یاسین تاهیر لە دامەزراندنی یانەوە تا شوفێری پاسی یاریزانان
یاسین تاهیر مەعروف ناوێکی دیاری وەرزشی هەولێرە، یەكێك لە دامەزرێنەرانی یانەی هەولێرە و تا ئەمڕۆ لەوێ كار دەكات. بەم شێوەیە 56 ساڵی تەمەنی بەبێ دابڕان لەگەڵ ئەو یانەیەدا بەسەر بردووە.
یاسین تاهیر بەدەم کارکردنی لە کۆگای یانەی هەولێر، باسی دامەزراندنی یانەكە و یادگارییەکانی بۆ (گڵكەند) دەگێڕێتەوە و لە 11/3/1968ەوە دەست پێ دەكات، ئەو رۆژەی لە نزیک شێخی چۆلی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئیداریی هەولێر لە بارەگای چالاکیی وەرزشی، مەراسیمی دامەزراندنی یانەی هەولێر بەڕێوەچوو، دەڵێ دەستەی دامەزرێنەرانی یانەی هەولێر لە نۆ کەس پێک هاتبوون و یانەکەیان دامەزراند، ئەوکات یانەکانی بروسک و هێرش هەبوون، لەبەر ناوی هەولێر بڕیاریان دا یانەكە بەو ناوەوە دابمەزرێنن.
حاجی ئیبراهیم حەلاق وەک یەکەم سەرۆک یانە دەستبەکار بوو، هەریەک لە فاروق سەید حەسەن، ئەحمەد حەسەن بەنا، یاسین تاهیر، ئەدیب دانیال، ئەیوب مستەفا، نەوزاد شێخ تەیب، عیزەدین حوسێن، بورهان محەمەد و یاسین تاهیر بوون بە دەستەی کارگێڕی یانەکە، یەکەم جار بارەگای یانەی هەولێر لە گەڕەکی شۆڕش بوو، بارەگایەکی نموونەیی لە شوێنی ئێستای یانەی بروسک دروست کرا تایبەت بە یانەی هەولێر، یاریگایەكەشی هەمان ئەو یاریگایە بوو كە ئێستا هی یانەی هەولێرە.
یاسین تاهیر لەبارەی بیرۆکەی دامەزراندنی یانەی هەولێرەوە دەڵێ ڕۆژانە لە شەقامی باتا لە چایخانەی دڵزار کۆ دەبوونەوە لە بەرانبەر سەرتاشخانەکەی ئیبراهیم حەلاق، ئەو کات تیپی میللی ئەنوار هەبوو، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەنجامەکانی باش دەبوون، باسیان لەوە کرد بۆ ئەو تیپە نەکەن بە یانە، ئیتر دەستیان بە ڕێکارە یاساییەکان كرد لە هەولێر، خۆی و نەوزاد شێخ تەیب چوون بۆ بەغدا و سێ ڕۆژ لە وەزارەتی ناوخۆی ئەوسای عێراق مامەڵەیان تەواو كرد، هاتنەوە هەولێر و یانەکەیان ڕاگەیاند.
ئەوکات وەک ئێستا خولی عێراق نەبوو، بەڵکو پاڵەوانییەتی هەڵبژاردەی شارەکانی عێراق بەڕێوە دەچوو، هەولێریش ساڵانە بەناوی هەڵبژاردەی هەولێر بەشداریی ئەو پاڵەوانیەتییەی دەکرد.
یاسین تاهیر پێی وایە وەرزشی ئەوسا و ئێستا جیاوازی زۆرە، جاران یاریزان بۆ خۆشی و بەخۆبەخشی یاری دەكرد، ئەوانیش بەیەک گیان کاریان بۆ ناوی هەولێر دەکرد، کەس باسی پۆست و پارە و مووچەی بۆ وەرزش نەدەکرد، ساڵانە 75 دینار بودجەیان هەبوو لە وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق. خەڵكانێك هەبوون لە یانەکە مانگانە لەناو شار دەگەڕان خۆبەخشانە پارەیان بۆ یانەی هەولێر کۆ دەکردەوە بۆ ئەوەی چالاکییەکانی پێ ئەنجام بدات، جەژنان شوێنێک هەبوو لە شوێنی ئێستای گازینۆ عەنتەر کە کۆمەڵێک یاری بۆ منداڵان لێ بوو وەکو جۆلانە و کۆمەڵێک یاری تر، پارەکەیان کۆ دەکردەوە بۆ یانەی هەولێر.
ئاماژە بەوەش دەكات كە جگە لە یاری تۆپی پێ، یارییەكانی پایسکیلسواری، بالە، باسکە، گۆڕەپان و مەیدان و شەترەنجیشیان هەبوو لە یانەی هەولێر.
خۆشەویستیی یاسین تاهیر بۆ یانەكەی وای كردووە هەر کارێك پێویست بووبێت بۆ یانەکەی بیکات، هەر لە یاریزانی و ڕاهێنەری و ئەندامی دەستەی کارگێڕی و سەرپەرشتیاری تیپەکانی تۆپی پێ، باسکە، بالە و پایسکیلسوارییش، تەنانەت زۆر کات وەک شوفێری پاسی یانەکەش كاری كردووە و یاریزانانی بۆ شارەکانی تری عێراق گواستووەتەوە، ئێستاش لەنێو فەرمانبەرانی یانەکە یاسین تاهیر بە ئاڵای یانەکە بانگ دەکرێت، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو خزمەتە زۆرەی بە یانەکەی کردووە، لە ماوەی مانەوەی لە یانەی هەولێر لەگەڵ 10 سەرۆک یانەدا کاری کردووە و هیواداریشە تا دواین ڕۆژی ژیانی لە یانەی هەولێر بمێنێتەوە.
یاسین تاهیر كە ئێستا بەرپرسی كۆگای یانەی هەولێرە، یادگارییەکی ساڵی 1978 دەگێڕێتەوە، كاتێك یانەكە شوفێری نەبووە، ناچار بووە بۆ گەشتێكی درێژ خۆی ببێتە شوفێر، پاسی یانەی هەولێری لێخوڕیوە تا بەغدا، لەوێشەوە چوون بۆ بەسرە، جارێكی تر لە بەسرەوە چوون بۆ سلێمانی، ئینجا هاتینەوە هەولێر. یاسین تاهیر دەڵێ پاسەكە 18 نەفەری بوو، كەچی 25 كەسی تێدا بوو.
یادگاییەكی تری تاڵ و شیرینی ساڵی 1988 دەگێڕێتەوە، ئەو رۆژەی لە شاری کوت یارییان هەبووە، سامی سەعید ڕاهێنەر بوو و یاسین تاهیر سەرۆکی شاند و شوفێری گەشتەكە بووم، ئەوساكە یەک دینار لە یانەکەدا نەبوو بۆ ئەو گەشتە، بۆیە ناچار بوون پارە كۆ بكەنەوە، یاسین تاهیر دەڵێ اچووین بۆ شێخەڵا بۆ لای حاجی موحسین قەساب کە یەكێك لە کارگێڕەكانی ئەوکاتی یانەی هەولێر بوو، بۆ ئەوەی هەندێک پارەی لێ وەربگرین، پێی گوتین هیچ پارەیەکم پێ نییە دەبێ بوەستن تا هەندێک گۆشت دەفرۆشم و پارەکەتان پێدەدەم، زیاتر لە دوو کاتژمێر لەوێ وەستاین تا هەندێک گۆشتی فرۆشت و بە پارەکەی گەشتەکەمان کرد.ب