جاران کۆڵانە تەسکەکانی قەیسەری وەکو ئێستا نەبوو، بەبیرم دێ لەو قەیسەرییە (خان) هەبوو، دوکانی یاسین خمچی لێ بوو كە لەسەر دەستی جولەکەکان فێرە ئەو پیشەیە ببوو، بەبیرم دێ پیاوێکی مەسیحی دەڤەری ئاکرێی لێ بوو بەناوی نەجیب روکسی، رانک و چۆغەی کری دەدووری، دایکیشیم هەموو جارێ دەیگوت دەچمە دوکانی فەتاح چەلاوی ناو قەیسەری شەکر و چای دەکڕم، دوایێ بۆم دەرکەوت فەتاح چەلاو یەکێک بوو لەو توجارباشیانەی سەردەمی زوو دوکانەکەی لە قەیسەری کردۆتەوە، ئەو کڕیارانەی بە بەردەوامیش مشتەری ئەو بوون، ماڵە کەسایەتی و دەوڵەمەندەکانی هەولێرێ بوون.
نووسەر و ئەرشیفساز ئیحسان موفتی دەگێڕێتەوە ائێمە ماڵمان لە قەڵاتێ بوو، بابم رەشاد موفتی بە بەردەوامی هاموشۆی بازاڕی قەیسەری دەکرد، بە درێژایی کۆڵانەکانیش سڵاوی لە دوکاندارەکان دەکرد، تا دەگەیشتە لای دوکانی فەتاح چەلاوی دادەنیشت، هەندێ جار داوای دەفتەرەکەی لێ دەکرد یان چایەکی لەكن دەخواردەوە، چونکە جاران وەکو ئێستا نەبوو خەڵک مانگانە بچێتە لای دوکانی مەعمیلەکەیان و دەفتەری قەرزی مانگانەیان بکەنەوە، ئێمە دەچووین یان ئەو کەسەی لە ماڵمان پەیوەندار بوو بەم کارە، سەردانی دوکانی فەتاح چەلاوی دەکرد و هەرچی پێداویستی هەبوایە دەیهێنا، جاری وا هەبوو سێ مانگی دەخایاند، لەناکاو بابم جوابی بۆ دەنارد و دەفتەرەکەی بینی تا بۆی ساف بکات.
ئینجا کەسێکی دیکەی ناو قەیسەرییم بەبیر دێتەوە، پیاوێکی بەژن مامناوەندی و کورتەک و شەرواڵ لەبەر و کراسێکی سپی بە لەوەندی و جەمەدانی لەسەر بەدیار دوکانێکی تژی لە پێستەی پەنیر و ژاژی و هەنگوینی کوێستانان دانیشتبوو، ئەویش سەید تەیبی پەنیرفرۆش بوو، ناوبانگەکەی وا بوو، ئەو پیاوەیان لە وەرزێکی ساڵدا دەچووە کوێستانان لەگەڵ مەڕدارەکانی هەرکی و خەیلانی و مامسارەکان دەکەوتە سەودا و پێشەکی پارەی دەدانێ تا لەگەڵ ئەوەلی بەهارێ لەگەڵ پێگەیشتنی ماست و پەنیر، بەرهەمی ئەوان بۆ ئەو بێ، جاری واش هەبوو بە مانگ لەو دەڤەرانە مابووەوە.
حاجی بەکر زێڕینگریشم بەبیر دێ، کەواسەڵتەیەکی لەبەربوو و جاروبار هەورییەکی سرکە یان حەرارییەکی حاجیانەی لەسەر بوو لە پشت مێزێکی گچکە و تەرازوویەکی بچکۆڵانەی زێڕکێشان و کەلوپەلی دیکە دادەنیشت، پیاوێکی بەویقار لە جامخانە پڕ لە گوارە و خەزێم و کەمەرەی زێڕەوە سەیری بازاڕ و خەڵکەکەی دەکرد.
چایخانەکەی مام خەلیلییش، کە لە ساڵی ١٩٤٨ـەوە لەناو قەیسەری کراوەتەوە و دەکرێ بڵێین یەکەم چایخانەیە لەوێ کە تا ئێستا ماوە. بازاڕی قەیسەریی ھەولێر كە کەوتووەتە نێو جەرگەی شار، مێژووی دروستکردنی بۆ زیاتر لە 200 ساڵ پێش ئێستا و سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی دەگەڕێتەوە، رووبەرەکەی نزیکەی 50 هەزار مەتری چوارگۆشەیە، یەکەم دەرگاشی بەرامبەر قاوەخانەی عەبۆ بووە، ئەوانەی لە دەستپێکی قەیسەری دوکانیان کردۆتەوە دەباغەکان و دۆغرەمەچییەکان بووینە.
قەیسەریی هەولێرێ لە کاتی خۆیدا بێجگە لە دوکانەکانی ناو بازاڕ، سەرەوەشی بۆ شوێنی دانیشتن دروست کرابوو، کە ببووە دیوەخان و نووسینگەی باشتوجاڕەکان، بۆ تاوتوێکردنی کاروبار و مامەڵەکردن و یەکتردیتن، لەوانەش دوکان و دیوەخانی گەورە و دەوڵەمەندی هەولێرێ ئەحمەد چەلەبی بووە، هەروەها دەتواندرێ بە چەند دەرگایەک بچیتە ناو قەیسەری، دروستکردنیشی لەوەوە دەستیپێکرد خەڵکەکە وردە وردە لە قەڵاتێ هاتنە خوارێ، بۆ کاروكاسبی پێویستیان بە دوکان و شوێنی گونجاو هەبوو بۆ بەڕێوەچوونی گوزەرانیان، دوای ئەو هەموو ساڵەش قەیسەری هەولێرێ هەروەکو جاران بە هەڕمێنی ماوە و دەیان دوکانی زێڕینگری و پەنیر و هەنگوینفرۆش و جلوبەرگ و فرۆشتنی کۆگای پێڵاو، بەڵام لە هەمووی گرنگتر مانەوەی وجاغی ئەوانەی پێشووە بۆ نەوەکانیان، کە تا ئێستا نە مێژووی قەیسەری و نە مێژووی ئەوانیان کوێر کردۆتەوە. ئەو موڵکانەی ئەم قەیسەرییەشی لەسەر دروست کراوە هی ژمارەیەکی زۆر لە خانەوادەکانی هەولێرێنە و کەسیش تا ئێستاکە بەلایاندا ناچێ، وای لێ هاتووە ئەوانەی لەناو دوکانەکانن، ببنە خاوەنی موڵک.