سبەینەکی گەرمی هاوینی ١٩٨٤ بوو، لەگەڵ منداڵانی گەڕەک تۆپانێمان دەکرد، لەناكاو یەك هاواری كرد «هەرێن، هەیاسەشێت هات»، هەریەكە خۆی بە دەركەی ماڵێدا دا، لەچاوتروكانێكدا دەركە داخران و كۆڵان نقەی لێ بڕا. ئەمنيش بە غاردان خۆم گەیاندبووەوە مارێ.
پێشتر زۆرم لەبارەی هەیاسەوە بیستبوو، بۆیە ئەو ڕۆژە لە کەلێنی دەركەی حەوشە بەتیلەچاوێک تەماشای سەری کۆرانێم دەکرد، لۆوەی هەیاس ببینم.
ئەو سەردەمە هەیاسەشێت ڕۆژانە لە محەتەی قیتارەوە بەناو گەڕەکی زانیارییدا بەرەو لای ئاشی ئەحمەد چەلەبی دەهات و هەر لەوێندەرێ دەماوە.
تازە مارمان لە گوندی هاتبووە شاری و لە خانوویەكی كۆنی گەڕەکی زانیاری لە نێزیک ئاشی ئەحمەد چەلەبی نیشتەجێ بووین، ئەوكات منداری گەڕەك هەیاسیان لێ كردبووینە شێتێکی ترسناک و دەستوەشێن، زۆربەیان هەیاسیان دیتبوو، بەڵام هەرکەس بەجۆرێک وەسفی دەکرد.
دوای کەمەك هەیاس لە كەلێنی دەركە بەدیار کەوت، پیاوێکی چارشانەی بەژن درێژ، ڕەشئەسمەر، قاپووتێکی ڕەش تا خوار چۆکانی لەبەر بوو، شیشەکی ئەستوور و درێژی بەدەستەوە بوو، هەر گەیشتە پێش دەركەمان هەروەستەی کرد، ئاسۆی برام ئەو وەختی عومری چار سار بوو، لەپێش دەركە بەجێمابوو، هەیاس چەند ساتەك بەدەوری ئاسۆی برامدا سووڕاوە و بەدیقەتەوە تەماشای دەكرد، ئەمن لە دری خۆم دەمگۆت تازە ئاسۆ چوو.
هەندەی پێنەچوو هەیاس پشتی لە ئاسۆ كرد و ڕووی لە سەری كۆرانێ كرد، لەوسەری لەگەر مام كانەبیی ناسیاومان بەتەنیشت یەكتریدا تێپەڕین و سەلامیان لێكدی كرد، لەو ڕۆژەوە زانیم هەیاس ئەگەرچی ترسناک و دەستوەشێن بوو، بەرام حەقی مندارانی نەبوو، لەگەر ئەو كەسانەشدا نەرمونیان بوو كە دەیناسین.
هەیاس كوڕی بنەمارەکی کوورەچیی هەولێرێ بوو، لەگەر کەسوکاری بە تورکمانی قسەیان دەکرد، بابی ناوی حاجی زەینەلی كوڕی حاجی جبرائیل بوو. زۆر جار لەناو کوورەچییەکانی گوندی قۆریتانی سەر ڕێی مەخموور دەبینرا، دەگێڕنەوە ئەو کرێکارانەی لە کوورەی خشت ئیشیان دەکرد، لە ترسی هەیاس، شەوانە بە نۆرە دەبوونە پاسەوان.
هەروەها دەگێڕنەوە وەختی خۆی هەیاس پیاوەكی ژیر بووە، لە کوورەی دروستکردنی خشتدا لەگەر برایەکی لەخۆی گەورەتر بەناوی فازڵ ئیشی کردیە، شەوەك هەیاس لە بەشی خوارێی کوورەکە خەریكی ئیش دەبی، فازڵی براشی لە سەرێ دەبی و لۆ گاڵتە و خۆشی ساقۆیەکی ڕەشی گەورە لەبەر دەکات و خۆی فڕێ دەداتە سەر هەیاسی، هەیاسیش لە ترسا شێت دەبی، بەرام شەرت نییە ئەو گێڕانەوەیە ڕاست بیت، چونکە هەیاس برایەکی لەخۆ گچکەتری هەبوو بەناوی موحسین، ئەویش شێتۆكە بووە.
لە کۆتایی هەشتایەکاندا حاڵی هەیاس زۆر خراپ بوو، گەیشتبا هەر کەسێک دەستی لێ دەوەشاند، خەرك زۆر لێی بێزار بوون، بەتایبەتی لە گەڕەکەکانی تەعجیل و سەعدوناوە و عارەبان، پۆلیس لەبەر شكایەتی خەرك دەستگیریان دەکرد، دەگێڕنەوە هەیاس زوو زوو زنجیری دەستی دەپچڕاند و لە دەست پۆلیسیش هەردەهات، جارەكیش بە شیش لە سەری سەربازەكی دایە و کوشتیتی.
سەرەتای ١٩٩١ هەیاس دیار نەما، کەس دەنگوباسی نەدەزانی، دوایێ گۆتیان حکوومەتی بەعس گرتبووی و بەدەرزی ژەهراوی لەناو زیندان کوشتیتی، بەڵام تا ئێستا ئەمە هەر گێڕانەوەیە و هیچ بەڵگەیەکی زیندوو لەبەردەستدا نییە.