مامۆستا مەلا عەوڵای حاجی سمایل ناسراو بە مەلا ماتۆڕ لە كتێبی (سەربردەی ژیانی سیاسیم)، باسی ئاهەنگی نەورۆزی ساڵی (١٩٥٤) لە شاری هەولێر دەكات و دەڵێ "چوومە لای گیو موکریانی و پێم گوت بیتاقەی دەعوەتنامەی نەورۆزمان بۆ چاپ بکە، ئەویش گوتی زۆر باشە بۆتان چاپ دەکەم، بەڵام کچۆڵەیەکی حەفت ساڵیم هەیە ناوی كوردستانە، وتارێکم بۆی نووسیوە، دەمەوێت لە ئاهەنگەکە بیخوێنێتەوە".
لەبەرئەوەی خوێندنی كوردستان موكریانی لە قوتابخانەدا بە زمانی عەرەبی بووە و خوێندنەوەی کوردیی زۆر باش نەبووە، باوکی ماوەی دوو ڕۆژ مۆڵەتی لە قوتابخانە بۆ وەرگرتووە تا بە جوانی خوێندنەوەی وتارەکەی فێر بکات، گەیشتووەتە ئەوەی لە کاتی وەستانی لە پشت مایکرۆفۆن بۆ خوێندنەوەی وتارەکەی، گیو شاگردێکی چاپخانەی لە پشت تەختەكە بۆ داناوە، تا ئەگەر نەیزانی وشەیەک بخوێنێتەوە، زوو بۆی ڕاست بکاتەوە، بەڵام ئەو سەرکەوتووانە وتارەکەی خوێندەوە و بووە یەکەم دەركەوتنی لە بەردەم ژمارەیەكی زۆری ئامادەبووان.
ئەگەر لە لاپەڕەی فایلی قوتابخانەی) ئەیوبیە(ی کچانیشدا بگەڕێی، لە زەمەنی مامۆستا مەستی سابیری بەڕێوەبەری قوتابخانەکەدا، کوردستان موکریانی یەکێ بووە لە قوتابییە زیرەک و سەركەوتووەكانی ئەم قوتابخانەیە و لای هەموو مامۆستاکان خۆشەویست بووە، بەو ڕادەیەی جارێکیان کە لە پۆلی پێنجی سەرەتایی بووە، مامۆستایەکی قوتابخانە بانگی ژووری مامۆستایانی کردووە، کۆمەڵێک پەڕە کاغەزی تاقیكردنەوەی قوتابیانی لەناو چەکمەجەکەی دەرهێناوە، یەکێکیانی لەبەرچاوی ئەو تەماشا کردووە و نمرەیەکی بۆ داناوە، ئینجا ڕووی کردۆتە کوردستان موکریانی و پێی گوتووە تۆش ئەمانە ببەرەوە ماڵەوە، بە وردی بیانخوێنەوە و نمرەیەکیان بۆ دابنێ، ئەویش بە سەرسڕمانەوە لە مامۆستاکەی پرسیوە من؟ ئەویش پێی گوتووە بەڵێ تۆ، چونکە تۆ سەرت لەم بابەتە دەردەچێ و دەتوانی یارمەتییم بدەیت.
کوردستان موکریانی لە قۆناغی خوێندنی ناوەندی و دواناوەندیشدا ئەو زیرەکییەی ڕەنگی داوەتەوە، مامۆستایەكی زمانی عەرەبی بە ناوی ست سامیە زۆری خۆش ویستووە و پێی گوتووە لە بابەتی داڕشتندا خاوەنی ئەندێشەیەکی دەوڵەمەندە و بەشێوەیەکی ئەدەبی دای دەڕێژی، پێشبینیی كردووە لە دواڕۆژدا ببێتە نووسەرێكی گەورە.
کە قۆناغی ئامادەییی تەواو کردووە، حەزی لەوە بووە بچێتە بەشی راگەیاندن، بۆیە خۆی گەیاندووەتە وڵاتی لبنان، بەڵام هێندەی نەبردووە گەڕاوەتەوە هەولێر، چونکە خانەوادەکەی پێیان خۆش نەبووە کچێکی لەو تەمەنە لە وڵاتێکی تر بە تەنیا بخوێنێ، ئیتر بڕیاری داوە لە زانکۆکانی عێراق درێژە بە خوێندن بدات.
سەرەتا لە بەشی (ماتماتیک) لە زانکۆی مووسڵ وەرگیراوە، بەڵام لەبەر نەبوونی ڕەگەزنامەی عێراقی ئەو مافەیان لێ سەندۆتەوە، بەتایبەتیش كە ناوی کوردستان بووە، بەربەستی بۆ دروست كراوە و ڕەگەزنامەی عێراقیی نەداوەتێ، لە كاتێكدا لە هەولێر لەدایك بووبوو، دواتر لە بەرانبەر پارەیەکی زۆر رەگەزنامەی عێراقیی وەدەست هێناوە.
مامۆستا گیوی باوکی وای پێباش بووە لە زانکۆی بەغدا خوێندن تەواو بکات و ڕێچکەی ئەوی بەرەو تەواوکردنی بەشی زمانی کوردی ئاراستە کردووە، چونکە لەناو هەر هەشت منداڵەكەیدا، تەنها كوردستان لە پاڵ خوێندنەوەدا، بەهرەی نووسینیشی هەبووە، حەزیشی کردووە یەکێك لە منداڵەکانی ڕێچکەی ئەو بگرنە بەر، دواجار ئەم بەشە بۆی بوو بە مایەی ئەوەی پتر بە زمانی کوردیی بخوێنێتەوە و بنووسێ، دوای چەند مانگێک لە دەوامکردن لە بەشی کوردی زانکۆی بەغدا، بەسەر هەموو ئاستەنگەکاندا زاڵ بووە و هەموو قۆناغەكانی زانكۆی بە پلەی یەكەم تەواو كردووە.
کوردستان موکریانی لە پای ئەو سەرکەوتنەی لە بەشی کوردی لە زانکۆی بەغدا و ئارەزووی خۆی و خانەوادەکەی، رژد بوو لەسەر درێژەدان بە خوێندن و لەم پێناوەدا بۆ وەدەستهێنانی بڕوانامەی دوکتۆرا، کاتژمێر ١١:٣٠ پاش نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە (١٦/١٠/١٩٧٢) بە تەنها لە فڕۆکەخانەی بەغدای نێودەوڵەتییەوە بەرەو یەکێتیی سۆڤیەتی جاران فڕیوە و بووە یەکەم کچی هەولێر بە تەنها گەشتی مۆسکۆ بکات، تا کاتژمێر ٦:٣٠ ئێوارەی هەمان ڕۆژ بگاتە مۆسکۆ، لەگەڵ دابەزینی لە فڕۆکە ڕووبەڕووی سەهۆڵبەندانێکی سەخت بووەتەوە، بەڵام ژمارەیەك خوێندكاری كوردستانی و عێراقی بۆی هاتبوونە هۆڵی پێشوازی.
خوێندكارەكان، كوردستان دەگەیەننە بەشی ناوەخۆیی، ژووری ژمارە (١٣١)، لەوێ دەبێتە هاوژووری دوو کچە خوێندكاری ڤێتنامی، کە لە زمانی خۆیان و رووسی زیاتر هیچیان نەزانیوە. دوای ماوەیەکی كورت كوردستان موكریانی توانیویەتی بە هاوکاریی خاتوو گالینە کە مامۆستای زمانی رووسی گرووپەکەی بووە، تا رادەیەکی باش فێری زمانی رووسی بێت.
دوکتۆر تسابۆ لۆڤیان دەبێتە سەرپەرشتیاری تێزی دکتۆرای کوردستان موکریانی لە ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتناسی. لۆڤیان بەرەگەز ئۆستینی بوو، كە ناوچەكەیان كەوتووەتە بڕبڕەی چیای قەفقاز، لە نێوان گورجستان و رووسیا، زمانەکەشیان سەر بە زمانی سەرکەسە، بەڵام دوکتۆرای لە زمانی کوردیدا هەبووە. دوای ماوەیەك ئەو سەرپەرشتیارە گۆڕدراوە بە پرۆفیسۆر قەناتی کوردۆ، كە ئەوسا سەرۆکی بەشی زمانی کوردی بووە لە ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتناسی، ئەو كراوەتە سەرپەرشتیاری تێزی دوکتۆراکەی كوردستان موكریانی، بەم هۆیەوە كوردستان ناچار بووە زوو زوو بۆ ماوەی مانگێک بچێتە لینینگراد یان پرۆفیسۆر قەناتی کوردۆ بچێتە مۆسکۆ.
هەرچەند جاریش کە دەچووە لینینگراد، لە ماڵی کەریب ئەیوبی و سهیر نۆڤای هاوسەری و پڕۆفیسۆر زەرێ یوسوپۆڤا و جەمشید حەیدەری دەمایەوە، ئەوانە بەردەوام بانگهێشتی ماڵەکانی خۆیان دەکرد و پێكەوە لە جیهانی رۆشنبیری و کێشەی کوردان دەدوان.
كوردستان موكریانی رۆژی ٢٥/١١/١٩٧٦ لە بەردەم پرۆفیسۆران ئاڤالیانی و زەرێ یوسوپۆڤا بەرگریی لە تێزی دوکتۆراکەی کرد، لە ٢٩/١٢/١٩٧٦دا بڕوانامەكەی بەدەست هێنا و نازناوی دوکتۆرە کوردستان موکریانیی وەرگرت، لە رۆژی ١٦/١/١٩٧٧ شاری مۆسکۆی جێ هێشت و لەلایەن کۆمەڵێک خوێندکاری کوردەوە لە فڕۆکەخانەی مۆسکۆ خوداحافیزیی لێ کرا، تا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی بەغداوە بگەڕێتەوە و لەوێندەرێوە لەگەڵ شیرین و کاڵێی خوشکی و کوردۆی برایدا بگەڕێتەوە هەولێر.