بژار ئەربیلی دەیەوێ هەولێر بكاتە پایتەختی خۆشنووسی
نازناوی ئەربیلییە و دوای ٢٥ ساڵ ژیان لە ئەورووپا، بەم دواییە گەڕایەوە هەولێر و ژیانی دەرەوەی شاری هەڵبژارد بۆ ئەوەی ماڵ و ستۆدیۆیەكی تایبەت دوور لە ژاوەژاوی شار ئاوەدان بكاتەوە. لەوێ بە ڕۆحی گەنجانەی جارانی، خەریكی كێشانی هێڵە هونەرییەكانە و درێژە بە داهێنانەكانی لە بواری خۆشنووسی دەدات.
کاتێ بژار ئەربیلی دەست بە نووسین دەکات، تەواوی هەستەکانی رۆدەچێتە ئەو ڕووبەرە جوگرافیە بچووكەی لە یەكەم ڕستەی لاپەڕەیەكەوە دەست پێ دەكا و لە دوا نوختەی نووكی قەڵەمەکەی كۆتایی دێت.
دیواری ژوورەکەی بژار ئەربیلیی خۆشنووس، بە چەندین دەستنووسی سەرنجڕاكێشی وەک ئایەتەکانی قورئان و دێڕەشیعری شاعیرە بەناوبانگەکانی کورد و عەرەب رازاندراوەتەوە و بەشێکیان بە زێڕ رووپۆش کراون.
بژار کەریم سەلیم، ناسراو بە بژار ئەربیلی، تەمەنی گەیشتووەتە ٦١ ساڵ و ئێستا لە هەولێرێ دەژی.
ئەو كە لۆگۆی )گلكەند) یشی دروست كردووە، لەم دیدارەدا باس لەوە دەکات کە چۆن لە منداڵییەوە خۆشەویستی بۆ خۆشنووسی هەبووە و لەوساوە دەستخەتی جوان بووە، مامۆستاکانی لە قوتابخانە بە خەتخۆشییەکەی سەرسام بوون، لەوەش زیاتر کاتێ منداڵ بووە، مامۆستاکان لە قوتابخانە داوایان لێ دەكرد بە خەتی عەرەبی ناویان بنووسێتەوە.
قورئانێکی پیرۆز لەسەر مێزێکی ناوەڕاستی ژوورەکەی بژار ئەربیلییە، کە وێنەیەکە لەو قورئانەی ئەو خۆشنووسە بە دەستی خۆی نووسیویەتیەوە و پێشکەشی شێخ خەلیفە بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی پێشووی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتووی کردووە.
خۆشەویستی هاندەرێکی سەرەکیی بژار ئەربیلییە، ئەو بەدەم نووسینەوە، بە دەنگێکی نەرم و پڕ لە ویقار لە ژوورە بێدەنگ و هونەرییەکەیدا دەیگوت سبەبێ خۆشەویستی، مرۆڤ ناتوانێ سەرکەوتنی راستەقینە بەدەست بهێنێتز.
ئەو خۆشنووسە کوردە بەشی سیرامیک و پەیکەرتاشی لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی بەغدا تەواو کردووە. بەڵام بڕیاری داوە هەر لەسەر کاری خۆشنووسی بەردەوام بێت، کە هیوایەتە راستەقینەکەی خۆی بووە. ئێستا ئەو پیاوە ناوبانگێکی جیهانی پەیدا کردووە و چەندین خەڵاتی لە کێبڕکێکانی خۆشنووسی لە دوبەی و ئیستەنبوڵ بەدەست هێناوە.
لە ساڵی ٢٠١٢، لە نێوان ١٢٨ خۆشنووسی کارامە کە لە دوبەی کۆببوونەوە، بژار ئەربیلی لەلایەن شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتومی حاکمی دوبەی رادەسپێردرێت بە نووسینەوەی وێنەیەک لە قورئانی پیرۆز، بۆ ئەوەی بە دیاری بیدات بە شێخ خەلیفە بن زاید ئال نەهیانی سەرۆکی ئیمارات.
هەڵبژاردنی بژار ئەربیلی بۆ ئەو کارە مەزنە، نیشانەی ئەوە بوو بژار کارامە و وردە لە نووسین و دەستڕەنگینە.
دوای راسپاردنی، بژار ئەربیلی توانی لە ماوەی سێ ساڵدا وێنەیەک لە قورئانی پیرۆز بە خەتی خۆی بنووسیتەوە، کە دواتر دوو ملیۆن دانە لەو قورئانە نووسرا و چاپ کرا و لە دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو، بڵاو کرایەوە.
بژار ئەربیلی ئومێد دەخوازێت بە نووسینەوەی قورئانی پیرۆز بە زمانی کوردی، خزمەتێک بە کولتوور و کتێبخانەی کوردی بکات. ئەو نووسینەوەی قورئان بە زمانی کوردی و شیعری شاعیرانی وەک نالی، ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆیی، خستووەتە بەرنامە و پلانی داهاتووی خۆی.
هونەری خەتی ئیسلامی لە سەدەی حەفتی هیجری )سەدەی ١٤ی زاینی (لە شاری کوفە لە باشووری عێراق، بۆ نووسنەوەی قورئانی پیرۆز، سەری هەڵدا. بەڵام کۆنترین خەتی دۆزراوە لە جیهان، بۆ ٣٢٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، کە ئەویش لە ناوچەی ئۆروک بوو (عێراقی ئێستا).
دوای سەرهەڵدانی هونەری خۆشنووسی لە کوفە، خەلافەتی عەباسی قوتابخانەی خۆشنووسی لە بەغدا کردەوە، دواتر قوتابخانەی عوسمانی لە ئیستەنبوڵ و دوو قوتابخانەی ئێرانیش لە ئیسفەهان و تەبرێز بۆ خۆشنووسی، کرانەوە.
ئەربیلی لە ساڵی ٢٠١٨ قوتابخانەی خۆشنووسیی هەولێری کردەوە، چونکە هەولێریش چەندین خۆشنووسی کارامەی هەیە، ئەو گوتی، سزۆر دڵنیام هەولێر باشترین خۆشنووسەکانی جیهانی تێدایەز.
هەوادارانی خۆشنووسی لە سەرانسەری کوردستان رۆژانە روو لە قوتابخانەکەی بژار ئەربیلی دەکەن، ئەو تەنیا کار لەسەر ئەو کەسانە دەکات، کە بەهرەیان هەیە و رێز لە بنەما مرۆڤایەتییەکان و ئاشتی و پێکەوەژیان دەگرن، هەموو ئاواتیشی ئەوەیە هەولێر بکاتە پایتەختێکی جیهانی بۆ هونەری خۆشنووسی و رێکخستنی کێبڕکێی جیهانی لەو بوارە، بەهیواشە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری بکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی.
هەفتانە دوو رۆژ خۆشنووس و خاوەن بەهرەکانی خۆشنووسی لە ماڵەکەی بژار ئەربیلی کۆ دەبنەوە، ئەوان لەگەڵ مامۆستاکەیان گفتوگۆ لەبارەی نوێنترین هونەر و گۆشەکانی نووسینی پیتەکان و جوانیی وشەکان دەکەن.
بژار کۆمەڵێک کاغەزی کڕیوە بۆ ئەوەی لەسەریان بنووسێ، کە ئەو کاغەزانە تا ماوەی ٢٠٠ ساڵ خۆیان دەگرن و تێکناچن، ٢٠ هەزار دۆلاریشی لە کڕینی ئەو جۆرە کاغەزانە خەرج کردووە.
ئەگەرچی لە سەدەی ٢١ تەکنۆلۆژیا بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر پێشکەوتووە و زیرەکیی دەستکرد سەری هەڵداوە، بەڵام بە ڕای بژار ئەربیلی تەکنۆلۆژیا و زیرەکیی دەستکرد ناتوانن لە گرنگیی خۆشنووسی کەمکەنەوە، ئەو نموونە بە دروستکردنی مافوور دەهێنێتەوە و دەڵێ، جیاوازییەکی زۆر لە بەهای ئەو مافوورانەی بەدەست دەچنرێن لەگەڵ ئەو مافوورانەی لە کارگە دروست دەکرێن، هەیە.