بوکتۆک کۆمەڵگەیەکە لە ناو تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک. نووسەران و خوێنەران لە هەموو قوژبنێکی دنیا، لەوێ باس و پێشنیاری کتێب دەکەن، دەیناسێنن و ڕەخنەی لێ دەگرن، شەنوکەوی دەکەن. هەندێ جاریش لە ڕێی کۆمیدیاوە، خەڵک ئاشنای کتێب دەکەن.
دایمە پێم وایە، تۆڕەیلی کۆمەڵایەتی چەند زیانیان هەبێت، دە هێندە سوودیان هەیە، دەگەڕێتەوە سەر بەکاربەرەکە، کێهان ڕێ بگرێتە بەر، ڕاست یان چەپ. کوو وە بکەین بەکاربەری کورد ڕێیە ڕاستەکە هەڵبژێرێت، واتە، سوود لە تۆڕەیلی کۆمەڵایەتی وەكی بوکتۆک وەرگرێت؟
هەتا ئێوارێ بڕێسی، باسی سوودەکانی بوکتۆک بۆ کوردەبۆر بکەی، فایدەی نییە. کڵاشت دەدڕێ و چت پێ نابڕێت. تاک، خۆی هۆشیار نەبێ، بە هەزاری وەکی من هۆشیار نابێت. ئێ چار چییە؟ چار ماڵ و قوتابخانەیە.
دایباب لە منداڵان نەخوڕن لە ماڵێ، پەلزەفتیان نەکەن، مۆبایلیان لێ نەستێنن. چ بکەن؟ باشترین نموونە بن، منداڵانیش چاویان لێ دەکەن. بێتو دایباب بوکتۆک بەکار ببەن و بە منداڵەکانیان بڵێن، ”ئەها ئەو شتە لە تیکتۆک زۆر باشە، ئەمن سوودی لێ وەردەگرم“، ڕەنگە منداڵەکانیش بیجەڕبێنن. بەس بێتو دایباب هەتا نیوەی شەوێ تەماشای گەجەروگوجەری تیکتۆک بکەن، منداڵەکانیش چێتر نابن. ئەوجە بەختی مە، هەرچی فاشیل و چەرچیوپەرچی هەیە، ئەستێرەی تیکتۆکن.
دەبێ وەزارەتی پەروەردە بەشێک لە وانەی (ئای سی تی) تەرخان بکات بۆ تۆڕەیلی کۆمەڵایەتی. ئەرێ وەزارەت ئەقلی بەو شتانەدا دەشکێت؟
نووسەرێکی گەنج و بە بڕ هەیە: کامۆ ئاراز. ئەوێ ڕۆژێ لە یوتیوب ڕۆمانی ”پیاوی ناو تاریکی“ ناساند، کە هەر خۆیشی لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە. کوردەبۆر هۆشیار با، دەبا ئێستە ئەو ڤیدیۆیە زۆرترین نۆڕین (ڤیو)ی هەبا. ئیدی بەزمەکە ئەوهایە، خەڵک بێز لە شتی باش دەکەنەوە، مەگیرانیش دەکەن بە شتی هیچ.
بوکتۆک هەندە نییە هاتیتە گۆڕێ: ٢٠٢٠. لە دوو سەت ملیار زێتر نۆڕینی هەیە. فرۆشی کتێبی ئۆنڵاینی سەتا بیست و پێنج بەرز کردیتەوە. گەشەی چاپکردنی کتێبی لە ئەمەریکا سەتا نۆ زیاد کردیە.
ئەوێ ڕۆژێ لە کتێبخانەیەک بووین. کچەکەم ڕۆمانی «خەڵکی ئاسایی Normal People»ی بۆ پێشنیار کردم. ئەمنیش گۆتم ئەوەت لە کێندەر دیتەوە، گۆتی لە بوکتۆک. کڕیم و خیندمەوە، ڕۆمانێکی نایابە.