ماوەیەكە یارى كیك بۆكسینگ لە هەولێر برەوی سەندووە و خواستى زۆری گەنجانی له‌سه‌ره، یارییەكە بە شێوەیەكی بەرچاو ڕوو لە گەشەسەندنە و ئێستا لە ناوەندی شاردا 15 هۆڵى وه‌رزشیی كیك بۆكسینگ هەیە.
یاریی كیك بۆكسینگ بۆ یەكەم جار ساڵی 1993 گەیشتە كوردستان، سه‌ره‌تا پێشوازییەكی بەرچاوی لێ نەكرا، به‌ڵام ئێستا گه‌نجانی هه‌ولێر به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ڕوویان له‌م وه‌رزشه كردووه، به‌شێكیان وه‌كو حه‌ز و به‌شێكی تریش بۆ ئه‌وه‌ى ببنه یاریزانێكى به‌توانا ڕوو لەو یارییە دەكەن.
لەبارەی پێشڤەچوونی یارییەكەوە لە هەولێر، ئاراس جه‌میل یاریزانى كۆن و ڕاهێنه‌رى هۆڵه وه‌رزشییه‌كان بۆ ) گڵكه‌ند) گوتى (كیك بۆكسینگ وه‌رزشێكى سه‌رده‌میانه‌یه، ئه‌وانه‌ى پێشتر یاریی كۆنگفۆیان ده‌كرد، یارییه‌كه‌یان گۆڕى بۆ كیك بۆكسینگ).
بە گوتەی ئاراس جەمیل، كیك بۆكسینگ وەك یارییەكی نوێ كۆكراوەی یارییه‌كانى كاراتێ و كۆنگفۆ و تایكواندۆ و بۆكسینگە. هەروەها یارییەكی بازرگانیشە و لە جیهاندا وەكو سەرچاوەیەكی داهاتیش ئەو یارییە بەرەوپێش دەچێت.
له یاریی كیك بۆكسینگدا بوون به پاڵه‌وان ئارامییه‌كی زۆر و پشوودرێژیی دەوێت، پێویستە یاریزان قۆناغ به‌قۆناغ ببڕێ و هه‌وڵی زۆر بدات، ئەو ڕاهێنەرە دەڵێ زۆربه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى ڕوو لە وەرزشەكە ده‌كه‌ن ئاره‌زوومەندن یان لاوازن و دەیانەوێ جەستەیان بەهێز بێت، ئەوانەی دەیانەوێ ببن بە پاڵەوانی یارییەكە ژماره‌یان كه‌مه.
ئه‌حمه‌د شێروان یاریزانێكی نوێی كیك بۆكسینگە، دەڵێ ئامانجی ئەوەیە په‌ره به له‌شولاری خۆی بدات و له ماوه‌ى سێ مانگى داهاتوودا قاچەكانی بەهێز بكات.
سه‌عد سه‌عید یه‌كێك له ڕاهێنه‌ر و یاریزانه‌كانی ئه‌م یارییه‌یه و ئێستا خاوه‌نى هۆڵى تایبه‌ت به‌خۆیه‌تى و پێی وایە خاڵی گرینگ ئەوەیە به شێوه‌یه‌كی زانستى و ته‌ندروست ئەو یارییە فێری گەنجان بكەن. دەشڵێ كردنه‌وه‌ى هۆڵ لایەنی بازرگانی و وەرزشی لەخۆ دەگرێت، دووپاتی دەكاتەوە بەلای ئەوانەوە وەرزش له پله‌ى یه‌كه‌مه.
محه‌مه‌د شه‌مسه‌دین یه‌كێكه له یاریزانه به‌شداره‌كانى هۆڵى كیك بۆكسینگ و باس لە مه‌به‌ستی به‌شداریكردنى دەكات لەو یارییە و دەڵێ ئارامیی زۆری پێ بەخشیوە، بۆیە ڕۆژانه سه‌ردانى هۆڵێكی وه‌رزشی دەكات.