ئاوارەکان لە نێوان گەڕانەوە بۆ شام و مانەوە لە هەولێر
ڕۆژی یەكشەممەی رابردوو 8/12/2024 ڕژێمی بەعسی بەشار ئەسەد رووخا و خۆشی بەناو هاووڵاتییانی سووریادا بڵاو بووەوە، لە ناویشیاندا ملیۆنان هاووڵاتیی سووریی پەنابەر، كە ژمارەیەكی زۆریان زیاتر لە دەیەیەكە نیشتەجێی هەولێرن و بەم بۆنەیەوە لە هەولێر ئاهەنگ و خۆشییان گێڕا.
سەمیر نابلسی كە پەنابەرێكی سووریایە و بەهۆی سمێڵەكەیەوە ناوی بە )ئەبو شوارب) رۆیشتووە و بووەتە كاسبكارێكی ناسراوی ناو بازاڕی نیشتمان لە هەولێر، چەند ساڵێكە دوو دوكانی دروستكردنی پاقڵاوەی كردووەتەوە و رۆژی یەكشەممە لە خۆشیی كەوتنی ئەسەد، پاقڵاوەی دەبەشیەوە و دەیگوت لە خوا بەزیاد بێت دوای 14 ساڵ چەوسانەوە، ئەو ستەمكارەیان لە كۆڵ بووەوە.
نابلسی لە كاتی لێدوانیدا بۆ (گڵكەند)، چاوی پڕ بوو لە ئاو و گوتی ماوەی 13 ساڵە لە هەولێرە، ئیتر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ شام و بە خاكی وڵات و كەسوكارەكەی شاد بێتەوە.
ئەو پەنابەرە سوورییە ئاماژە بەوە دەدات كە بەهیمەتی تێكۆشەرانی وڵاتەكەی، بەشار ئەسەدیان لە كۆڵ كردووەتەوە، دەشڵێ بەئیزنی خودا لەمەبەدوا وڵاتەكەیان ئاوەدان دەكەنەوە.
خەڵكی هەولێر باشترین خەڵكی جیهانن، چاكەی زۆریان لەگەڵدا كردووین، 13 ساڵە لێرەم هیچ كەسێك بە وشەیەكیش ئازاری نەداوم. سەرباری ئەوەی ئاسایش و ئارامیی هەولێر نمونەی نییە، نابلسی ئەوها پەسنی هەولێرییەكان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەدات و ئومێد دەخوازێ سووریاش بەم زووانە وەكو هەولێری لێ بێت و ئارامی و ئاسایشی بۆ بگەڕێتەوە.
ئەو پەنابەرە دووپاتی دەكاتەوە كە دەیەوێ بەزووترین كات بگەڕێتەوە شام، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە كە تازە بووم بە كوڕی هەولێر و هەر بە هەولێری دەمینێمەوە.
ئەو پێی وایە ژمارەیەكی زۆری ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان و پەنابەرانی سووریا دوای لەناوچوونی بەشار ئەسەد، دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان. دەشڵێ ئەگەر بەیەكجارییش نەگەڕێنەوە، ئەوا دوای ئەو هەموو ساڵە ئاوارەییە، هیچ نەبێت بۆ سەردان و دیتنەوەی زێد و كەسوكاریان دەگەڕێنەوە.
نابلسی ئاماژەش بەوە دەكات كە گەشبینە بە داهاتووی وڵاتەكەی و هیوادارە سەركردەكانی راپەڕینی ئەمجارە وڵاتەكە بنیات بنێنەوە و ئاشتی و سەقامگیری بۆ بگەڕێننەوە.
لە شیرینی (شام)دا، پێنج كەسی سەر بە پێنج خێزانی پەنابەری سووریی كار دەكەن، سەمیر دەڵێ سەربەرزانە بژێویی خۆیان لەو دوكانە پەیدا دەكەن، دەشڵێ ڕیزێك دوكانی بازاڕی نیشتمان كە كەوتوونەتە سەر شەقامە سەرەكییەكە، هەموویان لەلایەن هاووڵاتییانی سووریاوە ئاوەدان كراونەتەوە و تایبەتن بە خواردن و خواردنەوەی سووری.
لە كۆتاییشدا دەڵێ لە دڵەوە سوپاسی خەڵكی هەولێر دەكەم كە لە ناخۆشیدا پشتیوان و هاوكارمان بوون و چاكەیان لەیاد ناكەین، سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە جگە لەوەی سەرەتا پەناگەی بۆ دابین كردین، دواتریش ئاسانكاریی بۆ كردین تا دەست بە كار و كاسبی بكەین.
ڕۆژی یەكشەممەی رابردوو 8/12/2024، حكوومەتەكەی ڕژێمی بەعسی بەشار ئەسەد لەلایەن هێزە چەكدار و ئۆپۆزسیۆنەكانی سووریاوە بەئاسانی و لە ماوەی 12 رۆژدا كەوت، لە كاتێكدا ئەو رژێمە ماوەی 53 ساڵ بوو سووریای بە زەبری ستەم و چەوساندنەوە بەڕێوە دەبرد.
بەدرێژایی 13 ساڵی ڕابردوو سوپای ڕژێمی ئەسەد لە شەڕێكی درێژخایەندا بوو لەگەڵ چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و گرووپە چەکدارەکانی تر، لەم شەڕانەدا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس کوژران، بەپێی ئامارە نافەرمییەكانیش سوپای سووریا كەمتر لە 150 هەزار سەربازی مابووەوە، دوای ئەوەی زیاتر لە نیوەی سوپاكە هەڵاتبوون.
بەپێی ئامارێكی (worldvision) كە مانگی رابردوو بڵاوی كردووەتەوە، لە 2011وە تا ئێستا زیاتر لە 14 ملیۆن هاووڵاتی سووری لە ماڵ و زێدی خۆیان ئاوارە و دەربەدەر بوون. بەهۆی دەستپێكردنەوەی شەڕ و رووخاندنی ڕژێمی ئەسەدیشەوە تەنها لە ماوەی دوو هەفتەی شەڕ و ڕووبەرووبوونەوەكاندا لە كۆتایی مانگی تشرینی دووەم و سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمدا 24 هەزار منداڵ لەگەڵ خێزان و كەسوكاریاندا ئاوارە و دەربەدەر بوون.
دوابەدوای راگەیاندنی كەوتنی ئەسەد، رۆژی دووشەممەی رابردوو ئەبو محەمەد جۆلانى فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام رایگەیاند دەستبەرداری حكوومەتی ئەسەد نابن و دەیانەوێت لە دروستكردنەوەی حكوومەتی نوێدا، سوودیان لێ ببینین. لەمبارەیەوە لەگەڵ ئەحمەد غازى جەلالى سەرۆکوەزیرانى ڕژێمی ئەسەد کۆ بووەوە بۆ پێكهێنانی حکوومەتى رزگاریی نیشتمانی لە سووریا.