تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگای هەولێر دیجیتاڵییە
تا ئێستا ٧٠٠ هەزار كەس لە) هەژماری من) تۆمار كراون و لەو ژمارەیەش ٣٥٠ هەزار كەس كارتەكانی هەژماری منیان ڕادەست كراوەتەوە، لە سنووری پارێزگای هەولێریش مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان بەدیجیتاڵی كراوە.
بەپێی نوێترین زانیاریی تیمی) هەژماری من) كە بە )گڵكەند) دراوە، بۆ مووچەی داهاتووی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ٢٥٠ هەزار كەس لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچەكانیان وەردەگرن.
ئێستا لە پارێزگای هەولێر مووچەی كاش نەماوە، بە تەواوی بووە بەدیجیتاڵی، هەروەها بەم زووانە هەژماری من لە سنووری پارێزگای دهۆكیش بۆ تەواوی مووچەخۆران دروست دەكرێت و پرۆسەی ناونووسكردنەكە لە كۆتاییدایە.
بەپێی زانیارییەكانی تیمی (هەژماری من)، پرۆسەكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی كەمێك خاوە و ئامانجیانە تا ناوەڕاستی ئەمساڵ مووچەی سلێمانییش بە تەواوی بكرێت بە دیجیتاڵی.
سەرەتا هەژماری من لە چەند فەرمانگەیەكی هەولێر بە شێوەی ئەزموونی دەستی پێ كرد، بۆیە لە پایەتەخت پێش پارێزگاكانی تر تەواو بوو.
زانیارییەكانی تیمی (هەژماری من) ئاماژە بەوە دەدەن كە لە سەرەتای پرۆسەكە، ئامێرەكان كێشەیان بۆ دروست دەبوو، چونكە بەهۆی كۆبوونەوەی لەناكاوی مووچەخۆران لەسەر ئامێرەكانی ئەی تی ئێم پارەیان تێدا نەدەما، دواتر لەگەڵ بانكەكان ڕێك كەوتن بۆ ئەوەی ژمارەی تیمەكانی پڕكردنەوەی پارە زیاد بكەن، ئەوە بوو هەندێكیان لە سێ تیمەوە زیادیان دەكرد بۆ ١٥ تیم، ئێستا ئەم كێشەیە بنبڕ كراوە.
لە سەرەتادا بەشێكی ئامێرەكان كارەبای حكوومەتیان پێ نەدەگەیشت، بەڵام ئێستا تەزووی كارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە بۆ بەشێكی ئامێرەكانی ئەی تی ئێم دابین كراوە و ئەم كێشەیەش چارەسەر بووە.
تیمی (هەژماری من) ڕوونكردنەوە لەبارەی كێشەی بەشێك لە مووچەخۆران دەدات كاتێك كۆدە نهێنییەكانیان لەبیر دەكەن و لەسەر ئامێری ئەی تی ئێم بە هەڵە كۆد لێ دەدەن، دوای چەند هەوڵێكی هەڵە كارتەكە لە كار دەخرێت بەمەبەستی پاراستنی، كەچی لە ئەنجامدا بەشێك لە مووچەخۆران وا دەزانن كێشە لە ئامێرەكاندا هەیە و نازانن ئەگەر كۆد بەهەڵە لێ بدەیت كارتەكە ڕادەگیرێت.
چاوەڕێ دەكرێ دوای ئەوەی بەم نزیكانە مووچەی دوو پارێزگای كوردستان بەتەواوی كرا بە دیجیتاڵی، ژمارەیەكی زۆری ئامێری (پی ئۆ ئێس) لە بازاڕ و ماركێتەكان دابندرێت، بۆ ئەوەی فەرمانبەر بتوانێ ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی كارتەكەیەوە ڕۆژانە شمەك و پێداویستییەكانی خۆی لە بازاڕەكان بكڕێت، نەك بە یەك جار هەموو پارەكانی لە ئامێری ئەی تی ئێم دەربێنێ، چونكە لە كۆتاییدا پارە هێشتنەوە لەناو هەژماری بانكیدا دەبێتە هۆی گەشەی ئابووری و مووچەخۆریش دەتوانێ بڕێك پارە لەناو كارتەكەیدا پاشكەوت بكات.
هەروەها بەپێی تیمی) هەژماری من)، بەم زووانە سێ بانكی تر دەچنە ناو هەژماری من، لە كاتێكدا ئێستا هەشت بانك ئەندامن لە هەژماری مندا، بەمەش ژمارەی بانكەكانی بەشداربوو لە هەژماری من دەگاتە ١١ بانك.
لەبارەی ئەگەری پێدانی قەرز و سولفەشەوە، تیمی هەژماری من بەردەوامن لە هەوڵەكانیان و داوایان لە بانكەكان كردووە ئۆفەرەكانیان ئامادە بكەن، تا لە داهاتوودا دەست بەپێدانی قەرز بكەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی تا ئێستا دۆخی پێدانی مووچە لە كاتی خۆیدا جێگیر نەكراوە، جارێ نەیانتوانیوە ئەو خزمەتگوزارییە بەردەست بكەن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو دەستپێشخەریی) هەژماری من(ی ڕاگەیاند، کە پڕۆگرامێکی گشتگیری دارایییە، بەمەبەستی دابینکردنی ڕێگایەکی پارێزراو و گونجاو بۆ فەرمانبەران، هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی کەرتی گشتی بۆ دەستڕاگەیشتن بەمووچەکانیان.
ئامانج لە پڕۆژەکە هەوڵی مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستان و خێراترکردنی پرۆسەی بە دیجیتاڵکردنی حکوومەتە.لەم ڕێگەیەوە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف، لە ڕێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارە )ئەی تی ئێم(ەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات، کە ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی.
بەم کارە پارەدان بۆ نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەر، هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بەمامەڵەی کاش کەم دەکاتەوە و کارایی حکوومەت و شەفافیەت زیاتر دەکات.