تەمەنی 400 ساڵە
تەمەنی 400 ساڵە
January 20, 2025

دیارییە‭ ‬بەنرخەکەی‭ ‬خەڵکی‭ ‬پیران‭ ‬بۆ‭ ‬میوان

دوای ئەوەی بەر لە نزیكەی ٤٠٠ ساڵ كانێكی خوێ لە ناحیەی پیران دۆزرایەوە، لەوساوە تا ئێستا دانیشتوانی دەڤەرەكە بە ڕێژەیەكی كەم نەبێت، پێویستیان بە هاوردەكردنی خوێ لە دەرەوەی دەڤەرەكە نەبووە.
نەزەد خدر دانیشتوویەكی گوندی پیرانە باسی كانە خوێیەكەی سنوورەكەیان و چۆنیەتیی دەرهێنانی بۆ (گڵگەند) دەگێڕێتەوە و دەڵێ پیران خاوەنی یەکەم کانی خوێیە لە هەرێمی کوردستان و هەموو ساڵێ لە کۆتاییی وەرزی بەهارەوە دەست بە دەرهێنانی خوێ دەكەن تا كۆتایی وەرزی پایز.
خەڵكی گوندی پیران لە وەرزی بەهاردا ڕۆژانە ١٠٠ تا ٢٠٠ كیلۆگرام خوێ بەرهەم دێنن، لە وەرزی هاوینیشدا بەرهەمی خوێیەكە بۆ ١٢٠ تا ١٥٠ كیلۆگرام كەم دەبێتەوە، چونكە سەرچاوەی ئەم خوێیە ئاوەكەیە، كاتێك ئاوی کانیاوی خوێیەکە كەم دەبێتەوە، خوێیەكەش كەم دەبێتەوە. ئەمەش لە كاتێكدایە كە گوندی پیران تەنها یەك بیر یان كانی خوێی لێیە و پتر لە ٧٠٠ بنەماڵەش لەو گوندە نیشتەجێن، پێداویستی خوێی خۆیان لەو بیرە دابین دەکەن.
خەڵکی پیران ڕۆژانە بەپێی لیستێک، بە نۆرە، هەر ڕۆژەی ماڵێک دەچنە سەر بیر یان كانی خوێیەكە و لە قووڵاییی هەشت مەترەوە ئاوە ڕوون و سوێرەکە هەڵدەگۆزن و لە مەنجەڵێکی گەورەی دەکەن، پاشان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ئاگری دەدەن و دەیکوڵێنن و دەیکەن بە خوێ. بە قسەی نەزەد، تا ئێستا بیر لەوە نەكراوەتەوە كە كارگەیەك دابندرێ بۆ هەناردەكردنی ئەم خوێیە، بەڵكو خەڵكی پیران ئەم کانە خوێیە كە لەلایەن باوك و باپیرانیانەوە بۆیان بەجێ ماوە، وەك میراتێکی نیشتمانی دەیبینن و بە ئەركی خۆیان دەزانن بیپارێزن.
ئێستا خوێی پیران بەنرخترین دیارییە كە خەڵكی دەڤەرەكە بە میوانانی دەبەخشن كاتێك سەردانی گوندەكە دەكەن.
لای خۆیەوە سامەند رەسووڵ دانیشتوویەكی تری گوندی پیرانە و دەڵێ ئاوی ئەم كانییە شیاو نییە بۆ خواردنەوە، چونكە ڕێژەی خوێیەكەی زۆرە و تەنها بۆ خوێ بەكاری دەهێنن.
باس لەوەش دەكات هیچ مێژوویەك و دەستنووسێك نییە بۆ ئەوەی بە تەواوی دڵنیا بن مێژووی ئەم كانییە بۆ چ سەدەیەك دەگەڕێتەوە.
پیران پێش ئه‌وه‌ی ببێت بە ناحیە، له کۆنه‌وه گوندێکی گه‌وره‌ی ده‌ڤه‌ره‌که بووه و گه‌لێک ڕووداوی جۆراوجۆری به‌سه‌ردا هاتووه‌، بەتایبه‌ت له سەردەمی شۆڕشی ئه‌یلوولدا، چونکه چه‌ندین جار بەر هێرشی رژێمی عێراق که‌وتووه و وێران کراوه و سووتێندراوه، دیارترینیشیان ساڵی ١٩٧٨ بوو که خه‌ڵکه‌که‌ی راگوێزران‌ و پیران بەته‌واوی وێران کرا.
لای خۆیەوە هەژار جەوهەر بەڕێوەبەری ناحیەی پیران سه‌ر به قه‌زای مێرگه‌سوور كە لە (٥٤) گوند پێکهاتووه و ڕێژه‌ی دانیشتوانی شەش هەزار و ٧١٥ كەسە، بە (گڵگەند)ی راگەیاند جێی شانازییە بۆ خەڵكی دەڤەری بارزان کە بنیاتی ئەو بیر و كانیە بۆ کەسایەتیی ناوداری پیران (شێخ یوسف) دەگەڕێتەوە، لە هەمووی گرینگتر ئەم خوێیە لە کۆنەوە بۆ چەندین مەبەستی تایبەتی وەكو کشتوکاڵ و تەندروستی بەكار هاتووە. هەروەها باس لەوە دەكات كە وەكو ئیدارە هەرچی پێویست بووە لە دابینكردنی كارەبا و ئاو بۆ كانیەكە جێبەجێیان كردووە و ئێستاش لەگەڵ فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسوور پلان بۆ نۆژەنكردنەوەی دادەنێن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved