لە 16 ساڵی بڕوانامەی B لە ڕاهێنانی تۆپی پێ بەدەست دەهێنێ
دوای ئەوەی تووشی پێکانێكی گەورە هات، بێ ئومێد دەبێ و خەریك بوو واز لە تۆپی پێ بهێنێت، بەڵام لە جێی ئەوە بڕیاری دا ئاراستەیەکی نوێ لە جیهانی تۆپی پێ بدۆزێتەوە، تا بەردەوام بێت، بۆ ئەوەش ڕووی لە ڕاهێنەرایەتی كرد.
لەنیا قەیس بڵباس کچە یاریزانێكی هەولێرییە و لەدایكبووی ساڵی ٢٠٠٧ی شاری ئۆسڵۆی پایەتەختی نەرویجە، كاتێك نەیتوانی بەهۆی پێكانەوە وەك یاریزانی تۆپی پێ بەردەوام بێت، لە ڕێگەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نەرویجەوە دەستی کرد بە وەرگرتنی خولەکانی ڕاهێنان.
لە خولەکانی ڕاهێنەرایەتیی بنەڕەتییەوە دەستی پێ کرد، دوای چەندین خول توانی بەشداریی خولی «سی»ی ئەوروپی بکات و بڕوانامەکە بەدەست بهێنێ، دواتر داواکاریی پێشکێش كرد بۆ خولی «بی»ی ئەوروپی، كە خولێکی زۆر بەهێزە بەدواداچوون و داواکاریی زۆری لەسەرە، زیاتر لە ٤٠٠ داواکار هەبوون و تەنها ٥٠ کەس هەڵبژێردران.
ئەو راهێنەرە گەنجە بۆ (گڵكەند) دەڵێ «دەمزانی کە ڕکابەریکردن لەو خولە زۆر سەخت دەبێت، بەڵام بە پاڵپشتییەکانی خێزانەکەم بڕیاری خۆم دابوو، وەك بچووكترین كەسی ناو خولەكە توانیم بڕوانامەکە بەدەست بهێنم، کە تەمەنم تەنیا ١٦ ساڵ بوو، لەم ڕێگەیەشەوە زۆر شتی نوێ فێر بووم».
دەشڵێ ئێستا فێری تەکنیکە پێشکەوتووەکانی تۆپی پێ بووە، فێر بووە چۆن شیکاری بۆ یارییەکان بکات، چۆن ئاستی یاریزان بەرەوپێش ببات و پلانی کارکردن بۆ ڕاهێنەران دابنێت. هەروەها چۆن لە کاتی ڕاهێنەرایەتیدا زاڵ بێت بەسەر ئەو فشارانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە.
لەنیا دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەكانی، ئێستا بووەتە ڕاهێنەری کچانی یانەی (کلێمسردودە) و ماوەیەکیش وەک ئەندامی دەستەی کارگێڕیی ئەو یانەیە کاری کردووە.
باوکی لەنیا كە ناوی قەیس بڵباسە، یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر بووە و جگە لەوەی لە نەرویج سەرۆکی یانەی چوارچرای کوردستانە، کە یانەیەکی کوردییە و ماوەی چەندین ساڵ وەک سەرۆک و ڕاهێنەری یانەکە کار دەکات، چەند ساڵێکیشە سەرقاڵی بڕوانامەی «سی و بی» ئەوروپییە و ئێستا خاوەن هەردوو بڕوانامەکەیە و پاڵنەرێکی بەهێزی کچەکەیەتی لە بەدەستهێنانی بڕوانامەکانی ڕاهێنەرایەتی.