تیمێكی هاوبەشی زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر و زانكۆی ئۆتۆنۆمۆس لە بەرشلۆنەی ئیسپانیا دوای ئیمزاكردنی گرێبەستێك، دەستیان بە لێكۆڵینەوە و كنەكردن لە شوێنەوارێكدا كردووە كە كەوتووەتە ناوەڕاستی قەزای سۆران و شوێنێكی تەمەن حەفت هەزار و ٥٠٠ ساڵیان دۆزیوەتەوە.
دوای ئەوەی لە بەهاری ئەمساڵدا لێكۆڵینەوە لە گردی بانەهێلکی گەڕەکی برایەتیی ناوەڕاستی قەزای سۆران لەلایەن شوێنەواری سۆرانەوە دەستی پێ كردبوو، ئێستا هەردوو زانكۆی سەڵاحەدین و زانكۆی ئۆتۆنۆموس، گرێبەستێكی کاری کنە و پشکنینیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور ئیمزا کردووە.
ئەم تیمە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ شوێنەواریی سۆران، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی سەنتەری قەزای سۆران شوێنەوارێكیان دۆزیوەتەوە كە مێژووەكەی بۆ نزیکەی حەفت هەزار و ٥٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆرانیش دەڵێ ئەگەری هەیە شارستانی حەلەف لە دەشتاییەكانی سۆرانەوە سەری هەڵدابێت.
د. عەبدولوەهاب سلێمان بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران بە (گڵگەند)ی راگەیاند دەستیان بە هەڵكۆڵینی زیاتر لە گردی شوێنەواری بانەهێلك كردووە، ئەمەش دوای ئەوەی شوێنەوارەكە لەلایەن تیمێكی زانكۆی شیكاگۆ لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە بە سەرۆکایەتی براید وود و برۆس هاو کاری هەڵكۆڵینی بۆ کرابوو و دوای دە ڕۆژ بەجێ هێڵدرابوو، لە ساڵی ٢٠١٧شدا گرێبەستێكیان لەگەڵ هەردوو زانكۆی سەڵاحەدین و ئۆتۆنۆموسی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بۆ ماوەی پێنج ساڵ واژوو كردبوو، تا ساڵی ٢٠١٩ كاركردن تێیدا ئەنجام درا، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، كارەكان بۆ ماوەیەک وەستا.
هەروەها گوتی ئەمساڵ لەلایەن هەردوو زانكۆكە و بەسەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان، جارێكی تر دەست بە كاری هەڵكۆڵین لە گردی بانەهێلك كراوەتەوە، خۆشبەختانە بەپێی كاری هەڵكۆڵینەكە شوێنێکی شوێنەواری دۆزراوەتەوە كە مێژووەكەی بۆ نزیکەی ٧٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران ئەوەشی روون كردەوە، لەلایەن تیمی زانكۆی پنسلڤانیای ئەمەریكی لە چینەكانی خوارەوەی گردەدەشتیش پارچە گلێنەكانی حەلەف دۆزراوەتەوە، بەمەش رەنگە دوای لێكۆڵینەوە و هەڵكۆڵینەكانیان بگەنە ئەو ئەنجامەی كە شارستانییەتی حەلەف لە كوردستان لە دەشتاییەكانی شاری سۆرانەوە سەری هەڵدابێت و دواتر بۆ بەشەكانی تری جیهان چووبێت.
دۆزینەوە نوێیەكان دەریانخستووە كە گردی بانەهێلك بە یەكێك لە گوندە سەرەتاییەكانی كشتوكاڵی زاگرۆسی سەروو ئەژمار دەكرێت، كە لە دیانا جگە لە كشتوكاڵ دانیشتوانەكەی توانیویانە ئاژەڵی وەك مەڕ و بزن و بەراز و باڵندەی وەک قاز و مراوی ماڵی بكەن.
لە شوێنەوارەكەدا پارچە گڵێنەی ناسکی نەخشێندراو بە ڕەنگی سوور و پرتەقاڵی و ڕەش دۆزراونەتەوە کە تایبەتمەندییەکی دیاری شارستانیی حەلەفن لەگەڵ پاشماوەی بیناسازی و ئامێری بەردی لە گردە شوێنەوارییەكە.