چینییەكان چاویان بڕیوەتە داهاتووی هەولێر
چینییەكان چاویان بڕیوەتە داهاتووی هەولێر

قەبارەی وەبەرهێنان لەماوەی 18 ساڵدا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 71 ملیار دۆلاری ئەمریکی، بە زیاتر لە 44 ملیار دۆلار پارێزگای هەولێر زۆرترین وەبەرهێنانی تێدا کراوە کە رێژەی زیاتر لە 62.3٪ـی کۆی وەبەرهێنان پێکدەهێنێت، وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی کوردستانیشدا زیاتر لە 17 ملیار دۆلار بووە و کەرتەکانی گەشتیاری، نیشتەجێبوون و پیشەسازی زۆرترین وەبەرهێنانیان تێدا کراوە.

44 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە هەولێر کراوە
بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 1ـی ئابی ساڵی 2006ەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 71 ملیار و452 ملیۆن دۆلار.
پارێزگای هەولێر بە 556 پڕۆژەوە 44 ملیار و542 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی تێدا کراوە کە رێژەی 62.34٪ـی کۆی قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت، دواتر پارێزگای سلێمانی بە 18 ملیار و 263 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی دووەم دێت کە 25.56٪ـی کۆی وەبەرهێنان پێکدەهێنێت و 276 پڕۆژەی هەبووە.
پارێزگای دهۆک لە ریزبەندی سێیەم دێت کە 297 پڕۆژەی بە سەرمایەی 6 ملیار و 183 ملیۆن دۆلار تێدا کراوە و رێژەی 8.65٪ـی قەبارەی وەبەرهێنان پێکدەهێنێت، پارێزگای هەڵەبجەش شەش پڕۆژەی بە گوژمەی 41 ملیۆن و 17 هەزار دۆلار هەبووە.
لەنێو ئیدارە سەربەخۆکانیشدا گەرمیان بە پلەی یەکەم دێت کە 988 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی تێدا کراوە لەرێگەی 49 پڕۆژە، هەریەک لە زاخۆ و سۆران و راپەڕین بەدوای یەک قەبارەی وەبەرهێنان تێیاندا زیاتر لە 878 ملیۆن دۆلار، 377 ملیۆن دۆلار و 176 ملیۆن دۆلار بووە.
کۆی گشتی ئەو پرۆژانەی لەو ماوەیەدا لەرێگەی وەبەرهێنانەوە کراون هەزار و272 پڕۆژە بوون و 82 هەزار و416 دۆنم زەوییان بۆ تەرخانکراوە.

پیشەسازی، نیشتەجێبوون و گەشتیاری زۆرترین وەبەرهێنانیان تێدا کراوە
بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان کەرتی پیشەسازیی لەریزبەندی یەکەمی ئەو کەرتانەیە کە وەبەرهێنانیان تێدا کراوە کە بڕی زیاتر لە 24 ملیار و387 ملیۆن دۆلار بووە، رێژەی 34.13٪ـی کۆی قەبارەی وەبەرهێنان پێکدەهێنێت، ژمارەی پڕۆژەکانی ئەم کەرتەش 326 پرۆژە بوون.
کەرتی نیشتەجێبوون بەپلەی دووەم دێت کە رێژەی 30.16٪ـی قەبارەی وەبەرهێنان پێکدەهێنێت، قەبارەی وەبەرهێنان لەم کەرتە لەماوەی 18 ساڵی رابردوو بڕی زیاتر لە 21 ملیار دۆلار بووە و ژمارەی پڕۆژەکانیشی 226 پڕۆژە بوون.
کەرتی گەشتیاری لە ریزبەندی کەرتەکاندا بە پلەی سێیەم دێت کە قەبارەی وەبەرهێنان تێیدا زیاتر لە 14 ملیار دۆلار بووە، رێژەی 20.88٪ـی تەواوی قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت و ژمارەی پرۆژەکانیشی 202 پرۆژە بوون.
کەرتی بازرگانی یەکێکی دیکەیە لەو کەرتانەی بڕی زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تێدا کراوە و رێژەی 7.33٪ پێکدەهێنێت و 253 پڕۆژەی تێدا کراوە.
یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان - یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2006 ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەری بیانی و خۆماڵی دەکات بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان و لە کابینەی نۆیەمیشدا ئاسانکاریی زیاتر کراوە وەکو گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بۆ دەکات.
بەرگەشت ئاکرەیی، لەمبارەیەوە بە (گڵکەند) دەڵێ ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە مامەڵەکانی وەبەرهێنان بەخێرایی رایی بکرێن و ئاسانکاریی تەواو بۆ وەبەرهێنەران بکرێت“.

چین لە وەبەرهێنانی بیانی لە پلەی یەکەمدایە
ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەریدەخات لەو زیاتر لە 71 ملیار دۆلارەی قەبارەی وەبەرهێنانە لە 18 ساڵی رابردوودا قەبارەی وەبەرهێنانی خۆماڵی 60 ملیار و 84 ملیۆن دۆلار و قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی 10 ملیار و 68 ملیۆن دۆلار و وەبەرهێنانی تێکەڵیش یەک ملیار و298 ملیۆن دۆلار بووە.
لە وەبەرهێنانی بیانیدا وڵاتی چین زۆرترین وەبەرهێنانی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە کە رێژەی 6.87٪ـی کۆی وەبەرهێنانی بیانی پێکدەهێنێت، بڕی 4 ملیار و906 ملیۆن دۆلار قەبارەی وەبەرهێنانی ئەو وڵاتە بووە.
ئیماراتیش لە ریزبەندی دووەمدایە کە قەبارەی وەبەرهێنانی زیاتر لە دوو ملیار و529 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە و رێژەی 3.54٪ـی کۆی وەبەرهێنانی بیانی پێکدەهێنێت. دوای ئەو وڵاتەش تورکیا لە ریزبەندی سێیەم دێت کە زیاتر لە یەک ملیار و 240 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی کردووە.
هەرچی وەبەرهێنانە بەپێی ساڵەکانە لەساڵی 2006ەوە تاوەکو ساڵی 2024، زۆرترین وەبەرهێنان لەساڵی 2013 بووە کە بڕی زیاتر لە 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنان کراوە، دوای ئەو ساڵی 2021ە کە بڕی زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار وەبەرهێنان کراوە، ساڵی 2012ش لە ریزبەندی سێیەم دێت کە زیاتر لە شەش ملیار دۆلار وەبەرهێنان کراوە.
ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەریدەخات قەبارەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان واتە لەماوەی نێوان 28ـی تەمموزی 2019 تاوەکو کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری 2024 گەیشتووەتە 17 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار کە لەرێگەی 429 پرۆژەوە بووە.
وەبەرهێنانی بیانی لە کابینەی نۆیەمدا زیاتر لە چوار ملیار و 972 ملیۆن دۆلار، وەبەرهێنانی خۆماڵی زیاتر لە 12 ملیار دۆلار و وەبەرهینانی تێکەڵ زیاتر لە 37 ملیۆن دۆلار بووە.
هەولێر بە زیاتر لە 12 ملیار و 880 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی یەکەم و سلێمانی بە دوو ملیار و 742 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی دووەم و دهۆک بە 950 ملیۆن دۆلار لە پلەی سێیەم دێت، هەڵەبجەش زیاتر لە 33 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی تێدا کراوە.
لەکابینەی نۆیەمدا لە گەرمیان 602 ملیۆن دۆلار، لە سۆران 106 ملیۆن دۆلار، لە زاخۆ 53 ملیۆن دۆلار و لە راپەڕین 32 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان تێدا کراوە.
زۆرترین وەبەرهێنان لە کەرتەکانی گەشتیاری کراوە کە بڕی زیاتر لە حەفت ملیار دۆلار بووە و رێژەی زیاتر لە 42٪ بووە، دواتر کەرتی نیشتەجێبوون زیاتر لە چوار ملیار دۆلار بووە و رێژەی زیاتر لە 25٪ـی هەبووە، پاشان کەرتی پیشەسازی دێت کە زیاتر لە 18٪ بووە.
لە وەبەرهێنانی بیانی لە کابینەی نۆیەمدا چین زۆرترین وەبەرهێنانی هەبووە کە گەیشتووەتە 4 ملیار و 906 ملیۆن دۆلار و دوای ئەو لوبنان بە 48 ملیۆن دۆلار و پاشان تورکیا لە ریزبەندی سێیەم دێت.
لەو ساڵانەی کابینەی نۆیەمیشدا ساڵی 2021 بە زیاتر لە هەشت ملیار و 517 ملیۆن دۆلارەوە زۆرترین وەبەرهێنان کراوە، دواتر ساڵی 2023 دێت کە بڕی زیاتر لە دوو ملیار و410 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان کراوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved