له ڕێگه‌ی پڕۆژه‌یه‌كه‌وه به‌ناوی) به‌خشین)، هاوشێوەی چەند وڵاتێكی ئەوروپی، لە گەڕەكی خواپێداوەكانەوە جلوبه‌رگ و پێڵاو بۆ خێزانه كه‌مده‌رامه‌ته‌كان كۆ ده‌كرێته‌وه.
له شاری هه‌ولێر رێكخراوێكی خۆماڵی له رێگه‌ی ئه‌و كاره‌وه ده‌یە‌وێت هاوكاریی هه‌ژاران بكرێت كه توانای كڕینی پێداویستییه‌كانیان نییه، به‌بڕوای ئه‌وان مرۆڤدۆستی له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه.
ئاری دڵشاد به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكار له ڕێكخراوی یه‌كترقبووڵكردن باس له سه‌ره‌تای پڕۆژه‌كه‌یان ده‌كات و ده‌ڵێ ساڵی 2021 له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كه سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهانی خسته نێو قه‌یرانێكی قووڵی داراییەوە، هه‌رێمی كوردستانیش هاوشێوه‌ی وڵاتان ڕووبه‌ڕووی ئه‌و قه‌یرانه بووه‌وه، بۆیه بڕیاریان دا له ڕێگه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه كه ناویان ناوه پڕۆژه‌ی به‌خشین، هاوكاریی خێزانه كه‌مده‌رامه‌ته‌كان بكه‌ن.
ئاری دڵشاد، بۆ بڵاوكراوه‌ی )گڵكه‌ند) باس له جۆری كاڵا و چۆنیه‌تیی كۆكردنه‌وه و دابه‌شكردنه‌وه‌یان ده‌كا و ده‌ڵێ (پرۆسه‌كه خۆی له كۆكردنه‌وه‌ی جلوبه‌رگ و پێڵاو ده‌بینێته‌وه، له رێگه‌ی دانانی چه‌ند بۆكسێكه‌وه‌یه كه له گه‌ڕه‌كه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان دامان ناون، دوای كۆكردنه‌وه‌یان، به‌سه‌ر خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه هه‌ژارنشینه‌كان و به‌شێك له كه‌مپی ئاواره‌كان دابه‌ش ده‌كه‌ین).
پڕۆژه‌كه له سه‌ره‌تاوه به دانانی 10 بۆكس بۆ كۆكردنه‌وه‌ی جلوبه‌رگ و پێڵاو له چه‌ند گه‌ڕه‌كێك ده‌ستی پێ كرد، دوای پێشوازیی گه‌رمی خه‌ڵك، ئێستا ژماره‌كه بۆ 54 بۆكس زیاد كراوه.
ڕێكخراوه‌كه له پلانیدایه ژماره‌كه بۆ 300 بۆكس زیاد بكات، جگه له كۆكردنه‌وه‌ی جلوبه‌رگ و پێڵاو، به‌نیازن ژماره‌یه‌ك بۆكس تایبه‌ت به خۆراكی وشك و پێداویستییه‌كانی تر دابنێن.
به گوته‌ی ئاری دڵشاد، له سه‌ره‌تای گۆڕانی وه‌رزه‌كان جلوبه‌رگی زۆرتر ده‌خرێنه نێو بۆكسه‌كانه‌وه، بۆیه له‌و كاتانه رۆژانه بۆكسه‌كان ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام له كاتی ئاسایی هه‌فتانه بۆكسه‌كان ده‌كرێنه‌وه.
ده‌شڵێ به‌شێك له كه‌سانی خێرخواز پێڵاو و جلوبه‌رگی نوێ له نێو بۆكسه‌كان داده‌نێن، باس له‌وه‌ش ده‌كات كه سه‌رجه‌م بۆكسه‌كان له‌لایه‌ن كه‌سانی ده‌وڵه‌مه‌ند و چه‌ند كۆمپانیایه‌كەوە دروست كراون.
له‌باره‌ی ئه‌و هاوكارییانه‌ی كه له ڕێگه‌ی پڕۆژه‌كه و بۆكسه‌كانیانه‌وه كۆ كراونه‌ته‌وه سه‌رۆكی ریكخراوه‌كه ده‌ڵێ تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ی 340 تۆن له ڕێگه‌ی خێرخوازانه‌وه كۆ كراونه‌ته‌وه و كه‌سانی كه‌مده‌رامه‌ت له ته‌مه‌ن و ره‌گه‌زه جیاوازه‌كان سوودیان لێ بینیوه.
ڕێكخراوه‌كه له پلانی دایه پڕۆژه‌كه بباته پارێزگاكانی تری هه‌رێمی كوردستان.