هەر ماڵێك ئەدەبخانەی نەبێ دەدرێتە دادگا
هەر ماڵێك ئەدەبخانەی نەبێ دەدرێتە دادگا
January 14, 2025

لە درێژەی سەروبنکردنی ئەرشیفەکانی مامۆستا محەمەد مەولود مەم لە مۆزەخانەی پەروەردەی هەولێر، ئەمجارە دوو بەڵگەنامەم دیتەوە، کە دەریدەخەن بەر لە (٨٥) ساڵ سەرۆکایەتیی شارەوانی ژیانێکی سەردەمیانەی خواستووە بۆ دانیشتوانی هەولێر، كاتێك بە نووسراوی ژمارە ٤٦/١٨٨ لە ١٥/٢/١٩٣٩ ئاگاداری موتەسەریفیەتی لیوای هەولێری کردۆتەوە، کە لەلایەن سەرۆکایەتیی تەندروستیی ئاگادار کراونەتەوە، بۆ راگرتنی پاک و خاوێنی شار، پێویستە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هەموو ئەو ماڵانە ئاگادار بکاتەوە کە لە ماوەی یەک مانگ دەبێ لە ماڵەکانیان (ئەدەبخانە) و (بەلوعەی ئاو) هەبێت، هەر خاوەن ماڵێک سەرپێچی ئەو بڕیارە بکات دەدرێتە دادگا، لەم رووەوە سەرۆکایەتیی شارەوانی ئامادەباشی خۆی دەربڕی بۆ پشتیوانیکردنی ئەم فەرمانگەیە و هاوکاری و پشتیوانیکردنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە دروستە و ئەو پێشئیارەی لە سەرەوە هاتووە.
لە بەڵگەنامەیەکی دیکەی تایبەت بە چیرۆکنووس (محەمەد مەولود مەم)، وەک کوردپەروەرێک و بەو پێیەی ئەوێ رۆژێ بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی لیوای هەولێر بووە، لە رۆژی ٦/٦/١٩٦٤ راپۆرتێکی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکان لەمەڕ گەڕانەوەی ئەو دەرکراوانەی بە بیانووی (خاوێنکردنەوەی دەزگاکانی حکوومەت) لە خزمەتی فەرمانبەرییەتی دەرکراون، ئەو راپۆرتە دەبێتە بنەمایەکی گرنگ و هاوپێچکردنی بۆ ئەو نووسراوەی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی لیوای هەولێر لە کاتی بەرزکردنەوەی داواکارییەکە بۆ موتەسەرفیەتی لیوای هەولێر بە واژووی (ئەمین حاجی ساڵح) لە جیاتی موتەسەرفیش راستەوخۆ نووسراوەکە و وێنەیەک لە راپۆرتەکەی مامۆستا (مەم) بە نووسراوی ژمارە (٨٤٤/تایبەت) لە (١٥/٢/١٩٦٧) بۆ ئەنجوومەنی بەرزەفتەی گشتی لە بەغدا بە هەموو بڕگە و ماددە یاساییەکانەوە بەرز کردۆتەوە و داواشی لێ کردووە بفەرمووێت بۆ بینینی و پشتگیری وەرگرتنی.
دیارە لەو کاتیدا کە میلیشیاکانی (حەرەس قەومی) بە تەواوی ئارامیان لە شار نەهێشتبوو و بەدوای کەسایەتیە کوردپەروەرەکاندا دەگەڕان، ئەو پیاوە زۆر بە جەرگانە هاتووەتە مەیدانەکە و بەرگری لە مەسەلەی گەڕانەوەی ئەو فەرمانبەرە دەرکراوانە کردووە، کە لەسەر هەڵوێستی کوردبوون و کوردایەتی قووتی خێزانەکانیان بڕاوە و ژیانێکی کوڵەمەرگییان هەبووە.

  

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved