تەمەنی زیاتر لە 700 ساڵە
تەمەنی زیاتر لە 700 ساڵە

ئەو تەکیەیەی کۆنترین دەستنووسی هەرێمی کوردستانی پاراستووە

لە کونجی گەنجینە ساکار و پڕ بەهاکەی یەکێک لە تەکیە ناسراوەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، دەستنووسێک پارێزراوە بە دەگمەنترین و کۆنترین دەستنووس لە هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت كە تاوەکو ئێستا مابێتەوە، تەمەنی زیاتر لە 700 ساڵە، لاپەڕەی دیوانێکی شیعریی شاعیرێکی فارسە كە لە سەردەمی ئێلخانییەکان ژیاوە.
تەکیەی کاکی هیران یەکێک لە دیارترین تەکیەکانی کوردستان و هەولێرە، سەدان ساڵە لە دەروێشی رێبازی قادری جمەی دێت و ئێستاش وەکو سوکنایییەک بۆ پەرستشی ماڵی عاریفانە.
لێرە لە شارۆچکەی هیرانی سەر بەقەزای شەقڵاوە کە لە دووریی نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە باكووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵکەوتووە، دەیان نووسراو و بەڵگەنامە و دەستنووس هەڵگیراون کە بە میراتییەکی خنجیلانەی گەنجینەیەکی گەورەتری کەڵەپیاوانی ناوچەکە و تەکیەکەن کە بەر نەفرەتی هێرشەکانی حکوومەتەکانی پێشتری عێراق کەوتوون و بەشی زۆریان لەنێوچوون.
دەستنووسە دەگمەنەکە تەنیا یەک پەڕەی دیوانی شیعریی «ئەنوەری»، شاعیری ناوداری فارسە کە پێشتر دیوانێکی تەواو بووە و بەهۆی کردنە ئامانجی تەکیەکەوە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق لە ساڵی 1961 تەنیا ئەو لاپەڕە بە هەتیوی ماوەتەوە، بەڵام بەنازداریی لەلایەن یەکێک لە نەوەکانی کاکی هیرانەوە بەناوی هانای کاکی هیران هەڵگیراوە.
ئەم دەستنووسە دەگمەنەی نۆ دێڕی شیعریی عەلی عومەر محەمەد ناسراو بە ئەنوەرییە کە لە نێوان 520 تاوەکو 585ی کۆچی ژیاوە، بەڵام دەستنووسەکە ساڵی 696ی کۆچیی لەسەرە کە هاوتایە بە 1297ـی زاینی، واتە تەمەنی 727 ساڵ دەبێت و بەپێی بەدواداچوونەکانی گڵکەند بە کۆنترین دەستنووس هەژمار دەکرێت لە هەرێمی کوردستان جگە لە دەستنووسە دیجیتاڵییەکان.


شیعری عیرفانی لاپەڕەکەی رازاندووەتەوە لە خوارەوەی پەڕەکەش بە ئاوی زێڕ لێی نووسراوە (دیوانی ئەنوەری) و بە دوو مۆر لەلایەن نووسەرەوە مۆر کراوە.
دیوانەکە وەکو شارەزایانی مێژوو دەیڵێن لە کاتێکدا بووە کە هەرێمی کوردستان و لە نێویاندا ناوچەکانی شەقڵاوە و دەوروبەری لەژێر ڕکێف و قەڵەمڕەویی ئێلخانییەکانی مەغۆلەکاندا بووە.
ئێلخانییەکان وەچەیەکی مەغۆلەکان و بەشێکن لە ئیمپراتۆرییەتی مەغۆلی لە چین (1206-1368)ی زاینی، لەسەر دەستی جەنگیزخان دامەزراوە و دەسەڵاتی لە زەریای هێمن تاوەکو ناوەڕاستی ئەوروپا هەبووە، دواتر دەسەڵاتیان فراوانتر بووە و وڵاتانی وەکو عێراق و ئەرمینیا و ئازەربایجان و قەفقاس و بەشێک لە ئاسیای بچووک (ئەنادۆڵ)ی گرتووەتەوە.
لە خوارەوەی دیوانەکەدا دەستەواژەیەک نووسراوە کە ئەمەیە «والحمد لوليه والصلوة على نبيه وحبيبه محمد وآله وصحبه الكرام»، یەکێک لە مۆرەکانی سەر دەستنووسەکە مۆری شاعیر بووە و ئەوی ترشیان نادیارە کە لەگەڵ بەشێکی دیکەی نووسینەکاندا بەهۆی رووداوەکانەوە مێژوویی بن یان کەشناسی سڕاونەتەوە.
هانا کاکی هیران نەوەی کاکی هیرانی دامەزرێنەری تەکیەی هیرانە، لە یەکێک لە حوجرەکانی سەر بە تەکیەی هیران نزیکەی 20 دەستنووس و نووسینی دەگمەنی پاراستووە، ئەو بۆ (گڵکەند) باسێکی کورتی مێژووی تەکیە و بنەماڵەکەیانی کرد کە سافی هیرانی یەکێک لە کەڵەشاعیرەکانی کوردیشی لێ هەڵکەوتووە.
لەبارەی دەستنووسەکەشەوە پێی گوتین «هەرچەندە تەکیە شوێنی خوداپەرستی و پەرستش و ئاینە، بەڵام پیاوانی تەکییە رۆڵی گەورەیان لە بواری کولتوور و شیعر و بابەتەکانی نووسین و خوێندنەوە و زمان و زانستەکانی ئاییندا هەبووە، بۆیەش بەپێی کەسە بەتەمەنەکانی تەکیەکە لێرە بەردەوام کتێبەکان ئاڵوگۆڕ کراون و شوێنێک بووە بۆ وەرگرتنی زانست و بەخشینی، ئەوەش هۆکار بووە کە تەکیە کتێبخانەیەکی گەورەی هەبووە».
تەکیەکە بەپێی گوتەی هانا کە زیاترین کەسی بنەماڵەکەیە سەرقاڵی خوێندنەوەی کتێبەكانی ناوی و پاراستنیانە، دووجار ڕووبەرووی هێرش بووەتەوە و لە یەکێک لە هێرشەکاندا لە ساڵی 1961 زۆرینەی هەرە زۆری کتێب و دەستنووسەکانی سەدان ساڵەی تێدا سووتا و لەنێوچوون کە خۆیان لە نزیکەی 500 دەستنووس و کتێب و نووسراوی گرینگ داوە.
بەدەم هەڵدانەوەی لاپەڕەی دەستنووسەکان، هانا کاکی هیران کە دەرچووی زانکۆ و حوجرەیە دەیگوت لە ساڵی 1961 و بەهۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولەوە و کردنی تەکیەکە بەبارەگایەک بۆ شۆڕش لە دژی نادادی و ستەمکاریی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق، تەکیەکە بووەتە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکان و بۆردوومان کراوە.
لای خۆیەوە قاسم محەمەد توێژەر لە سەنتەری کوردستان بۆ بەڵگەنامە و توێژینەوە ئەکادیمییەکانی زانکۆی سلێمانی لەبارەی ئەو دەستنووسەوە دەڵێ «یەکێکە لە دەستنووسە دیارەکانی کوردستان و بۆ مێژوویەکی زۆر کۆن دەگەڕێتەوە، لە کوردستاندا دەستنووسی کۆنترمان هەن، بەڵام بە دیجیتاڵی نەوەک وەکو دەستنووسی پارێزراو لەلای خۆمان هەبێت». داواش دەکات دامەزراوەکان بایەخی زیاتر بە کۆکردنەوەی دەستنووسەکان و هەڵگرتنیان و پاراستنیان بدەن.
تەکیەی هێران لە ساڵی 1760 لەلایەن شێخ سولێمانی کوڕی میر عەبدوڵڵا دامەزراوە، كە یەکێک لە نەوەکانی کەڵۆس بەگ دامەزرێنەری ئیمارەتی سۆران بوو لە ساڵی 1399.
شێخ سولێمان وەک هانا کاکی هیران دەیگێڕێتەوە لە ڕێگەی شێخ تەها بەتلیسییەوە یەکێک لە دیارترین پیاوە ئاینییەکانی سەردەمی خۆی هیدایەتیی وەرگرتووە و بووەتە پیاوی ئاین و پەرستش.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved