ئەوەی لێرەدا باسی دەكەم مێژووەكەی بۆ 32 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە، ڕۆژێكی گەرمی هاوین بوو، وەك دەیان جاری تر لەگەڵ هونەرمەند زیاد ئەسعەدی هاوڕێم لە چێشتخانەیەك لامان دا، بەڵام ئەمجارە لەباتی نانخواردن، بەدەم چاخواردنەوەوە لەسەر كارتۆنی پاكەتی جگەرە شیعری گۆرانیی (خوداحافیز(م بۆ دانا.
سەرەتا لە ناوەڕاستی هەشتاکان زیاد ئەسعەدم ناسی، جگە لە دەنگخۆشییەكەی و شارەزایی لە مۆسیقا، کەسێکی بەئاگا و خوێندەوار بوو، دەیزانی چ شیعرێک هەڵدەبژێرێ بۆ ئەو ئاوازەی بە نیازە تۆماری بکات، بۆیە لە ماوەیەکی کورتدا بوو بە گۆرانیبێژێکی دیاری سەردەمی خۆی و گۆرانییەکانی بوونە وێردی سەر زمانی گەنجان.
شیعرەکانم بوون بە بەشێک لە تێڕوانینی ئەم هونەرمەندە، ئەوەش وای كرد لە یەکتر نزیک بینەوە و رۆژێکی هاوینی 1993 کە خەریکی ئامادەکردنی کاسێتێکی گۆرانی بوو، لەناو ئۆتۆمبێلە بەڕازیلیەکەی مندا بووین، بەتەما بووین بچینە چێشتخانەیەک لای گەراجی کۆنی مووسڵ لە گەڕەکی تەیراوە، بەڕێگاوە بووین کاسێتێکی لە باخەڵی دەرهێنا و خستیە سەر ریکۆردی ئۆتۆمبێلەکە و گۆرانیی) (خودا حافیز)ی هایدەی ئێرانی بوو، بەجۆشەوە لەگەڵی دەگۆتەوە تا گەیشتینە بەردەم چێشتخانەکە.
ئەو پێش من دابەزی و پاکەتێکی جگەرەی بەتاڵی دیتەوە و هەڵیپچڕی، پارچەیەکی خاوێنی لێ دەرهێنا، منیش هەر سەیرم دەکرد، زیاد ئەو جۆرە ئەتوارانەی هەبوو و یەکێکیش بوو لە نوکتەزانە بەتواناکان و بەزمی خۆش بوو، بەرگە پاکەتەکەی دا دەستم و گوتی (خۆ گێت لە گۆرانییەكەی هایدە بوو؟)، ئەمنیش گوتم (بەرێ، زۆر خۆش بووب)، ئەویش گوتی (ئەتو خۆت پێ شاعیرە وەنیە؟ فەرموو پێش ئەوەی دەعوەتت بکەم، وەرە لەو چایخانەیەی دانیشە و شیعرەكم لۆ ئەو ئاوازەی لۆ بنووسە)، منیش پێم سەیر بوو وەمزانی ڕادەبوێری بەو نیوەڕۆ گەرمە و پێم گوت واز لەوەی بینە خۆ كاخەز قاتی نەبووە، لێگەڕێ شەوێ لۆی دادەنیشم.
ئەویش گوتی بەخوای نا، ئیللا دەبی ئێستا لەو چایخانە و لەسەر ئەو سەرە پاکەتەی شیعرەکەم لۆ بنووسی، چونکە دیتم ئەتوش وەكی من لەگەر دەنگی هایدەی دەسووتای.
زیاد ئەسعەد زیرەکانە ناچاری كردم قەڵەمەکەم دەربێنم و بەدەم بانگكردنی چایەکەوە لەسەر سەرە پاکەتەكە دەستم کرد بە نووسینی شیعرەکە، لە ماوەی چارەگە سەعاتێک شیعرەكەم لەسەر تەختەشڕێکی چایخانەیەکی نزیک گەراجی مووسڵ لە گەڕەکی تەیراوە نووسی، زیاد ئەسعەد دوای دوو ڕۆژ گۆرانییەكەی تۆمار کرد و تا ئەمڕۆ وەك زۆربەی گۆرانییەكانی بەزیندوویی لە دڵی هەموواندا ماوەتەوە.