لەم ڕۆژانەدا بەدوای یەکەمین ستۆدیۆی وێنەگرتندا دەگەڕام لە هەولێر، هاوار سدیق خاوەنی ستۆدیۆی (سەمیر ئەمیس) و کاک عەزیزی خاوەن ستۆدیۆی (فوئاد)م بەسەركردەوە، ئەوانیش یەقین نەبوون، پێیان وابوو یەکەم کەس کە ستۆدیۆی وێنەگرتنی لە هەولێر کردبێتەوە مەحموود حیلمی خاوەنی ستۆدیۆ (سپۆرت) بووە و لە دوای ئەویش (کەمالە کەڕ) و (جەمال داود) بووینە، بەڵام من دوودڵ بووم، تا لەم ئێوارانە چوومە سەر بیرەوەرییەکانی د. کوردستان موکریانی و هەموو ئەو راستییانەم بۆ دەرکەوت، کە یەکەمین کەس مامۆستا (گیو موکریانی) بووە، یەکەم ستۆدیۆی وێنەگرتنی لە هەولێر داناوە.
د. کوردستان موکریانی دەگێڕێتەوە ”باوکم لەژێر قەڵاتی هەولێر لە کۆتایی سییەکان و سەرەتای چلەکاندا شوێنێکی بەکرێ گرتووە، کە سووچێکی فراوانی ئوتێل (مەگەردیج) بووە، ستۆدیۆیەکی لەم شوێنە دامەزراندووە، کە لە شاری هەولێر بە یەکەمین ستۆدیۆی وێنەگرتن دەژمێردرێت، لەبەر دەرکی دوکانەکەیدا قووتوویەکی گەورەی (کۆداک)ی هەڵواسیوە و لەژێرەوەش نێوی وێنەگری هونەراوی چەسپاندووە“.
هەروەها ئەوەشی گێڕاوەتەوە ”د. مارف خەزنەدار چەند جارێک بۆی باس کردووم، ئەوسا لە هەولێرێ بە تەنێ دوو شوێن ناویان بە زمانی کوردی نووسرابوو، ئەوانیش ستۆدیۆی هونەراوی و باغی شار بوون. هەر بۆ ئەو مەبەستە باوکم لە ساڵی (١٩٢٥) لەگەڵ (حوزنی)ی برایدا روویان کردووەتە باشووری کوردستان و یەکەمین ئامێری کامێرای هێناوەتە باشوور و خۆی بە وێنەگرتن خەریک کردووە، هەر بە یەکەم کەسیش دەژمێردرێ کە کامێرای هێنابێتە ئەم شارە و باشووری کوردستان“.
مامۆستا گیو موکریانی لەم ستۆدیۆیەدا دەستی کردووە بە وێنەگرتنی کەسایەتیە دیارەکان و قوتابیانی هەولێر و دەوروبەری، بۆ نیشتەجێبوونی هەمیشەیی خۆی سەرەتا خانووێکی لە گەڕەکی (تەعجیل) بەکرێ گرتووە و لە دوایشدا گواستویەتیەوە بۆ گەڕەکی (تەیراوە) و بووە بە کرێچی (بیلال سەوزەچی) باوکی مێژوونووس زوبێر بیلال.
لەو کارەی بەردەوام بووە و بە تەواوی تێکەڵی خەڵکی هەولێر بووە، تا لە ساڵەکانی جەنگی جیهانی دووەم، شوێنی ستۆدیۆکەی گواستۆتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە (حوزنی) لە ساڵانی ١٩٣٤ و ١٩٣٥ ئامێری چاپخانەی تێدا دانابوو، ئەو چاپخانەیەی کە لە کاتی خۆیدا لە شاری موسڵ کڕیبووی، بەڵام دوای ماڵئاواییکردنی حوزنی لە ٢٠/٩/١٩٤٧، مامۆستا گیو موکریانی چاپخانەکەی لە رواندزەوە گواستەوە هەولێر و لە پاڵ ئامێرەکەیدا داینا، ئەوە بوو هەردوو ئامێرەکەی چاپ کەوتنە گەڕ و لە سەرەتای ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردوو توانی چەند ژمارەیەک لە رۆژنامەی (هەولێر) و فەرهەنگی رابەر و فەرهەنگی مەهاباد و فەرهەنگی کۆلکەزێڕینە و دەیان دیوانی پێ بە چاپ بگەیەنێ، ئەوکات ئەم چاپخانەیە تاکە دەزگای رۆشنبیری و شارستانیی شاری هەولێر بوو.
د. کوردستان موکریانی لە گێڕانەوەیەكی تردا ئاماژەی بەوە داوە هەرگیز ئەو هەڵوێستەی باوکی لەبیر ناچێتەوە، كە ساڵی ١٩٧٢ کۆمەڵێک هۆنراوەی خۆی لەنێو دیوانێکدا کۆ کردۆتەوە و ناوی لێ نابوو قاسپەی کەو، دکتۆر وریا عومەر ئەمین مۆڵەتی چاپکردنی لە وەزارەتی رۆشنبیریی بەغدا بۆ وەرگرتبوو، بەهیوا بوو باوکی لە چاپخانەکەی خۆیان ئەم دیوانەی بۆ چاپ بکات، کەچی بۆی چاپ نەکرد و پێی گوتبوو ”تۆ ئێستا مامۆستایت، مووچەیەکی باش وەردەگریت و مەسروفی کەسیش ناکەیت، دەتوانیت پارەکەت کۆ بکەیتەوە و لە چاپخانەی دیکە چاپی بکەیت، بەڵام سالم و نالی و وەفایی و ئەدیب و ئەحمەدی خانی، ئەوانە کەسیان نییە، من هەر هی ئەو بێکەسانە چاپ دەکەم، تا لە نەمان و فەوتان رزگاریان بکەم“، د. كوردستان دەڵێ ”بەڕاستی من هەرگیز
چاوەڕێی ئەم وەڵامەم لە باوکم نەدەکرد، بۆیە لەبەر دڵم گران بوو، لە هەمان کاتیشدا باوکم لەبەرچاوم گەورەتر بوو“.