ئەمساڵیش لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی بەفربارین، هەزاران گەشتیاری عێراقی ڕوویان لە هەرێمی کوردستان كردووە بۆ سەردانی سەیرانگە ساردەكانی وەك چیای كۆڕەك و شنگلبانەی رواندز.
ساڵ بەساڵ ئەستێرەی گەشتیاریی زستانەی دهڤهری سۆران بەرەو هەڵكشان دەچێ، دیمهنهكانی بهفر بارین لە چیای کۆڕەک، برادۆست و حهسهن بهگ بوونەتە جێی بایهخی كۆمپانیا گهشتیارییەكانی ناوهڕاست و خوارووی عێراق.
نەشمە عەدنان كە کارمەندی کۆمپانیایەكی گەشتیاریی عێراقیە، بۆ )گڵگەند(ی ئاشكرا كرد ئەوان لەم وەرزی زستانەدا گەشتیار لە شارەکانی بەغدا و بەسرا و چەند شارێكی تری عێراقیشەوە دەهێنن، زیاتریش ڕوو لە چیای کۆڕەک و شنگلبانەی رواندز دەكەن، ئێستاش رۆژانە زیاتر لە دوو هەزار گەشتیار تەنها لە ڕێگەی کۆمپانیەکەی ئەوانەوە دەگەنە چیای کۆڕەک.
لای خۆیەوە عهلا فەهد گهشتیارێکی عەرەبی عێراقیە گوتی ئێمە لە بەغداوە هاتووین، خۆتان دەزانن رەوشی بەغدا و عێراق بەگشتی چۆنە، ئیتر هاتووین لەناو سروشتی كوردستاندا پشوویەك بدەین و بحەسێینەوە، بەڕاستی کەشوهەوای زستانەی چیای كۆڕەك سەرسوڕهێنەرەب.
هەروەها بوشرا ئەحمەد گهشتیارێكی تری عەرەبی عێراقە و بۆ یەكەم جارە لەگەڵ خێزانەكەیدا لە بەسرەوە ھاتووە بۆ چیای كۆڕەك، دەڵێ باوەڕی نەدەكرد ئەو دیمەنە سروشتیە سەرسوڕهێنەرانە بە چاوی خۆی ببینێت، ئاماژەش بەوە دەكات كە مامەڵەی خەڵك زۆر باشە لەگەڵیاندا، سەرباری ئەوەی شوێنە گەشتیارییەكە سەرنجڕاكێش زۆر پاكوخاوێنە.
محەمەد قەیس گهشتیارێكی ترە و سەرەتا سهردانی هەولێر و قهڵاتیان كردووە، دواتر هاتوونەتە كۆڕەك، چوارەمین جاریەتی بۆ گەشتكردن سەردانی ناوچەكە بكات، دەڵێ زۆر ئاسوودەن و رووبەڕووی ھیچ كێشەیەك نەبوونەتەوە.
كچێكی تری عێراقی لە شاری ئەنبارەوە بە ناوی سەما عهلی ڕووی لە چیای كۆڕەك كردووە و هاتووە یەکەم بەفری ئەمساڵ ببینێت، پێشتریش چەند جارێك لە زستاندا سەردانی كۆڕەكی كردووە.
لای خۆیەوە پارێز یوسف بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز بە (گڵکەند)ی راگەیاند ساڵانە بەفر ژمارەیەكی زۆری گەشتیار ڕادەكێشێتە سنوورەكە، بەتایبەتی گەشتیاران ڕوو لە چیای كۆڕەك دەكەن، ئەمەش وا دەكات جموجۆڵێکی گەورە بكەوێتە كهرتی گهشتیاریی زستانه.
ساڵانە لە وەرزی زستاندا کۆمپانیاكان لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە گەشتیار دەهێننە کوردستان، ئێستاش ڕۆژانە سەدان گەشتیار سەردانی چیای کۆڕەک دەکەن.