چیرۆکی چایەخانەی مەچكۆ
چیرۆکی چایەخانەی مەچكۆ
December 21, 2024

گڵکەند

زیاتر لە هەشتا ساڵە چایەخانەی مەچکۆ وەکو شوێنێکی دیاری شاری هەولێر دەرکەوتووە، لە ساڵانی پەنجا و شەستەکانەوە شوێنی بە یەکگەیشتنی رێبوارانی شار و گوندەكانی دەوروبەری هەولێر بووە، ساڵانێکی زۆریش هەر لەگەڵ گەردی بەیانییەوە هەواری وەستا و کرێکارانی بیناسازی بووە، لەوێوە کار و کەسابەتی خۆیان رێک خستووە و ئێوارانیش هەر لەوێندەرێرا دەگەڕانەوە و بەرنامەی سبەینێیان دادەنا.

تەلاری چایەخانەی مەچکۆ ساڵی ١٩٤٠ لەلایەن حاجی محەمەد قاسم توتنچیی ناسراو بە حاجی قەرۆک دروست کرا. یەکەم چایەچی کە لەو چایەخانەیە کاری کردبێت حەسەن رەزا بوو و تا ساڵی ١٩٥٠ لەوێ مایەوە. ساڵی ١٩٥٠ تا ١٩٥٢ش پیاوێکی دیکە بەناوی عەباس عوسمان چایەخانەکەی گرتەوە. دواتر مەجید چایەچی کە پێشتر چایەخانەیەکی بچوکی لە کۆڵانی مزگەوتی ئاڵتی بەرماغ لەناو قەیسەری هەبوو، چایەخانەی گرتەوە و لەو رۆژەوە بە چایەخانەی مەچكۆ ناسرا.

لە لای راستی چایەخانەی مەچکۆ دوکانێکی راست هەبوو بەناوی مەکتەب ئیستیعلامات بەریتانی، کە وێنەیەکی جۆرجی شەشەمی پاشای ئەوکاتی بەریتانیا و وێنەیەکی وینستن چەرچڵی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیای لێ هەڵواسرابوو.

چایەخانەی مەچکۆ بە درێژایی ئەو کاتە بەدەست کوڕ و نەوەکانی مەجید چایەچییەوەیە. سەرەتا تەحسین مەچکۆ بەڕێوەی دەبرد، کە کەسێکی قسەخۆش و دۆستی هەموو لایەک بوو، دوای ئەویش موحسین مەچکۆی برای هاتە سەر چایەخانەکە و تا ئێستا بەڕێوەی دەبا.

چایەخانەی مەچکۆ لە سەرەتای هەشتاکانەوە بووەتە خەڵوەتخانەی نووسەر و هونەرمەندان. رۆژانە دەڕژانە پەناوپێچی ئەو چایەخانەیە و هەریەک لە سووچێکدا خەریکی گفتوگۆی ئەدەبی و هونەریی خۆی دەبوو. زۆر جاریش بە ترس و لەرزەوە هەندێ کتێب و بەیاننامەی سیاسیی قاچاغیان لە سووچەکانی ئەو چایەخانەوە ئالوگۆڕ دەکرد. لە هەمووش جوانتر لەم چایەخانەیە هەڵوێستی کاکە تەحسین بوو، کە ئەگەر کەسێکی غەریب و غەیرە کورد سەری بە چایەخانەدا بکردایە، کۆد یان شیفرەیەکی تایبەت بە خۆی هەبوو و هاواری دەکرد (گیانە)، یانی ئاگاتان لەخۆتان بیت کەسی نەناسراو هاتووە.

چایەخانەی مەچکۆ وێستگەی نووسەر و هونەرمەندانی شارەکانی دیکەی وەکو سلێمانییش بوو بۆ دیتنی یەکتر و نووسەر و هونەرمەندانی هەولێر. ئینجا کە ئێوارە دادەهات، مەفرەزە ئەدەبییەکەی وەکو مەحمود زامدار بەرەو یانە و مەیخانەکان بەڕێ دەکەوتن و تا درەنگی شەو دەردەدڵی شیعر و نووسین و هونەری دەکرا، بۆ سبەینەکەش، هەر بە هەمان رێچکەی دوێنێ، دەگەڕانەوە کون و قوژبنەکانی چایەخانەی مەچکۆ.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved