نزیکەی 100 ساڵ لەمەوپێش، لە هەولێرێ كە لە رووی ئیدارییەوە لیوا بووە و کەسێک بە پۆستی موتەسەریف حوکمی دەکرد، نووسراوە فەرمییەكان بە زمانی كوردی دەردەكران.
(گڵکەند) دوو نووسراوی ساڵی 1933ی بەدەست گەیشتووە، کە بە زمانی کوردی دەرکراون، یەکێکیان لە موتەسەریفی لیوای هەولێرەوە دەرچووە و ئەوەی دیکەش لە قایمقامی قەزای کۆیەوە بۆ موتەسەریفی لیوای هەولێر نێردراوە.
ئەو کاتەی ئەو نووسراوانە بە زمانی کوردی دەرکراون، جگە لە شاعیران و زانا و مامۆستایانی ئایینی ئیسلام، ژمارەیەکی زۆر کەمی خەڵکی ئاسایی کورد خوێندەوارییان هەبووە. هەروەها ئەو رێنووسەی ئەوکاتی زمانی کوردی، پڕە لە وشەی عەرەبی، بەڵام بۆ ئەو سەردەم گرنگییەکی تایبەتی هەبووە.
رۆژی 28ی شوباتی 1933 موتەسەریفی لیوای هەولێر بڕیارێکی ئیداری دەرکردووە بۆ دوورخستنەوەی فەرمانبەرێک لە کارەکەی لە ناحیەی مێرگەسۆر و دانانی فەرمانبەرێکی دیکە لە شوێنی ئەو.
ناوەڕۆکی فەرمانە ئیدارییەکەی موتەسەریفی لیوای هەولێر بەم شێوەیەیە:
ساعی ناحیەی میرکەسور محمود اغای کڤوک لبراوەی لە وەظیهی استغنای کردوە لە اعتباری ١ اغستوس/١٩٣٢ وە بە ... و لە جیکای او مانکی بە (٣/٧٥٠ دینار) رسول ناجی افندی بە ساعی ناحیەی میرکەسور تعین کرا.
لبر ضرورت اداریە رسول ناجی افندی لە مرکز قضای رواندوزدا استخدام اکری.
نووسراوی دووەم بە ژمارە 6345 لە رۆژی 4/5/1933 لە قایمقامیەتی قەزای کۆیە بۆ موتەسەریفی لیوای هەولێر نێردراوە و تێیدا داوا کراوە رەزامەندیی لەسەر دەستبەرداربوونی فەرمانبەرێک و دانانی کەسێکی دیکە لە شوێنی ئەو بدرێت.
ناوەڕۆکی داواکارییەکەی قایمقامی کۆیە بۆ موتەسەریفی لیوای هەولێر:
لە اعتباری ١/ایار/١٩٣٣ احمد کوری اسماعیل ناوی فراشی داخلیە مرکزی قضامان لە وظیفە انفکاک و بو کرکوک چووە. لە جیاتی ... محمود کوری قادر ناو کە ایستا لە کویسنجقە بو وظیفە مذکورە لە طرفمانەوە تنسیب کراوە.
موافقت فرەونتان بو تعینی و امردان بە اجرای بیویستی رجا ئەکری.