کۆترێکی بە دوو دەفتەر کڕیوە و بە دووسەد دەفتەری نادات
کۆترێکی بە دوو دەفتەر کڕیوە و بە دووسەد دەفتەری نادات
December 23, 2024

سەید فازڵ یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی بەخێوکردنی کۆتر لە هەولێر كە كۆتربازیان پێ دەگوترێت، بەشی شێری تەمەنی خۆی لەو خولیایەیدا بەسەر بردووە و ئێستاش دەڵێ كۆتری وای هەیە بە دوو ملیۆن دۆلاریش نایفرۆشێ.
فازڵ فەخرەدین عەلی ناسراو بە سەید فازڵ، پیشەی سەرەکیی بازرگانیی کەلوپەلی ئۆتۆمبێلی کۆرییە، خاوەنی چوار منداڵە و خۆشەویستییەکی بێ وێنەی بۆ کۆتر هەیە، ئەو لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیدا، زیاتر لە كۆترەكانی نزیك دەبێتەوە، ئێستاش كە تەمەنی گەیشتووەتە 62 ساڵ، دەڵێ «48 ساڵی ژیانم لە بەخێوكردنی کۆتردا بەسەر برد».
سەید فازڵ كەسێكی لەسەرخۆیە، لە سەربانی ماڵەکەی شوێنێکی تایبەتی بۆ کۆترەکانی دروست کردووە، نزیکەی 350 کۆتری تێدایە، ئەو بەدەم پێدانی خواردن بە کۆترەکانی، باسی سەرەتای کۆتر بەخێوکردنی بۆ «گڵکەند» گێڕاوە، كاتێك لە منداڵیدا لەلایەن ناسیاوێکی خۆیانەوە دوو کۆتری بە دیاری بۆ هاتبوو، خولیای بەخێوكردنی كۆتر بووە.
ئەو پیاوە یەکێکە لە کۆتر بەخێوکەرەکانی هەولێر باسی لە جۆر و نرخی کۆترەکان کرد و گوتی لە هەولێر کۆتر بە بیست هەزار دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، هەروەها لە بەناوبانگترین جۆرەکانی کۆتر زاجل، ڤاڵۆن جانسن، کۆپمان و کتلن، دەڵێ جۆری کتل یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی کۆتر. هەروەها پێی وایە کۆتری بەلجیکی و هۆڵەندی لە باشترین و بەناوبانگترین کۆترەکانی جیهانن.
ئەو لەبارەی چۆنیەتی دیاریکردنی باشترین کۆتریشەوە دەڵێ باشترین کۆتر ئەوەیە کە چەند جارێک پێشبڕکێ بباتەوە.
سەید فازڵ ئێستا 180 کۆتری ئامادە کردووە بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێی ئەمساڵ، کە بڕیارە ئەم مانگە ئەنجام بدرێت.
هەروەها باسی چۆنیەتی ئەنجامدانی پێشبڕکێیەکەی کرد بەوەی کۆتربازەكانی هەولێر کۆمەڵەی تایبەت بەخۆیان هەیە بە ناوی «کۆمەڵەی ئارەزوومەندانی کۆتری نامەبەر»، سەرەتا کۆترەکان دەبردرێن بۆ کۆمەڵە و سەرجەم کۆترەکان ژمارە دەکرێن و دواتر دەخرێنە ناو ئامێرێک بۆ ئەوەی تۆمار بکرێن و GPSێک بە قاچیانەوە گرێ دەدرێت، دواتر کۆترەکان دەبردرێن بۆ قەزای «فاو» لە سنووری پارێزگای بەسڕە، لەوێ دەفڕێندرێن.
دەشڵێ دەبێت هەمان ڕۆژ كۆترەكان بگەڕێنەوە هەولێر، ئەو کۆترانەی کە بەشداری دەکەن لە جۆری زاجلن، سەید فازڵ وەک خۆی باسی دەکات، کۆترەکانی هەموو ساڵێک توانیویانە لە کێبڕکێدا سەرکەوتوو بن و ئەنجامی باش بەدەست بهێنن.
باسی لەوەش کرد كە کۆتر لە تەمەنی شەش مانگییەوە تا چوار ساڵی توانای بەشداری هەیە لە پشبڕکێ، بەڵام باشترین تەمەن بۆ پێشبڕکێی کۆتر، تەمەنی یەک ساڵییە.
لەبارەی خواردنی کۆتر و باشترین جۆری خواردنیشەوە سەید فازڵ گوتی خواردنی ئەو کۆترانە جیاوازە، پێک دێت لە تێکەڵەی بیانی کە لە وڵاتی بەلجیکا دێت و ماددەی بەرگری لەش و ڤیتامینی زۆری تێدایە، هەروەها ساڵانە پشکنینی بزیشکیان بۆ دەکات، پێویستە لە ماوەی ساڵێکدا دوو جار بکوترێن.
کۆتربازەكانی هەولێر لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا لە چایحانەیەکی تایبەت بەخۆیان کۆ دەبنەوە و قسە و باسی گەرم لای ئەوان کۆترە.

نرخی کۆترەکان هەندێک جار زیاترە لە نرخی ئۆتۆمبێلێک، سەید فازڵ دەڵێ کۆتری کڕیوە بە 10 هەزار دۆلار، هەروەها جۆرێک کۆتری هەیە 20 هەزار دۆلاریان پێی داوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێ ئامادە نییە بە دوو ملیۆن دۆلاریش بیفرۆشێت.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved