ئەکادیمیایەک تەمیرە زیندوو دەکاتەوە
ئێوارانی هەموو شەممەیەك لە خانوویەكدا كە كەوتووەتە كۆڵانێكی لابەلای گەڕەكێكی كۆنی هەولێر، دەنگ و سەدای ئامێرێكی ناوازەی مۆسیقا دێتە گوێی ڕێبواران، ئەو ئامێرە بەر لە 5000 ساڵ بە دەست و پەنجەی ئەوانە ژەنراوە كە نیشتەجێی خاكی ئێستای كوردستان بوون.
لەناو ئەو خانووەدا چەندین ئامێری كۆنی مۆسیقا بە دیوارەكاندا هەڵواسراون، ئەکادیمیای مۆسیقای تەمیرە لەوێ كراوەتەوە، كە ناوەندێکی هونەرییە، هەوڵ دەدات میراتی مۆسیقای کوردستان زیندوو بهێڵێتەوە و بیگوازێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
ئەکادیمیای تەمیرە لە حوزەیرانی ئەم ساڵەوە دروست کراوە، بە شێوەیەکی ئەکادیمی لەلایەن مامۆستایان وانەکانی مۆسیقای تێدا دەگوترێنەوە. جگە لە ئامێری تەمیرە، كە ئامێرێكی تەمەن 5000 ساڵە، خەڵك فێری ئامێرەکانی دەف و شمشاڵیش دەكرێن.
تەمیرە، تەمبوور، تەنبوور، تەموورە یان تەمووریشی پێ دەڵێن، بە دایکی هەموو ئامێرە ژێدارەکان دادەنرێت، مێژووەكەی دەگاتە زیاتر لە 5000 ساڵ پێش ئێستا. سێ جۆر تەمیرە هەن، تەمیرەی یەک دەستە یاخود کاسەیی هەر وەک کاسە وایە، چەمەن و پاشنەییش دوو جۆرەکەی دیکەی تەمیرەن. جەستەی ئامێری تەمیرە لە دار گوێز و کاسەی هەموو تەمیرەکان لە دار توو دروست دەکرێت. هەروەها لە سێ ژێ پێکهاتووە، دوو ژێ لە ئاسن و ژێیەک لە مس.
فەرید ئیلهامی تەمەن 44 ساڵ، خەڵکی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ماوەی 35 ساڵە مۆسیقا دەژەنێ، شارەزایی تەواوی لە تەمیرە، تار و سێتار هەیە، سەرپەرشتیاری گرووپی مۆسیقای فیردەوسیی هونەرمەندی ناوداری کورد شەهرام نازەری بووە. ئێستاش بەڕێوەبەری ئەکادیمیای تەمیرەیە لە هەولێر.
ئیلهامی لەبارەی فێربوونی ئامێری تەمیرەوە بۆ (گڵكەند) باس لەوە دەكات سزیاتر لە 800 ساڵە لە بنەماڵەکەیاندا تەمیرە یاخود تەمبوور هەیە و پارێزراوەز. ئەو لە تەمەنی پێنج ساڵیدا لە ڕێگەی سەید ئەیازی باپیرەی کە لە گەورە پیاوانی یارسان و مەقامزان و تەمیرەژەنێکی نێودار بووە، بۆ یەکەم جار پەنجەکانی بەر ئامێری تەمیرە دەکەوێت و فێری ژەنینی دەبێت.
دوای ئەوەی هەست بەوە دەکات خەڵکی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی مۆسیقاژەنانی گەنج ئاشنای ئامێرە مۆسیقە کوردییەکان نین، بەتایبەتییش ئامێری تەمیرە یاخود تەنبوور، بیر لە دروستکردنی ئەکادیمیای تایبەت بە مۆسیقا کوردییەکان دەکاتەوە، وەک خۆی دەڵێ سفەرهەنگ و مۆسیقا بناغەی مانەوەی هەر نەتەوەیەکن و دەبێت تەلاری مۆسیقای کوردی بە بەرزی بهێڵینەوە و ڕێگر لە نەمانی بكەینز.
ئەو نیگەرانە لەوەی خەڵک زیاتر گرنگی بە مۆسیقای بێگانە وەک پۆپ، ڕۆک و کلاسیک دەدەن و خەریکە مۆسیقای ڕەسەنی کوردیان بیر دەچێتەوە.
فەرید ئیلهامی ئاماژە بەوەش دەکات لە 16 وڵاتی جیاواز جۆرەکانی ئامێری تەنبوور یان تەمبوور هەیە و تەنیا تەمیرەیە کە زۆر جیاوازترە لە فۆرم، ستراکچەر، ژێ و نۆتەکانی، بە تەواوی ئامێرێکی کوردییە. هەروەها دەڵێ هەزاران ساڵە کورد خاوەنی تەمیرەیە، بەر لە چەندین سەدە لەگەڵ ئامێری تەمیرە شانامەی کوردی خوێنراوەتەوە.
لە ئامێری تەمیرەدا سێ جۆر مەقام هەیە و كە هەموویان بەتەواوی کوردیین، مەقامی هەقانی کە زیاتر مەقامێکی ڕووحانییە، هەروەها باستانی و مەجازی. فەرید ئیلهامی باس لەوە دەکات، تەمیرە بەشێکی دیکە لە مەقاماتی هەیە کە 100 تاوەکو 200 ساڵ تەمەنیانە، بە مەقاماتی تازە و هاوچەرخ ناودەبرێن.
ئەو مۆسیقاژەنە سەبارەت بە دروستکردنی ئەکادیمیایەکی تایبەت بە تەمیرە، ڕۆڵ و هاوکارییەکانی وەزارەتی ڕۆشبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەرز دەنرخێنێ، باس لە ئامانجی سەرەکیی ئەکادیمیاکەش دەکات کە زیاتر ناساندن و زیندووهێشتنەوەی ئامێری تەمیرەیە نەوە لە دوای نەوە، لە هەمان کاتدا پێگەیاندن و دروستکردنی مۆسیقاژەنی گەنجە بۆ داهاتوو. دەشڵێ دەیەوێت لە ڕێگەی ئەکادیمیاکەوە، ئامێری تەمیرە زیاتر بە جیهانی بکرێت.
ئەکادیمیای تەمیرە لە هەولێر، ئێستا 45 فێرخوازی هەیە، لە هەردوو ڕەگەز و لە تەمەنی جیاوازدا، لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان فێرخوازی ئامێری تەمیرە هەن، ژمارەیەکی زۆر لە فێرخوازان یارسانن. بەڕێوەبەری ئەکادیمیاکە دەڵێ گرنگییەکی تایبەت بەو فێرخوازانە دەدەن کە تەمەنیان لە چوار تاوەکو 10 ساڵە، بە ڕای ئەو باشترین تەمەنە بۆ فێربوونی هەر جۆرە ئامێرێکی مۆسیقا.
پەیوەندیی تەمیرە و ئایینی یارسان پەیوەندییەكی قووڵ و مێژووییە، تەمیرە لەو ئایینەدا پێگەیەکی پیرۆزی هەیە، بەشێکە لە سرووت و بەڕێوەبردنی بۆنەكانی، وەک ئامرازێکی گواستنەوەی پەیامە ئایینی و ڕووحانییەکان بەکار دەهێنرێت. ئەو ئامێرە هەروەها ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە پاراستنی بیر و باوەڕەکانی یارسان، گواستنەوەی زانستیی ڕووحانی و پاراستنی کولتوور و نەریت.
بنار عەدنان کچێکی تەمەن 27 ساڵ، دانیشتووی شاری هەولێرە و دەرچووی بەشی ئەندازیاریی ڕووپێوانە لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، یەکێکە لە فێرخوازانی ئەکادیمیای تەمیرە، ئاماژە بە حەز و خولیای خۆی دەکا و دەڵێ سوەک کچە کوردێکی یارسان، لەلای من تەمیرە گرنگییەکی زۆری ڕۆحی، کولتووری و ئایینی هەیەز.
بنار ماوەی دوو مانگە فێرخوازە لە ئەکادیمیای تەمیرە، بە شێوەیەکی ئەکادیمی نۆتە، مۆسیقا و شێوازی ژەنینی تەمیرە بە پراکتیکی و تیۆری فێر دەبێت، ئەمەش وای کردووە لای ئەو ژەنینی ئامێری تەمیرە خۆشەویستتر و ئاسانتر بێت.