ماوەكی كورتدا تانی چەندین ئاهەنگی گۆرانی و مۆسیقا لە ناو شاری هەولێرێ و شارۆچكەكانی دیكەی كوردستان پێشكەش بكات، لەناو ئەو تیپەدا ئەم گۆرانیبێژانە بەرهەمیان پێشكەش دەكرد: قادر زیرەك، محەمەد جەزا، ئەكرەم خامۆش، شەوكەت تۆفیق، جەعفەر بەرزنجی، ڕەحمان قوربانی و وریا ئەنوەر، تاوەكو ساڵی 1973 (14) ئاهەنگی گۆرانی و مۆسیقایان لە هۆڵی گەل، شارۆچكەی عەنكاوە، شەقڵاوە، مەسیف سەڵاحەدین، گوێڕ، مەخمور، شارۆچكەی دیبەگە، گوندی قورشاغلو و شاری سلێمانی پێشكەش كردووە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved