بەیادی ئەو چیڕۆكە سپییانەی لەژێر قەمەندۆرە ڕەشەكاندا نەگێڕدرانەوە
زیاتر لە نیوەی تەمەنی لەگەڵ کامێرا شەمسییەكەی بەسەر بردووە، ساڵانێک خۆی و هاوپیشەکانی لەبن دیواری قەڵاتی هەولێرێ رێچكەیان بەستبوو، هەزاران وێنەی ڕەش و سپییان بۆ خەڵكی دڵگەشی ئەو سەردەمە دەچركاند، ئەو لەسەر دەستی مامۆستاكەی (گیو موکریانی) فێری پیشەی وێنەگری بوو، ئێستاش بە خۆشەویستی و یادی ئەوێ ڕۆژێ دەژی.
سابیر محه‌مه‌د عه‌لی كە لە 1947دا له گوندی عه‌وێنه له‌دایك بووه، بیرەوەریی خۆی و كامیرە شەمسییەكەی بۆ (گڵكه‌ند) ده‌گێڕێته‌وه و باس لەوە دەكات كاتێ عه‌بدولكه‌ریم قاسم هاته سه‌ر حوكم، ماڵیان هێناوەتە هه‌ولێر، ئه‌و وه‌ختە تەمەنی 10 ساڵ بووە و لەگەڵ دایكی و خوشكێكی دەژیا، چونكە باوكی نه‌مابوو، زوو لەلای وه‌ستایه‌كی دروستكردنی خانوو بووە كرێكاری رۆژانە. لەمبارەوە ده‌ڵێ ئەو كاتە له یه‌كێك له حه‌ساره‌كانی گه‌ڕه‌كی عه‌ره‌بان نیشته‌جێ بوون، دوای ئەوەی نزیكه‌ی ساڵێك له‌گه‌ڵ وه‌ستایه‌كی خانوو كرێكاری كردووە، رۆژێك وه‌ستاكه پێی گوتووه تۆ بچووكی و توانای ئەو كارەت نییە، بردوویەتی بۆ لای مامۆستا گیو موكریانی له چاپخانه‌كه‌ی ئه‌و به رۆژانه‌ی ده‌رهه‌مێك ده‌ستی به‌كار كردووه، وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات به رۆژ لای مامۆستا گیو كاری كردووه و ئێوارانیش چووەتە قوتابخانه، دوای به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تایی وازی له خوێندن هێناوە.
مام سابیر دەگێڕێتەوە (یه‌كه‌م رۆژ وەكی چوومە ئیشێ، مامۆستا گیو پێی گۆتم وه‌ره با فێری مسه‌وه‌ڕییت بكه‌م، كامیره‌كه‌ی هینا و هه‌موو به‌شه‌كانی لۆ شه‌رح كردم، به فه‌تره‌كی كه‌م فێری ئیشه‌كه‌ی كردم و بوومه مسه‌وه‌ڕی مه‌تبه‌عه‌ی).
دوای حه‌ڤده ساڵ كاركردن له‌گه‌ڵ مامۆستا گیو، كامێرایه‌كی شه‌مسی به هه‌شت دینار ده‌كڕێ و له شاگردییه‌وه ده‌بێت به خاوه‌ن كاری خۆی، ئه‌و كه ئێستا خاوه‌نی 10 منداڵه، ده‌ڵێ بژێویی خۆی و منداڵه‌كانی له‌سه‌ر كامێرەكەی بووە.
ئەو وێنەگرە كۆنەی هەولێرێ له‌باره‌ی جۆر و چۆنیه‌تی كارپێكردنی كامێرای شەمسیەوە دەڵێ لە ئه‌ڵمانیاوە دەهات، خێراترین جۆری وێنەگرتنی جاران بوو، کامێراكە بەتیشکی هەتاو وێنەکەی دەگرت، وەک تاقیگەیەکی بچوک وا بوو، فیلمه‌كه له‌ناو پاكه‌تێك بوو، نه‌ده‌بوو تیشكی رووناكی بگاته ژووره‌وه، چونكه ده‌بووه هۆی سووتانی.
ده‌شڵێ هایپۆ جۆره ده‌رمانێك بوو كاری چاپكردنی وێنه‌كه‌ی ده‌كرد، هه‌روه‌ها كاربۆنایت، سلفاید و برۆمایت، ئه‌وانه‌ش جۆری تری ده‌رمان بوون و تێكه‌ڵ ده‌كران، دوای ئه‌وه ده‌خرانە ناو سه‌تڵێك ئاو بۆ ئه‌وه‌ی پاك بكرێته‌وه له ده‌رمانه‌كه، ئینجا وێنه‌كه ئاماده ده‌بوو.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ (بەدەنی کامیرەکە تەختە و قوماشی قەمەندۆری ڕەش بوو، له‌سه‌ر سێ پایەكی دار داده‌ندرا، ئه‌و ته‌خته و قوماشه له هه‌ولێرێ دروست ده‌كران، رسمەكانیش بەس ڕەش و سپی بوون، زۆربەیان لۆ معامەلاتی دائیران دەگیران).
وێنەگرە شه‌مسییه‌كانی هه‌ولێرێ سەرەتا له پێش مزگه‌وتی قیبله‌خواری به‌رامبه‌ر پارێزگا بوون، مام سابیر دەڵێ ادائیره‌ی نفوسیش هەر له‌وێ نێزیك بوو، رۆژێ ته‌قریبه‌ن رسمم لۆ 15 كه‌سی ده‌گرت، ئیشه‌كه باشبوو مه‌عیشه‌تی مار و مندارم پێ ده‌سوڕاب.
هەروەها به حه‌سره‌ته‌وه باس له كۆتاییەكانی پیشەكەی ده‌كات لە ناوه‌ڕاستی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سەدەی رابردوو، كە ئەوكات بۆ چوار وێنه و عه‌كسێك دوو دیناری وه‌رگرتووه، ده‌شڵێ له‌گه‌ڵ هاتنی كامێرای پیشكه‌وتوو كاری ئه‌وان كۆتایی هات، چونكه فه‌رمانگه‌كانیش چیتر وێنه‌ی ڕه‌ش و سپیان له هاووڵاتییان وه‌رنه‌ده‌گرت، بۆیه به‌شێك له وێنه‌گره‌كان خۆیان له‌گه‌ڵ كامێرای مۆدێل نوێ راهێنا، ئه‌وانه‌ی تریش وه‌كو ئه‌و وازیان له پیشه‌كه‌یان هێنا، ئیتر شەمەندەفەری دەیان ساڵی ژێر قەمەندۆری ڕەش گەیشتە كۆتا وێستگە.