کونسوڵی گشتیی تورکیا: هەولێر بە 14 ساڵ بوو بە شارێکی پێشکەوتوو
کونسوڵی گشتیی تورکیا: هەولێر بە 14 ساڵ بوو بە شارێکی پێشکەوتوو
January 20, 2025

ئەگەر خانەخوێت هەولێری بێت، ئەرکت قورسە

پێ دەچێت خێروبێری هەولێر بەتەنها بۆ هەولێرییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبێت، بەڵکو زۆرن ئەو نوێنەر و دیپلۆماتکارە بیانییانەی لە یەکەم ئەرکی جیدییاندا، وەک کونسوڵی گشتی ڕەوانەی شاری «پیرە قەرات» دەکرێن.
نموونەیەکی ئەم دیپلۆماتکارانە کونسوڵی گشتیی تورکیایە، کە ئەگەرچی بۆ ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵە لە ئەرکی دیپلۆماسیی جیاجیادا کار دەكات، بەڵام ئەم پۆستەی لە هەولێر یەکەم ئەزموونیەتی وەک کونسوڵی گشتی کە بەرزترین دەسەڵاتی دیپلۆماسییە لە هەر کونسوڵخانەیەک.
ئێرمان تۆپچو ساڵی ٢٠٢٤ وەک کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر دەستی بەکار کردووە، بەڵام ئەمە یەکەم سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان نەبووە. لە ڕاستیدا، نزیکەی ١٤ ساڵ بەر لە ئێستا، ئێرمان تۆپچو هەولێری وەک ژوانگەیەک بۆ یەکەم ساڵیادی هاوسەرگیریی خۆی هەڵبژاردووە.
لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ (گڵکەند)، تۆپچو باس لە سەرسامیی خۆی بەژیانی کولتووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکات و پێی وایە ئەگەرچی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنکەرە زۆر بەهێزن، بەڵام هێشتا بوارگەلی زۆر ماون کە هەردوولا دەتوانن وەبەرهێنانی لەسەر بکەن.
کونسوڵی گشتیی ئێستای تورکیا، ساڵی ٢٠٠٩ لە یەکەم ئەرکیدا وەک کارمەندی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی نێردراوەتە بەغدا و ساڵێک دواتر ڕەوانەی هەولێر کراوە بۆ ئامادەکاریکردن بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی تورکیا لە پایەتەختی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بەو کاتە، ئێرمان تۆپچو دەڵێ هەندێک ڕۆژ پێویست بوو بۆ شت كڕین سەردانی شارۆچکەی عەنکاوە بکەین، بەڵام لە ڕاستیدا لە نێوان نووسینگەکەمان و عەنکاوە تەنها چۆلەوار هەبوو. ئەو بە سەرسامییەوە دەڵێ تەنها لەم ١٤ ساڵەی دواییدا، ڕووخساری هەولێر بەتەواوی گۆڕاوە بۆ شارێکی پێشکەوتووی مۆدێرن.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەپەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، تۆپچو قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بە ٢٠ ملیار دۆلاری ساڵانە لەگەڵ عێراق مەزەندە دەكات و دەڵێ لە کۆی ئەم ٢٠ ملیارە، مەزەندە دەكرێ ٣٠%ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بێت. هەڵبەت، بە گوتەی کونسوڵی گشتیی تورکیا، لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەم ڕێژەیە زۆر بەرزتر دەبێتەوە.
بەگوتەی ئەو، پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و هەولێر لە ڕووی ئابوورییەوە ”چیڕۆکێکی سەرکەوتن“ە کە دەکرێ هەموو لایەک شانازیی پێوە بکەن. دەشڵێ تورکیا شانازی بەوە دەکات لە ڕێگەی وەبەرهێنان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی خۆی، دەستی هەبووە لە نووسینەوەی ئەم چیڕۆکە.
هەر سەبارەت بەم باسە، تۆپچو ئاماژە بە ڕاپۆرتی ساڵانەی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت قەبارەی وەبەرهێنانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیار دۆلارە، کە ئەمەش تورکیا دەکاتە یەکەم وڵات لە ڕیزبەندی وەبەرهێنەرە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان.
لە درێژەی دیمانەکەدا، کونسوڵی گشتیی تورکیا ئاماژە بە خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل دەکات و دەڵێ کە ترافیکی زۆری ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئەم دەروازە نێودەوڵەتییەی کردووەتە یەکێک لە گەورەترین دەروازەکانی جیهان و دەرچەیەکیشی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕووی ئەوروپادا کردووەتەوە.
ئاشکراشی دەکات کە کردنەوەی دەروازەی سنووریی نوێ لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە بەرنامەی کاری هەردوولادا هەیە، ئەمەش لەم ساتەدا گرینگییەکی زۆری هەیە کە پلانی (ڕێگای پەرەپێدان)ی عێراق لە بەندەری فاو تا ناو خاکی تورکیا باسێکی هەنووکەیییە، پێویستە هەموو خەڵکی ناوچەکە سوود لەم پڕۆژەیە ببینن، بەڵام ئەوەش دەڵێ كە توركیا بەشدار نییە لە گفتوگۆكانی سەر ڕێڕەوی پڕۆژەكە لە ناوخۆی عێراقدا.
ئێرمان تۆپچو، کە ئێستا لەگەڵ خێزانەکەیدا لە هەولێر دەژیت، دڵخۆشیی خۆی بە کولتووری میواندۆستیی هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێرییەکان بەتایبەتی دەردەبڕێت و دەشڵێ میوانداری تەنیا پەیوەست نییە بە كورد و توركمان، بەڵكو ئەو یەكتر قبووڵكردنە ئەرێنییە لە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەدا دەبیندرێت، هەروەها پێی وایە کە ئەمە ئەرکێکی قورس دەخاتە سەر نێردەی دیپلۆماسی و سەرجەم هاووڵاتییانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، چونکە پێویست دەکات ئەوانیش لە ئاست میواندۆستی و چاوەڕوانییەکانی خانەخوێی خۆیان بن. هەر بۆیەشە تۆپچو لە کۆتاییی دیمانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندیی سیاسیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە بەرزترین ئاستدا پەیوەندییەکی بێ وێنەیە، بەڵام پێویستە ڕەنگدانەوەی هەبێت لە پەیوەندیی نێوان خەڵکی تورکیا و هەرێمی کوردستانیش.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved