لە بەرزایی کۆڵانێکی گەڕەکی تەیراوە، خانووێکی کۆن کراوەتە چایخانەی کەوبازان، هەموو رۆژێ لە دوای نیوەڕۆوە تا درەنگانی شەو جمەی دێت.
لە دەرگایەکی بچووکەوە دەچیتە نێو چایخانەکە و حەوشەیەکی فراوانی لەناودایە، دەنگی قاسپەی کەو لە باخچەی حەوشەکە دەبیستی، هەر کەوە و بە ئاوازێک دەخوێنێت، لەنێو خانووەکەدا کەوبازان بە دەوری یەکدا کۆبوونەتەوە و لە کەشێکی ساردی زستاندا بەدەم چای خواردنەوەوە گفتوگۆی گەرم دەكەن.
لە بەشی دواوەی چایخانەکەدا گۆڕەپانێکی گەورەی تەختی لە لم دروستکراو دەبینی کە بەدەوریدا شوێنی دانیشتنی خەڵک هەیە، لە گۆڕەپانێكی بچوككراوەی شەڕ دەچێت.
عەبدولوەهاب رەسوڵ فەقێ تەمەن ٧٢ ساڵ، خاوەنی ئەو چایخانەیە، بەدیار سۆپایەکی دارەوە کەوتە گێڕانەوەی یادگارییەكانی، کاتێک تەمەنی ١٤ ساڵ بووە لە ڕێگەی چەند وەستایەکی خۆی کە نەقاڕ بوون، ئاشنای کەو بووە. هەروەها باسی دروستبوونی چایخانەکەی بۆ (گڵکەند) دەکات كە لە ساڵی ١٩٩٧ لە هەمان ئەو شوێنەی ئێستا چایخانەی کەوبازانی دروست کردووە، سەرەتا خانوویەکی بچووکتر بووە.
مام عەبدولوەهاب ئێستاش بەردەوامە لە بەخێوکردنی کەو، سەرنجی قسەکانی دەخاتە سەر کەوبازی و گۆڕەپانی شەڕەکەو لە چایخانەکەیدا و دەڵێ چوار جار دەستم لە کەعبە داوە، داوام لە خودا کردووە کەوبازیم لەبەرچاو بخات، بەڵام کە دێمەوە کەو دەبینم، دێمەوە سەر بەزمی جاران. ئەو لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد كە بە منداڵەکانی گوتووە لە دوای خۆی بەردەوامی بەو کارە نەدەن.
لە وەرزی پایز و زستان و بەهاردا، هەموو بەیانیانی ڕۆژانی هەینی لە کاتژمێر ٨ی بەیانی کەوبازانی هەولێر و دەوروبەری و ژمارەیەکیش لە کەوبازانی شارەکانی دیکە دێن بۆ گۆڕەپانی شەڕەکەوی چایخانەی کەوبازان لە هەولێر. دەیان کەوباز بە دەوری گۆڕەپانەکە کۆبوونەتەوە، هەر کەوبازە و قەفەسی کەوەکانی لەبەردەمی خۆی داناوە و چاوەڕێی ڕکابەرەکەی دەکات بۆ ئەوەی بچنە نێو گۆڕەپانەکە، لە ماوەی چەند خولەکێکی کەمدا دەبێت کەوێک براوە بێت و ئەوەی دیکە ببەزێت.
دیدار ئیبراهیم کاکۆ، تەمەن ٧١ ساڵ خەڵکی هەولێرە، لە گۆڕەپانەکە هەمووان بە مام دیدار بانگی دەکەن، باس لەوە دەکات كە لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە کەوی بەخێو کردووە و هەر کاتێک کەوێکی جوان دەبینێت یان لە شەڕدا باشە، چاوی دەچێتە سەر کەوەکە و دەڵێ هەر کەوەكی دەبینم درم پێی ئەبیتەوە. مام دیدار ئاماژە بە شەڕەکەوی گۆڕەپانەکە دەکات و دەڵێ ئەو شەڕە گوناحەکی گەورەیە و پێمان تەرک ناکرێت، حەز ناکات کەس فێری شەڕەکەو بێت و بە هیوایەتێکی خراپ ناوی دەبات.
لە شەڕەكەودا، هەر کەوێک لە گۆڕەپانی شەڕەکە براوە بێت نرخی بەرز دەبێتەوە و دەبێتە شانازی بۆ خاوەنەکەی، بەڵام کەوی بەزیو نرخەکەی دادەبەزێ و زەرەرێکی گەورە بەر خاوەنەکەی دەکەوێت.
لەو چایخانەیەدا نرخی کەو جیاوازە، کەوی چیا باش و جوان بێت نرخی لە ١٠٠ دۆلاری ئەمریکییەوە دەست پێ دەکات تا دوو هەزار دۆلار دەڕوات. لە كاتێكدا کەوی كێڵگەی پەلەوەر کە لە بازاڕ دەفرۆشرێ، نرخیان لە نێوان ١٠ هەزار تا ٢٠ هەزار دیناری عێراقیە،
لە قەبارەشدا نێرەکەو لە کەوی مێ گەورەتر و جوانترە.
مام دیدار ئاماژە بەوە دەکات کەوبازی و شەڕەکەو زیانی زۆری مادی پێ گەیاندووە و دەڵێ کەوم بە ١١٠٠ دۆلار کڕیوە، کەچی لە گۆڕەپانەکە بەرانبەر کەو بەزیوە و بە ١٠٠ دۆلار فرۆشتوومەتەوە. بۆیە داوا لە گەنجان دەکات قەت بیر لە کەوبازی و شەڕەکەو نەکەنەوە، خۆشحاڵیشە كە منداڵەكانی نەچوونەتەوە سەر ڕێی ئەو و كەیفیان بە كەو نایەت.
کەوی چیای قەرەچووغ یەكێ لە بەناوبانگترین جۆرەكانی كەوی چیایە و بە ڕەنگە سپیەكەی دەناسرێتەوە، کەوی چیای شەنگالیش رەنگی سوورە و کەوی چیای سەفینیش رەنگی شین باوە.
ساڵانە لە مانگی مایسدا کەوەکان کورک دەبن و زاوزێ دەکەن، لە هەر کورکبوونێکدا ١٠ تا ٢٠ بەچکەی تازە دروست دەبن. بۆ ئەوەی بەتەواوی گەورە ببن پێویستیان بە چوار تا پێنج مانگ هەیە، کەوبازەکان بۆ ئەوەی زووتر لەو کاتە کەوەکان بخەنە نێو گۆڕەپانی شەڕەوە، بە گڵۆپ کەوەکان گەرم دەکەن و وایان لێ دەکەن زیاتر شەڕ بکەن.
بەختیار حەکیم تەمەن ٤٠ ساڵ دانیشتووی هەولێرە و لە گۆڕەپانی چایخانەی کەوبازان بەدیار شەڕەکەو وەستاوە و باس لەوە دەكات كە ئەگەرچی ئەو دژی شەڕەكەوە و بەلای ئەوەوە كەو جوانییەكی تایبەتی هەیە، بەڵام هەندێک کات بۆ سەیرکردنی کەو دەچێتە ئەو چایخانەیە، پێی وایە ئازاردانی کەوەکان و بەکارهێنانیان بۆ شەڕ ناڕەوایە و تاوانێکی گەورەیە. بەختیار ئاماژەش بەوە دەکات کەوەکان هی ئەوە نین لەناو قەفەسیان بکەن و شەڕیان پێ بکرێت، بەڵکو جێگەی ئەوان ناو سروشت و چیاکانی کوردستانە.
دوای کاتژمێرێک لە شەڕی دەیان کەو لە گۆڕەپانەکەدا، بردنەوەی هەندێك و بەزینی هەندێكی تر لە کەوەکان، کەوبازەکان کەوەکانی خۆیان خستەوە نێو قەفەسەکانیان و لەگەڵ خۆیانیان بردنەوە.
کەو کە بە (پاشای چیاکان) ناودەبرێ و بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان دەبینرێن، لە بەرزایی نێوان ١٠٠٠ بۆ ٣٠٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە دەژین.