كۆتایی هه‌فتاكان كاتێك گونده سنوورییه‌كان بار كران و راگوێزراینه شار )هه‌ڵه‌بجه)، رژێم كۆمه‌ڵێك پێداویستی به‌سه‌ر ماڵه‌كاندا دابه‌ش كرد، یه‌كێك له‌وانه ته‌له‌ڤزیۆنێكی ره‌ش و سپی شاشه چوارده بوو، كه ئه‌گه‌رچی به‌رده‌وام ته‌رزه‌ی ده‌كرد و كه‌م رێك ده‌كه‌وت ساف وه‌ریبگرێ، به‌تایبه‌ت كه‌ناڵه كوردییه‌كه (ته‌له‌ڤزیۆنی ته‌ئمیم)، به‌ڵام هه‌ر به‌ڕاستی نه‌شئه‌ی خسته ناو ماڵان، گەورە و بچوك به‌دیارییه‌وه داده‌نیشتن، تا دره‌نگانی شه‌و كه دوواین بابه‌ت (مادده‌ی شه‌و) پێشكه‌ش ده‌كرا و پاش ئه‌و به (داڵ(ـه‌كه و مارشی نیشتمانی كۆتایی به‌په‌خش ده‌هات، خۆشترین بابه‌تیش به‌لای ئێمه‌وه -دوای ئه‌فلام كارتۆنه‌كان - ته‌مسیلی كوردی و فیلمی حه‌رب و عه‌سابه و شه‌ڕه شمشێر و ئه‌و شتانه بوو، فیلمه‌كان زیاتر بیانی و عه‌ره‌بی و هیندی بوون!
به‌ته‌مه‌نه‌كان كه‌متر به‌دیار فیلمه‌كانی مادده‌ی شه‌وه‌وه داده‌نیشتن، زووتر ده‌خه‌وتن؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه هه‌مووان به‌بێ جیاوازی به‌دیاریانه‌وه داده‌نیشتن ئه‌و شه‌وانه بوو كه مادده‌ی شه‌و ته‌مسیلی كوردی بوو، كه ئێستا پێی ئێژن (درامای كوردی) و هه‌ڵه نه‌بم زیاتر شه‌وی سێشه‌ممان پێشكه‌ش ده‌كرا، هه‌ر به‌ڕاستی خه‌ڵك ئاشقی ئه‌و ته‌مسیلییانه بوون كه له‌گه‌ڵ ساده‌یی ته‌كنیك و وێنه‌گرتنیاندا، جگه له ناوه‌رۆكه ره‌خنه‌ییه په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان، له ڕووی سیناریۆ و نواندنی ئه‌كته‌ره‌كانیشه‌وه له ئاستێكی به‌رزدا بوون و هه‌ر زوو ده‌چوونه ناو دڵی جه‌ماوه‌ر و كه‌سایه‌تییه‌كانیان ناوبانگیان په‌یدا ده‌كرد و ناوی كاره‌كته‌ره‌كان و حیواره‌كانیان ده‌كه‌وتنه سه‌ر زاری خه‌ڵك، بۆ نموونه كورته ته‌مسیلییه‌ك هه‌بوو كابرایه‌كی لادێیی ناوی )قاله) بوو ره‌حمه‌تی (عه‌باس ژاژڵه‌یی) ده‌وره‌كه‌ی ده‌بینی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌نه‌زانی له‌سه‌ر خه‌تی په‌ڕینه‌وه‌ی شه‌قام ده‌وه‌ستێ، پۆلیسی هاتوچۆ ده‌یگرن، ئه‌ویش هاواری ده‌كرد هه‌واڵ به ماڵه‌وه‌یان بده‌ن كه "قاله له خه‌تا گیراوە"، ئیتر ئه‌و رسته‌یه كه‌وته سه‌ر زاران و هه‌ر كه‌سێ به‌جۆرێ بكه‌وتایه‌ته دا‌و ده‌وترا "قاله له خه‌تا گیراوه".
ته‌مسیله‌كان به‌پله‌ی یه‌كه‌م هی سلێمانی و هه‌ولێر بوون، له‌وانه‌ی سلێمانی:) ژن به‌ژن، باوه‌ژن خوابناسه، پاڵتۆ، پیسكه‌ی ته‌ڕپیر، پیری ئاخر شه‌ڕ، چه‌م بێ چه‌قه‌ڵ نابێ، جه‌نابی موفه‌تیش، ئاژاوه، پژمین، دزی زۆرزان، لالۆ كه‌ریم، مه‌كری ژنان و.. هتد)، له‌وانه‌ی هه‌ولێر:) ماره‌یی، میوان، هه‌بوو نه‌بوو، لاس و خه‌زاڵ، تاپۆ هه‌قی چییه، ماله‌ی سه‌ر گرده‌كه، خۆتان بگرن هات، گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان، كه‌ونه ده‌ركه، ئاسكه و ... هتد)، كه‌ركووكیش چه‌ند ته‌مسیلێكی جوانی له سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا هه‌بوو، له‌وانه (به‌هاری دزراو، مه‌ره‌زه) به‌ڵام پاشتر نه‌ما.
ته‌مسیله‌كانی سلێمانی بۆ ئێمه ئاسایی بوون، چونكه زمان و جلوبه‌رگیان هه‌روه‌ك هی هه‌ڵه‌بجه بوون، به‌ڵام ته‌مسیله هه‌ولێرییه‌كان تام و چێژێكی زیاده‌یشیان هه‌بوو، چونكه هه‌ستت ده‌كرد جیاوازن، زمان و شێوازی قسه‌كردن و ستایلی جلوبه‌رگ و جامه‌دانی سه‌ریشیان له هی ناوچه‌ی ئێمه جیاواز بوو و حه‌زت ده‌كرد زیاتر بیانناسیت.
من كه ئه‌وكاته‌ی ئه‌و ته‌مسیلانه‌م ده‌دی مێردمنداڵ بووم، له‌ڕێی ئه‌و ته‌مسیلانه‌وه هه‌ولێر و شێوه قسه‌كردنی هه‌ولێریم خۆش ویست، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو ئه‌و ته‌مسیلانه وا چووبوونه دڵم ئاواتم ئه‌وه بوو رۆژێ له رۆژان ئه‌و ئه‌كته‌رانه و ئه‌و خه‌ڵكانه ببینم كه به‌و زمانه قسه ده‌كه‌ن.
هه‌موو ئه‌و ته‌مسیلانه‌ی سه‌ره‌وه خۆش بوون، به‌ڵام (هه‌بوو نه‌بوو) كه به‌ته‌مسیلی ره‌جه‌ب په‌لكه پاقله‌خۆریش ناوده‌برا و (تاپۆ هه‌قی چییه) كه به ته‌مسیلی (حاجی یادگار(یش ده‌ناسرا، خۆشترینیان بوون، به‌تایبه‌ت (هه‌بوو نه‌بوو) كاتێ په‌خش كرا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری هه‌بوو و ناوی (ره‌جه‌ب)، كه هونه‌رمه‌ند سه‌عدوون یونس رۆڵی ده‌بینی و (شه‌له‌ی قۆڵبڕ) كه ره‌حمه‌تی سه‌لام كۆیی رۆڵی ده‌بینی و) ئۆمه‌ر چاوچنۆك) كه ره‌حمه‌تی زاهیر عه‌بدوڵا رۆڵی ده‌بینی و حیواره‌كانیان، به‌زمانی ئه‌مڕۆ بوون به) ترێند) و كه‌وتنه سه‌ر زمانی خه‌ڵك، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ركه‌سێ ته‌مه‌ڵ بووایه پێیان ده‌وت )ره‌جه‌ب)، به‌كه‌سی ساخته‌چی ده‌وترا )شه‌له‌ی قۆڵبڕ) یان یه‌كێ ره‌زیل و چرووك بووایه پێیان ده‌وت )ئۆمه‌ر چاوچنۆك) ، سه‌یر ئه‌وه بوو له‌و ته‌مسیلانه تێر نه‌ده‌بووی، جار له‌دوای جار ته‌ماشات ده‌كردنه‌وه و چێژت لێ ده‌بینین، تا ئێستایش من چێژ له‌و ته‌مسیله كۆنانه ده‌بینم.
ئه‌گه‌رچی له كۆتایی ساڵی 1988دا رژێمی گۆڕبه‌گۆڕ ئێمه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یی وه‌ك جۆره نه‌فیكردنێك له ده‌شتی هه‌ولێر فڕێ دا (گونده‌كانی گرده‌چاڵ و به‌روشتر و شاخۆلان) و دوو ساڵ له‌وێ ماینه‌وه، به‌ڵام دۆخه‌كه هی ئه‌وه نه‌بوو بیر له‌و شتانه بكه‌یته‌وه، تا له نیسانی 1995 جارێكی تر به ئه‌ركێك گه‌ڕامه‌وه شاری هه‌ولێر و تێیدا نیشته‌جێ بووم و بۆ یه‌كه‌م جار تێكه‌ڵ به خه‌ڵكی هه‌ولێر و زمانه‌كه‌یان بووم.
بیرم دێ ئه‌وكاته رۆژانی هه‌ینی له )مزگه‌وتی سپی) نوێژم ده‌كرد كه به‌ڕه‌حمه‌ت بێ )م. مه‌لا عه‌بدوڵا په‌لپیتانی) وتاری ده‌دا، كه به‌و زمانه قسه‌ی ده‌كرد رێك ده‌چوومه‌وه جه‌وی ته‌مسیله هه‌ولێرییه‌كان، به‌هه‌مان شێوه له جاده و كۆڵان كه له‌گه‌ڵ دوكاندار یان ده‌ستگێڕه‌كان قسه‌م ده‌كرد تووشی هه‌مان حاڵه‌ت ده‌بووم.. ساڵان تێپه‌ڕین و مانه‌وه له‌و شاره‌دا زۆر تا كه‌م كاری له زمانی منیش كردووه، ره‌نگه به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆم هه‌ستی پێ بكه‌م، جارێكیان له بازاڕی هه‌ڵه‌بجه له‌گه‌ڵ براده‌رێك له سه‌وزه فرۆشێكم پرسی "كه‌ره‌وز ده‌سكی به‌چه‌نده؟"، براده‌ره‌كه‌م به‌سه‌رسوڕمانه‌وه وتی "ئه‌وه چییه"! وتم: چییه؟ وتی:" زوانت گۆڕاوه"، وتم: بۆ؟ وتی:" ئه‌ی بۆ نایه‌ژی وه‌چه‌نه، ئێژی" به‌چه‌نده!"..
ئێستا ئیتر به‌ئاسایی ده‌توانم برێم "عه‌یب نه‌بی" گندۆره به‌چه‌ندی، ئه‌دی كودی؟"، "ماستی چێرتان هه‌یه؟"، "لۆ نابی؟"، "كووی باشی؟"، مناڵه‌كانم ئه‌وه هه‌ر هیچ، چونكه له هه‌ولێر له‌دایك بوون و پێگه‌یشتوون له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ زمانیان هه‌ولێرییه‌كی ئۆریژناڵه، به‌ڵام كه هاتنه‌وه ماڵ مه‌وجه‌كه ده‌گۆڕن بۆ هه‌ڵه‌بجه‌یی.
زۆر جار خزم و براده‌رانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه پێم ده‌ڵێن "ئه‌رێ تۆ هیچ ئیشێكی تایبه‌تت نییه له‌وێ، چی ده‌كه‌ی له‌و غه‌ریبییه‌ی هه‌ولێر؛ بۆ نایه‌یته‌وه؟" پێیان ده‌ڵێم: "ئه‌وه راسته هیچ ئیشێكی تایبه‌تم لێره نییه و دڵیش هه‌ر لای وه‌ته‌نی منداڵییه، به‌ڵام من به‌شی هه‌ره‌زۆری ته‌مه‌نم له هه‌ولێر به‌سه‌ر بردووه و تازه به‌كه‌شوهه‌وا و كووچه و كۆڵان و ده‌شت و ده‌ره‌كه‌ی راهاتووم، بۆ منداڵه‌كانیشم ئێره بووه‌ته وه‌ته‌ن و شوێنی یادگارییه‌كانیان و دۆخێكی ناله‌بار ناچارم نه‌كا به‌رنامه‌ی به‌جێهێشتنی هه‌ولێرم نییه".