پیرباڵ مەحموود
لەم ڕۆژانەی دوایی، نەوەت ساڵ بەسەر لەدایكبوون و بیست ساڵ بەسەر كۆچی دوایی شاعیری نوێخواز پیرباڵ مەحموود تێپەڕی.
مام پیرباڵ (ئێمە بە پێشناوی مام ناویمان دەهێنا) شاعیرێكی ڕۆمانسیی بەتوانا بوو، بەداخەوە تا ئێستا بایەخ بەم دەنگە ناودارەی شیعری كوردیمان نەدراوە!
دیدار و هاموشۆی من لەگەڵ مام پیرباڵ دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی هەشتاكان. مام پیرباڵ لە سەرەتای پەنجاكانەوە بەرهەمی خۆی لە (ژین، هەتاو، هەولێر، پێشكەوتن و شەفەق) بڵاو كردووەتەوە.
شیعری مام پیرباڵ تا ڕاددەیەكی زۆر مۆسیقی و سەرواسوار و لیریكین. خۆی گوتوویەتی: (هەوڵم داوە نوێگەر بم و سێبەری جەستەی شاعیری تر نەبم).
ئەو لە هەرزەكارییەوە نوێخواز بووە، سەرەتای تەمەنی توولازیی خەریكی نیگاركێشی و شێوەكاری بووە، وەلێ دڵداری و سیاسەت ڕووی بۆ شیعر و نووسین پێ وەرگێڕاوە.
ئەگەر دیوانەكانی (لافاو و بەهەشتی دڵداری) كە لە پەنجاكان چاپ كراون بخوێنینەوە، بۆمان دەردەكەوێت تا ڕاددەیەكی زۆر وەك خۆی گوتوویەتی كەوتووەتە ژێر كاریگەریی شیعری كلاسیكی و دواتریش بەهۆی سەرسامیی بە گۆران و هەردی و دڵدار و دواتر هێمن، كەوتووەتە ژێر كاریگەریی شیعری ڕۆمانسی و بەردەوامیی بەم ڕێچكەیە داوە.
مام پیرباڵ جگە لەم دوو دیوانەی باسمان لێوە كرد، دواتر هەردوو دیوانی (شۆڕش و بزەی سروشت)یشی بڵاو كردووەتەوە.
دوا دیوانیشی ئەو ساڵە بوو كە كۆچی دواییی كرد لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی كوردستانەوە بە ناوی (مەرگی نەوجەوانێ) بۆ چاپ كرا. بەداخەوە لە دوا ساڵانی تەمەنی باری ناگزووریی ژیانی گرفتاری كردبوو.
كاك عوسمان موفتی بۆی گێڕامەوە: ڕۆژێكیان وەزیری ئەوكاتەی ڕۆشنبیری، ڕەوانشاد فەلەكەدین كاكەیی بەدوای مام پیرباڵدا دەنێرێت و پێی دەڵێت: (بە مەبەستی ڕێزلێنان لە جەنابت، ئێمە وەك وەزارەت بەنیازین كۆتەڵێكت بۆ دروست بكەین و لە شوێنێكی بەرچاو و شایستەی هەولێر دایمەزرێنین) ئەویش دەڵێ: باشە تێچووی ئەو كۆتەڵەم ڕاستەوخۆ بدەنێ بۆ سەددی ئیحتیاجاتم باشتر نییە؟ چی لە كۆتەڵكەم كە ناگزوور بم!
بەداخەوە مەرگ بواری مام پیرباڵ و هیچێك لە شاعیرانی دیكەی هەولێری وەك بورهان جاهید، جەوهەر غەمگین، مەجید ئاسنگەر، سەرسام و پەژار و زۆری دیكەی نەدا، سەرجەمی بەرهەمەكانیان لە دیوانێكدا بە چاپكراوی ببینن. ئەم كەڵە پیاوانە پێشەنگی شیعر و نووسین و ئەدەبییات بوون لە شارەكەمان.
ئەگەر دەزگایەك هاوكارمان بن، بۆ ڕووحی پاكی ئەوان، دەتوانین ئەم ئەركە پیرۆزە بگرینە ئەستۆ. یادی مام پیرباڵ و هەموو پێشەنگەكانی بواری شیعر و ئەدەبییات لە هەولێر بەخێر.