لە یەكێك لە كۆڵانە تەسکەکانی ناو بازاڕی لەنگەی هەولێر، دوو دوكان كراون بە قاوەخانەیەكی ڕازاوە و ناوی نراوە (چێژی قاوە)، ئەمە هی ئاوارەیەكی ڕۆژئاوای كوردستانە، كە تەنها بەكردنەوەی قاوەخانەكە نەوەستاوە، بەڵكو لەژێر ئەم ناوە براندێكیشی دروست كردووە و لە زۆربەی بازاڕەكانی شاردا قاوەكەی لەناو كیسەیەكی تایبەتدا بەدەنك و بەهاڕاویش دەفرۆشێت.
عەبدولسەمەد ڕەحمان گەنجێكی كوردی رۆژئاوای كوردستانە و ساڵی 2013 لەگەڵ خێزانەکەیدا ئاوارە بوون و گەیشتنە هەولێر، ئەم قاوەخانەیەی لە بازاڕێكدا كردەوە كە خەڵكەكەی بە خواردنەوەی چای شیرینەوە ڕاهاتبوون، بەڵام قاوە بەتامەكەی ئەو، دۆخەكەی گۆڕی.
ئەو دەڵێ کاتێک گەیشتووەتە هەولێر، هەستی بە غوربەت و تەنیایی نەکردووە، بەڵکو هەستی كردووە لەناو كەسوكاری خۆی دایە، بەتایبەتییش كە لە منداڵییەوە باوكی سوور بووە لەسەر ئەوەی فێری زمانی كوردی بكات. ئەمەش بووە هاندەرێك تا بەرەو پێش بچێت و بەدوای هەلی كارێكی باشدا بگەڕێت.
عەبدولسەمەد دەڵێ بەپێچەوانەی وڵاتانی دراوسێ کە كوردانی رۆژئاوا و پەنابەرانی سووریا ڕوویان تێ كردوون، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاریی بۆ ژیانی ئاوارەکان کردووە و شوێنی حەوانەوە و خۆراكی بۆ دابین کردوون، ئەو ئاوارە و پەنابەرانە نەك هەر داڵدە دران، بەڵكو بوون بە بەشێک لە گەڕەک و دوکان و بازاڕەکانی هەولێر.
بەشێك لە كوردانی رۆژئاوا و سوورییەكان لە پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان سەرکەوتوو بوون، عەبدولسەمەد یەكێكە لەوان، کە لەژێر ناوی قاوەخانەی (چێژی قاوە)دا، ئێستا ١٥ لقی بۆ فرۆشتن و پێشکەشکردنی قاوە لە شاری هەولێر هەیە.
ئەو گەنجە كوردەی رۆژئاوا لەبارەی دەستپێكی كارەكەیەوە دەڵێ سەرەتا ترسی ئەوەی هەبوو كە داواکارییەکەی ڕەت بکرێتەوە بۆ كردنەوەی قاوەخانە، كەچی خێراتر لەوەی چاوەڕێی دەکرد مۆڵەتی بۆ کردنەوەی قاوەخانەكەی وەرگرت، بەهاوکاریی دارایی یەکێک لە خزمەکانی دوکانێکی بچووکی بەکرێ گرت.
لەناو قاوەخانەی (چێژی قاوە)دا، میوان هەست بەگەرموگوڕی دەکات، جگە لەو مافوورانەی بە دەستی كوردان چنراون و دیواریان پێ رازاندراوەتەوە، کورسیە دارینەکان و پارچە ئەنتیکەكانیش، سەرباری بۆنی قاوەی تازە هاڕاو، كەشێكی تایبەتی لەناو بازاڕی لەنگەدا دروست كردووە.
ئێستا عەبدولسەمەد بەنیازە براندێكی نوێی قاوە بەناوی كوردستان دروست بكات و دەڵێ زۆربەی وڵاتانی گەورە قاوەی تایبەت بەخۆیان هەیە کە گوزارشت لە کولتووری گەلەکەیان دەکات، وەک قاوەی تورکی و ئیتاڵی و ئەمریکی. ئەویش ئاواتەخوازە کارگەیەکی گەورەی قاوە لە کوردستان دابمەزرێنێت، کە یەکەم کارگە بێت لە جۆری خۆیدا و هەڵگری براندێكی تایبەت بێت بەناوی کوردستان.