لە هەر سەردەمێکدا چیڕۆکی تاڵ و شیرین هەن، لەو وڵاتەی ئێمەش کە مێژووەكەی تژی دەردەسەریە، ساڵانی هەشتاکان لە سایەی دیكتاتۆری ڕووخاوەوە سەردەمێكی سەخت بوو، ئەوكات خۆحەشاردان و پەیداکردنی نان خەمی رۆژانەی خەڵك بوون، هونەرمەندان نەك بەدەر نەبوون لەو گێژاوە، بەڵكو لە دۆخێكی خراپتریشدا بوون، هەندێکیان روویان لە شاخ کرد و هەندێکیش بۆ پەیداکردنی نان، خۆیان ون کرد.
هونەرمەند عەلی ئەحمەد یەکێک بوو لە قوربانییەکانی ئەو رۆژگارە، کار گەیشتە ئەوەی واز لە هونەر بێنێ و شوێنی لە هیچ دامەزراوەیەکی حکومی نەبێتەوە و نانبڕاو بكرێت.
ئەو بە ناچاری بنە و بارگەی هەڵگرت، سەرەتا دەستی بە سەمون فرۆشتن و دواتر لەناو بازاڕی زێڕینگران لە قەیسەریی هەولێرێ، بەبێ ویستی خۆی، دەستی بە کاری دەڵاڵیی زێڕ کرد، رۆژانە بە چەند پارچە زێڕێکەوە دەسوڕایەوە و لەو دوکان بۆ ئەو دوکان، تا بیانفرۆشێ و شتێکی دەستکەوێت بۆ بژێویی خۆی و خێزانەكەی.
هونەرمەند عەلی ئەحمەد سەربوردەی بوونی بە دەڵاڵ لەناو بازاڕی زێڕینگرانی هەولێر بۆ (گڵكەند) دەگێڕێتەوە و دەڵێ بەر لەوەی دەست بە دەڵاڵیی زێڕ بکا، ئینتیدابی عەسکەری بووە لە سەردەمی شەڕی كەنداو لە نێوان عێراق و ئێران (١٩٨٠-١٩٨٨) و لە دەزگای سینەما و شانۆ كاری كردووە.
ئەوكات بەڕێوەبەری ئەوکاتی سینەما و شانۆ، بەتەنیا بانگی عەلی ئەحمەدی کردووە و داوای لێ کردووە رۆڵ لە فیلمێک بگێڕێ بەناوی (خۆشەویستی لە زەمەنی سەرکەوتندا)، کە بەڕێوەبەرەکە خۆی دەرهێنانی بۆ كردووە.
عەلی ئەحمەد رەتی کردووەتەوە بەبێ خوێندنەوەی سیناریۆی فیلمەکە، بڕیار بدات بەشدار بێت، بەڵام بەڕێوەبەرەکە بە فەرمان پێی گوتووە كە ئەو فیلمە لەسەر سەدام حوسێنە و پێویستە بەشداری بکات، عەلی ئەحمەدیش پێی گوتووە ”لەسەر بابی سەدامیش بێت، من ئامادە نیم لەو فیلمەدا رۆڵ بگێڕم“. بەڕێوەبەری سینەما و شانۆش پێی گوتووە «ئەو دڕکەت لەبن پێ دەردەینم“.
ئێوارەی ئەو رۆژە، عەلی ئەحمەد بۆ پرۆڤەکردن لەسەر شانۆی ناسر و مارمار، کە دوو رۆژ مابوو بۆ نمایشکردنی، چووەتە هۆڵی گەل، بەڵام لە دەرگا بینیویەتی هونەرمەندێكی تری هەولێر رۆڵی ئەو دەگێڕێت، کە ئەوەی بینیوە ویستوویەتی بچێتە دەرەوەی هۆڵەکە، بەڵام بەڕێوەبەری سینەما و شانۆ کە لەناو هۆڵەکە دانیشتبوو، بە تووڕەیی بانگی کردووە و نووسراوێکی پێ داوە، تێیدا بڕیار دەركراوە كە دەبێ سبەینێ بچێتەوە عەسکەری.
عەلی ئەحمەد سەری لە نووسراوەكە سڕ ماوە، چونکە وەك خۆی دەیگێڕێتەوە بوونەوەی بە سەربازی زۆرەملێ، مانای مردن بووە بۆ ئەو، بۆیە بە تووڕەیی بە بەڕێوەبەری گوتووە «مەحاڵە بچم“. بەڕێوەبەری سینەما و شانۆش پێی گوتووە، ئەگەر بەخۆت نەچی، لە دایرەی ئینزیبات شکایەتت ل ێدەکەم و دێن بە زۆر دەتبەن.
ئەو هەڕەشەیەی بەڕێوەبەرەکە بووەتە هۆی زیاتر تووڕەکردنی عەلی ئەحمەد، بۆیە دووبارە وەڵامی داوەتەوە و پێی گوتووە ”مادام تۆ شکایەتم لێ دەکەی، لە تۆ کەمتر بم ئەگەر بچم»، نووسراوەکەی دڕاندووە و شوێنەكەی بەجێ هێشتووە.
دوای دەرکردنی لە بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆ، عەلی ئەحمەد بەبێ ئیش ماوەتەوە و سەرچاوەی داهات و بژێویی بڕاوە. ئەو بۆ پەیداکردنی نان، ناچار بووە کەلوپەلی ماڵەکەی بفرۆشێ، لەمبارەوە دەڵێ «كار گەیشتە ئەوەی كیتاب و مەكتەبەكەشم بفرۆشمەوە، کاک موئەیەد فەقێ هەمووی لێ کڕیمەوە، ئەو وەختی لۆ كیتابەكانم گریانم هات، هاوسەرەكەم گۆتی ئەو هەموو شتەی مارێت بە تەلەڤزیۆن و سەلاجەوە فرۆشت بەرات لێ نەبوو، لۆ كیتابان دەگریێی؟ ئەمنیش گۆتم ئاخر ئەو كیتابانە برادەرم بوون».
برسیەتی و بێ پارەیی وای لە عەلی ئەحمەد کرد، سێ ژەم نانخواردنی خێزان و منداڵەکانی بۆ دوو ژەم كەم بكاتەوە! ئەگەرچی ئەو بەردەوام لە چێشتخانە و چایخانە و شوێنەکانی دیکە دەگەڕا بۆ دۆزینەوەی کارێک تا بەسەربەرزی منداڵەکانی بەخێو بکات، بەڵام زۆربەی خاوەن کارەکان وەڵامیان ئەوە بوو، کە ناتوانن وەک شاگرد سەیری هونەرمەندێکی گەورە بکەن و لە بەرامبەردا پێیان دەگوت ”تۆ چیت دەوێ ئێمە ئامادەین بتدەینێ!“، بەڵام ئەو رەتی دەکردەوە و دەیویست بە شان و باڵ و ماندووبوونی خۆی بژێوی پەیدا بکات.
دوای گەڕانێکی زۆر، هاوڕێیەکی عەلی ئەحمەد بەناوی هۆشیار قادر مەکینەچی کۆشکێکی سەمون فرۆشتنی لەلای تەکیەی خەلیفە جەلال (بازاڕی مۆبایلفرۆشانی ئێستا) بۆ دانا، دوای ماوەیەک کارکردن لەو کۆشکە، برادەرێکی زێڕینگری بەناوی تاریق مەلاگە پێی گوتووە سەمون فرۆشتن کاری تۆ نییە و وەرە ناو زێڕینگران.
وەک عەلی ئەحمەد دەیگێڕێتەوە، تاریق مەلاگە بردوویەتیە لای سەرۆکی سەندیکای زێڕینگران و کەفالەتی دوو ملیۆن دیناری ئەوکاتی کردووە، تا بتوانێ لەناو بازاڕی زێڕینگران وەک دەڵاڵی زێڕ، کار بکات.
دوای رازیبوونی سەرۆکی سەندیکای زێڕینگران، عەلی ئەحمەد بووە بە (دەڵاڵی زێڕ) و باری دارایی بەرەو باشی چوو، تا ساڵی ١٩٩٦یش خەریکی ئەو کارە بووە. ئێستاش شانازیی زۆر بەو کارەوە دەکات، چونکە بژێویی خێزانەکەی باشتر کردووە، بەم هۆیەشەوە بووە كە نەچووەتە ژێر باری فەرمانی بەڕێوەبەری ئەوکاتی سینەما و شانۆ بۆ رۆڵگێران لە فیلمێک، کە سەرلەبەری فیلمەکە لەبارەی پیرۆزكردنی سەدام حوسێنی لەسێدارەدراو بووە.