چەند ساڵێكە ژنانی دووگیان لە هەولێر بە كۆمەڵ ڕوو لە یۆگا دەكەن و لەلایەن ژنە ڕاهێنەرێكی ئەمەریكییەوە لە هۆڵێكدا كۆ دەكرێنەوە و جۆرێك لە گرووپی تایبەتیان دروست كردووە، تا لە نزیكەوە ئاگەداری یەكتر بن و جگە لە یۆگا، هەواڵی دووگیانی و دواتریش منداڵبوون بۆ یەكتری دەگێڕنەوە.
یۆگا كە چەند چالاکی و وەستانێکی جەستەیی و دەروونی و ڕۆحییە، مرۆڤ بۆ ئارامکردنەوەی مێشک و کۆکردنەوەی بیر و هەناسەی قووڵ ئەنجامی دەدات، چەندین جۆری هەیە و لە شوێنە گشتییەكان و لە شوێنی تایبەتیش ئەنجام دەدرێت.
چەند ساڵێكە لە شوێنە گشتییەكاندا لە هەولێر، وەك پاركی سامی عەبدورەحمان یۆگای بە كۆمەڵ ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەدیاریكراوی ماوەی سێ ساڵە ژمارەیەكی بەرچاو لە ژنانی دووگیان لە هەولێر بەسەرپەرشتیی ڕاهێنەرێكی ئەمەریكی دەستیان بە یۆگا كردووە.
برێندا هێرشی ڕاهێنەرێكی یۆگای تەمەن 32تساڵە، ماوەی 10 ساڵە یۆگا دەكات و شەش ساڵیشە بووەتە ڕاهێنەر، بەر لە پێنج ساڵ هاتووەتە هەولێر، خۆشحاڵە كە ژنانی دووگیان بێ پچڕان بەشداریی كڵاسەكانی دەكەن.
برێندا بۆ (گڵكەند) باس لەو ژنە دووگیانانە دەكات كە یۆگا دەكەن و بەشێكیان خەڵكی هەولێرن، ئەوانی تر ژنانی بەشەكانی تری كوردستانن، پەنابەری عەرەب و چەند ژنێكی بیانیشیان لەناودایە.
ئاماژەش بەوە دەكات كە دەیانتوانی لە شوێنی گشتیی وەكو پاركی سامی عەبدورەحمان یۆگا بۆ ژنانی دووگیان ڕێك بخەن، بەڵام ویستوویەتی تایبەتمەندیی ئەو ژنانە بپارێزێت و لە هۆڵی داخراودا لە عەنكاوە كۆیان بكاتەوە، هەندێك جاریش كڵاسی تایبەتی و ئۆنڵاین دەكاتەوە.
ئەو ژنە ئەمەریكییە دەشڵێ گرووپێكی واتسئاپیان هەیە بۆ ئەو ژنانەی بەشداریی لە كڵاسەكانی یۆگادا دەكەن، لە ڕێگەی ئەو گرووپەوە بەردەوام ئاگەداری یەكتری دەبن و هەواڵی یەكتر دەزانن و لە تەندروستییان دەپرسێتەوە.
ژنان لە هەولێر جار جارە یۆگای ڤینیاسا دەكەن لە پاركی سامی عەبدورەحمان، برێندا دەڵێ ئەم یۆگایە بە خۆڕاییە یان بە خۆبەخشانەیە، هەر ژنێك بیەوێت بڕە پارەیەك بە دڵی خۆی دەدات. هەر لەو شوێنە گشتییەدا یۆگاكانی تراوما ریكۆڤێری و نیدراش دەكەن.
ئەو ڕاهێنەرەی یۆگا پێشتر لە بواری مرۆیی و هاوكاریكردنی ژناندا لە كوردستان كاری كردووە و دەڵێ دواجار بیری كردەوە لە ڕێگەی یۆگاوە هاوكاریی ژنانی دووگیان بكات لە كوردستان و پێی وایە لە ڕووی دەروونی و جەستەییشەوە خزمەتێكی گەورەیان پێشكەش دەكات.
برێندا دوای ئەوەی لە هەولێر شووی كرد، ماوەی هەشت مانگ و نیوە خۆی دووگیانە و دەڵێ بەم هۆیەوە هەستێكی خۆشتری هەیە كە یۆگا بە ژنانی دووگیان دەكات.
لەبارەی كرێی ڕاهێنانی یۆگاشەوە نمونە بە كارەكانی دێنێتەوە لە یانەیەكی تایبەت بە یۆگا لە عەنكاوە، كە بۆ هەر كڵاسێك بڕی 15 بۆ 20 هەزار دینار وەردەگرن.
ئەو ڕاهێنەرە ئەمەریكیە دەڵێ سێ ساڵە خۆی بۆ یۆگا تەرخان كردووە، بەتایبەتی یۆگای چاكبوونەوە لە زەبروزەنگ. (Trauma Recovery Yoga) هەروەها لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەك بڕوانامەی لە جۆری جیاوازی یۆگادا بەدەست هێناوە، بەڵام ماوەی دوو ساڵە زۆرترین داواكاری لەسەر یۆگای تایبەت بە ژنانی دووگیان بۆ هاتووە، بۆیە زۆرترین كات بەم جۆرە یۆگایەوە لە خزمەتی ژنانی دووگیاندا بووە و پێشوەختەش بڕوانامەی (Doula)ی لە بواری یۆگای دووگیانیدا بەدەست هێناوە.
لەبارەی ژمارەی ئەو ژنانەی بەشداریی كڵاسەكانی یۆگا دەكەن دەڵێ ژمارەكە نازانێ، بەڵام جار هەبووە لە یەك كڵاسدا 15 ژنی دووگیان بەشدارییان كردووە. ئەوەش باس دەكات كە ئەو ژنە دووگیانانەی بەشدارییان لە یۆگاكەیدا كردووە، دوای منداڵبوون پەیوەندییان پێوە كردووەتەوە و زۆر خۆشحاڵبوون كە كڵاسەكانی یۆگا لە ڕووی تەندروستی جەستەیی و دەروونیشەوە سوودی زۆری پێگەیاندوون.
برێندا لەگەڵ زۆربەی ژنە دووگیانەكاندا بووە بە هاوڕێ، بەتایبەتی لەگەڵ ئەوانەی زۆرتر و بەردەوام سەردانی دەكەن، دەڵێ وای لێ هاتووە ئەگەر نەیەنە كڵاسەكەشی لە تەندروستییان دەپرسێت داخوا لەگەڵ دووگیانیدا بەكوێ گەیشتوون. ئاماژەش بەوە دەكات كە وا هەست دەكات گرووپێكی بچووكی كۆمەڵایەتییان دروست كردووە و لە ڕووی دەروونی و تەندروستیشەوە بەردەوام هاوكاری و پشتیوانیی یەكتری دەكەن، بە هەستێكی خۆشیشەوە دەڵێ زۆربەی ژنەكان دوای منداڵبوون لە گرووپەكەیاندا لە واتسئاپ وێنەی منداڵەكانی خۆیان پێشانی یەكتری دەدەن.
جگە لە سوودە جەستەییەکان، یۆگا بووەتە سەرچاوەی پشتیوانیی سۆزداریی بۆ زۆر لە ژنە دووگیانەكان، زۆر جاریش گفتوگۆکان لە کاتی پشووەکان دەگۆڕدرێن بۆ گفتوگۆی كۆمەڵایەتی و باس لە ئەزموونی خۆیان بۆ یەكتری دەكەن، باسی شەوانی بێخەو و ئازارەكانی جەستەیان، دوودڵیی لە ناونانی منداڵ و پێشنیازەکانی عەرەبانە و كڕینی جلوبەرگی منداڵی ساوا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی دووگیانی ئەمریکی، یۆگای پێش لەدایکبوون دەبێتە هۆی باشترکردنی خەو و کەمکردنەوەی فشار و دڵەڕاوکێ و زیادکردنی هێز و نەرمبوونەوەی ماسولکەکانی پێویست بۆ منداڵبوون و کەمکردنەوەی ئازاری بەشی خوارەوەی پشت و سکچوون و سەرئێشە. هەروەها مەشقکردن و بەسەربردنی کاتیش لەناو سروشتدا دەتوانێت ئاستی کۆرتیزۆڵ دابەزێنێ و باری دەروونیی ژنانی دووگیان هێور بکاتەوە.