ئەمە هەواڵی ئەمڕۆ نییە، بەڵكو بەپێی بەڵگەنامەیەكی فەرمی كە دەست (گڵكەند) كەوتووە، بەر لە ٣٨ ساڵ دوو گەنجی هەولێر لە تەیراوە بۆ خۆشی و رابواردن، خۆیان دەکەن بە کچ و بەناو شاردا پیاسە دەكەن، بەم هۆیەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر دەكرێن.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی دادگا، رۆژی ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٦، دوو گەنجی هەولێر كە ناوەكانیان پارێزراوە، بەهۆی لەبەرکردنی جلی ژنانەوە، لە گەڕەکی تەیراوە دەستگیر کراون.
دوو گەنجەكە وەک لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، بۆ دەستدرێژیکردنە سەر خەڵک بە تایبەت شوفێرانی تەکسی، ئەو کارەیان کردووە، بەڵام ئەوان ئەو تۆمەتەیان رەت کردووەتەوە و گوتوویانە تەنیا بۆ خۆشی و سووتاندنی دڵی کوڕانی گەڕەک، جلی ژنانەیان لەبەر کردووە.
دادوەری لێکۆڵینەوەكە بڕیاری راگرتنی هەردوو گەنجی داوە بەپێی ماددەی ٢٤٠ی سزاکان، نووسراو و لێکۆڵینەوەکانیشی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیی هەولێر ناردووه بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە.
ماددەی ٢٤٠ لە یاسای سزاکانی عێراقی سزای تا شەش مانگ زیندانیکردن یان پێبژاردنی ١٠٠ دیناری بۆ هەر کەسێک دیاری کردووە كە ئادابی گشتی و دەقە ئایینییەکان پێشێل بكات، وەك دەردەكەوێت لەبەرکردنی جلی ژنانەش لەلایەن پیاوانەوە خراوەتە ئەم خانەیەوە.