منداڵێكی پێنج ساڵان بووم، ماڵمان لە گەڕەکی تەعجیل بوو لەنێو چەقی شار، لە هەرسێ سینەماکەی هەولێر نزیک بووین. لای ڕاستمان سینەما حەمڕا، لای چەپیش سینەما سەڵاحەدین و ڕاستەوڕاستیش ئەگەر بەسەر قەڵات کەوتبای، دەگەیشتیە سینەما سیروان، بەڵام سینەما حەمڕا نزیکترینیان بوو.
ڕۆژانەش کە دەهاتمە سەر جادە، تابلۆ و پۆستەرە هەڵواسراوەکانی سینەما حەمڕا و دوو سینەماکەی ترم لەسەر لادیوارێکی) یانەی موزەفین)ی ئەوسا و بازاڕی نیشتمانی ئێستا دەدیت، یان لە ریکلامە سەرپێییەکانی مستۆ کۆر کاتێ بەدەنگە زبرەکەیەوە هاواری دەکرد و چەند وێنەیەکی فیلمەکانی بەرز دەکردەوە و پێیدا هەڵدەدان، کە دەرفەت لە بینینیان لە دەست نەدەین و فیلمی خۆشن.
من هێشتا سینەمام نەدیتبوو، بەڵام زۆر پەرۆش بووم بۆ بینینی، چونکە زۆر گوێم لێ دەبوو کاتێک منداڵانی کۆڵان باسیان دەکرد چۆن لەگەڵ دایک و باوکیان چوونەتە سینەما.
ئەوسا منداڵان نەیاندەتوانی بەتەنیا بێ ئیزنی ماڵەوە بچنە سینەما، هەندێك جار هەندێکیان بەدزییەوە دەچوون، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، چونکە لە هاویندا ڕۆژ درێژە و ئەوان لەبەر قوتابخانە لە کاتی عەسر دەچوونە سینەما و پێش مەغریب کە دنیا ڕۆژ بوو دەچوونەوە ماڵەوە و کەس پێی نەدەزانی، بەڵام لە زستاندا ڕۆژ کورتە و فیلمەکانیش زۆری هیندی بوون و درێژ بوون، کە فیلم تەواو دەبوو، ڕۆژ بەدەرێوە نەمابوو، دنیا تاریک دەبوو، كە دەچوونە ماڵەوە تووشی سزا و لێپێجینەوە دەبوون، خۆم چەند جارێک وام بەسەرهاتووە.
بۆیە منداڵان لەگەڵ خانەوادەکەیان دەچوونە سینەما و ئەوکات عادەت بوو، خەڵکی هەولێر بە کۆمەڵ و بەخێزانەوە دەچوونە سینەما، لەنێو سینەماش لۆجی تایبەتی دانیشتن بۆ خێزانان هەبوو، خەڵکیش شەوانە دەچوونە سینەما نەک بەڕۆژ، چونکە بەڕۆژ باوکان لە کار بوون و دایکان کاری ماڵەوەیان دەکرد و منداڵانیش لە قوتابخانە بوون.
ماڵی ئێمە حەفتانە شەوێک دەچووینە سینەما، من و دایک و باوکم و دوو خوشکم، ئەو فیلمانەی دەچووین و دەماندیتن عەرەبی یان هیندی بوون، یان فیلمی سۆپەرمان بوون، بەڵام هیندییەکان زیاتر مەرغوب بوون.
من چانسێکی باشم هەبوو مامی گچکەم تەمەنی ١٨ ساڵ بوو، زۆری حەز لە فیلمی هیندی بوو، حەفتانە دوو یان سێ جار لەگەڵ برادەرەکانی دەچوونە سینەما، ئەوانیش هەر شەوانە دەچوون. زۆر جاران منی لەگەڵ خۆی دەبرد، بەڵام شێتوهار دەبوو ئەگەر بیزانیبا بەتەنیا و لە خۆمەوە چوومەتە سینەما، یان تەنانەت لەگەڵ هاوڕێكانیشم، بەبیرم دێت هاوینان کە نانی ئێوارەمان لە حەوشەی ماڵەوە دەخوارد، زۆر جار لە کاتی نانخواردن مامم پێی دەگوتم حەز دەکەی بێیە سینەما؟ کاتێ ئەو پرسیارەی دەکرد لە خۆشیان دەفڕیم و نانەکەم پێ نەدەخورا.
وەلێ زۆر جار وا ڕێک دەکەوت زۆربەی فیلمە هیندییەکان زۆر درێژ بوون، کاتیان زۆر بوو، منیش لە بەدبەختیان چونکە شەو بوو، لە نیوەی فیلمەکە خەوم لێ دەکەوت، تا فیلم تەواو دەبوو بە خەبەریان دەهێنام و دەگەڕاینەوە ماڵێ.
من پێش ئەوەی بچمە سینەما و فیلم ببینم وامدەزانی هەموو جیهان تەنیا لە گەڕەکەکەمان و شەقامەکه و سینەماکانی نزیکمان پێک هاتووە، بەڵام له ڕێی سینەماوە زانیم و فێر بووم کە جیهان زۆر لەوە گەورەتر و فراوانترە لە گەڕەک و کۆڵانەكەمان، سینەما دنیابینینێکی فرە چەشنی پێ بەخشیم و هۆگری كردم.