حکوومەتی عێراق لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسم (١٤/٧/١٩٥٨ -٨/٢/١٩٦٣) بەهۆی دە فەردە گوێز و چوار کیس شەکری قەند، چوار كەسی لە كۆیێ دەستگیر کرد.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی دەستەی لێکۆڵەری تایبەت، کە بۆ دەستەی لێکۆڵینەوەی تایبەتی بەغدای ناردووە، هەریەک لە هاووڵاتییان نەبی مستەفا، حەمەدئەمین عەبدوڵڵا، شەریف عارف و ئیبراهیم عەزیز بەهۆی ئەوەی 10 فەردە گوێزیان پێ گیراوە، دەستگیر کراون.
ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، کە لە کۆیە دەستگیر کراون، بە لێکۆڵەرەکانیان گوتووە، گوێزەکانیان لە گوندەکانی خۆیان لە سنووری قەزای رواندزەوە گەیاندووەتە کۆیە بۆ ئەوەی بیفرۆشن و نەیانزانیوە گواستنەوەی خواردەمەنی لە گوندەکانیانەوە قەدەغەیە.
هەروەها لە بەڵگەنامەیەکی دیکەی هەمان دەستەدا هاتووە كە پۆلیس هاووڵاتییەکی بە ناوی سەید کەریم سەید ئیبراهیم لە گەڕەکی سەیداوە بەهۆی کڕینی چوار کیس شەکری قەند دەستگیر کردووە.
سەید کەریم سەید ئیبراهیم بە لێکۆڵەرەکانی گوتووە، ئەو کیسە شەکرانەی بۆ کاسبی کڕیوە و ویستوویەتی لە سنووری کۆیە بە قازانج بیانفرۆشێتەوە.
نووسراوەکانی دەستەی لێکۆڵەری تایبەت لە رۆژی ٢٩/١٢/١٩٦٢ بۆ بەغدا نێردراون و تێیاندا ئاماژە بەوە کراوە کە هاووڵاتییە کوردەکان تاوەکو رۆژی ٥/١/١٩٦٣ لە بنکەی پۆلیس راگیراون و چاوەڕێی بڕیاری بەغدان بۆ سزای زیاتر یان ئازادبوون.
وێنەیەکی هەردوو نووسراوەکە جگە لە موتەسەریفیەتی لیوای هەولێر، بۆ فەرمانگە سەربازی و ئەمنییەکانی قیادەی فیرقەی دوو، بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیی گشتی، هەواڵگریی سەربازی و پۆلیسی لیوای هەولێر نێردراون.