تەعجیل بە چەلاوی خۆی
30 ساڵ دەبێ شه‌قامی ته‌عجیلی هه‌ولێر بووه‌ته شوێنی كۆكردنه‌وه‌ی خەڵكێكی تایبەت كە ئارەزووی خواردنی گۆشتی چه‌ند جۆرێك باڵنده و په‌له‌وه‌ر دەكەن، ئه‌م شه‌قامه له شەوانی ساردی وه‌رزی زستاندا زیاتر جمه‌ی دێت لە خەڵک و تا دره‌نگانی شه‌و گۆشتی کوڵاوی چۆلەكە و سووسكەی لێ دەفرۆشرێت.
ئیبراهیم مزه‌فه‌ر (35 ساڵ)، خاوه‌نی خواردنگه‌ی «ئیبۆ ئه‌ی ئاڕ»ه، كه تایبه‌ته به گۆشتی باڵنده، بەگەرمی به‌خێرهاتنی میوانەكانی دەكرد، لەوە دەچوو پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵدا هەبن، ئەو باسی كاسبیەكەی بۆ (گڵكه‌ند) ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێ زیاتر له 20 ساڵه لەو شەقامە خواردنگه‌ی هه‌یه و پیشه‌كه‌ی له باوكییه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه كه پێشتر به گه‌ڕۆك و له‌نێو سه‌به‌ته گۆشتی چۆلەكەی فرۆشتووە.
ئەو گەنجه باسی جۆری گۆشتی ئەو باڵندانە دەكات كە دەیانفرۆشێ و دەڵێ كۆتر و گاپه‌ر و فروج و مراوی و پۆڕ و سووسكه‌ی ده‌فرۆشن، پێویستە كۆتر‌ەكە شه‌ش مانگی تەمەنی ته‌واو بكات و گۆشت بگرێ، ئەوجە بۆ خواردن ده‌شێ.
ئیبراهیم دەشڵێ كۆتریان له مووسڵ و كه‌ركووكه‌وه بۆ دێت، له‌وێ كه‌سانی شاره‌زا به‌خێویان ده‌كه‌ن. به زیندوویی لێیان ده‌كڕن و دەیانهێننە هه‌ولێرێ، لێره سه‌ریان ده‌بڕن و پاكیان ده‌كەنەوە و دەیانكوڵێنن، هه‌روه‌ها باڵنده‌كانی تر وه‌كو پۆڕ و كه‌و و سووێسكه له‌و ڕاوچییانه‌ی ده‌كڕن كه پیشه‌یان ڕاوكردنی باڵنده‌یه.
كوڵاندنی گۆشتی كۆتر پێویستی به زیاتر لە چوار كاتژمێر هه‌یه، چونكه بەقسەی ئیبراهیم ده‌بێت ئاگره‌كه‌ی نزم بێت، دەشڵێ «كۆتری به چه‌لاوی خۆی ده‌كورێنین، هیچ ده‌رمانه‌كی تێ ناكه‌ین، لۆیێ خەرك زۆریان حەز لێیە، هه‌شە لۆ عیلاجی نه‌خۆشی دەیبات، ئه‌و كه‌سانه‌ی زه‌خت و شه‌كره‌یان هه‌یه ئه‌و نه‌وعه گۆشتانه ده‌خۆن، چه‌لاوه‌كه‌شی ده‌رمانه، چونكه ڕوونی تێ ناكه‌ین».
خواردنی باڵنده و په‌له‌وه‌ر له شه‌قامی ته‌عجیل بووه‌ته بابەتێكی كولتووریی هەولێرێ، به تایبه‌ت له وه‌رزی زستاندا، جگە لە خه‌ڵكی هه‌ولێر، خه‌ڵك لە شارەكانی كه‌ركووك و ڕانیه و هه‌ڵه‌بجه و كۆیه‌شەوە ڕوو له ته‌عجیل ده‌كه‌ن بۆ خواردنی گۆشتی باڵنده، ئیبراهیم دەڵێ ئه‌وه‌ی فێری خواردنی گۆشتی باڵنده بێت، ناتوانێ وازی لێ بێنێت.
هێمن هاشم یه‌كێ له‌و كه‌سانه‌یە كه زوو زوو سەر لە تەعجیل دەدەن، هەر هەوا ساردی كرد، بیری شەقامی تەعجیل و گۆشتی چۆلەكە و كۆتری كوڵاو دەكات، هێمن دەڵێ پازده ساڵ دەبێ شه‌وانی زستان له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی بۆ خواردنی گۆشتی باڵنده سه‌ردانی تەعجیل دەكەن. پێی وایە ئەو گۆشتانە تاموچێژێكی خۆشیان هه‌یه و جیاوازن لە گۆشتی مریشك، دەشڵێ گۆشتی كۆتر و چەلاوەكەی بەزه‌ڵاته بخۆی، قەت لێی تێر نابی.
لە شەوانی زستانی هەولێردا هەر شه‌قامی تەعجیل ئاوەدان نییە، بەڵكو لە چەند شەقامێكی تریش خواردنگه‌ی زۆر و قەرەباڵغ هەن، به‌ڵام ڕەنگە تەعجیل جیاوازترین شەقام بێت.