شۆستە، بە چەندان زمان ناوەکەی دەنووسمەوە، یان پێویست ناکات هەموو دەتوانن ناوەکان بدۆزنەوە، گرنگ نییە، کە دەڵێم شۆستە هەموو دەزانن مەبەستم چییە! ئەوەی لێرە مەبەستمە بەکارهێنان و سوودەکانی بنووسمەوە؛ لە شەقام، شار، شارەوانی، شارەدێ، شیناییەکانە؛ شۆستە بۆ پیادە، پەیکەر، پاکوخاوێنی، پەڕینەوە، پایسکل، پەیامی ریکلام دانراوە!
شۆستەکانی بە خشت، بەرد، مەڕمەڕ، خۆڵ، چیمەن دروست کراون بۆ خزمەتی گشتی، بۆ جوانی چاو، هەناسەی رێبواران دانراون، بەڵام لێرە لەو هەولێرە، لە شارەکانی تریش، هەر هەولێر وا نییە، لە هەموو شارە گچکە و گەورەکانی ناوچەکە وایە!
بەداخەوە لەو شارە و شارەکانی تریش، زۆرتر شۆستە دروست کراوە یان زەوت کراوە بۆ نوقتەی پاسەوانی، ژووری بچووکی ناڕێکی مانەوەی پیاوە چەکدارەکانی ماڵی بەرپرسی حزبەکان و کەمێکیش دەسەڵاتدارانی حکوومەت داگیریان کردوون، کە لەبەر دڵنیایی و ئارامی شارەکان و سەلامەتی خەڵکەکە، کامیراکان، هیچ شوێنێک پێویست بە پاسەوان و دانانی بۆدی، کارڤانە، ژووری بچووکیش ناکات، هەموو کەس لە موڵک و ماڵیان دڵنیان، نازانم بۆ بەرپرسەکان بەگومانن، دەترسن، پاسەوانی زۆریان هەیە!؟
شۆستەکان بوون بە شوێنی مەولیدەی گەورەی کارەبای ماڵە دەوڵەمەندەکان، کە بە تڕەتڕی زۆر و دووکەڵی ژەهراویی رەشەوە، تەواوی گەڕەکەکەیان هەراسان و بێزار کردووە، یان بوون بە گەراجی لۆری و شۆفڵی گەورەی پان و کۆن و نوێی بەڵێندەر و خاوەن کارگە و کۆگەکان!
ناکرێ وابێت! بەڵام لەو رۆژگارەدا، رووبەڕ و پانی و درێژییەکانی شۆستە نازدارەکان، لەلایەن دوکاندارە گەورەکانی بازاڕ؛ بە مەتر، بە ژمارەی کاشی بەکرێیان داون بە دەستفرۆش، عارەبانچی، پینەدۆز، شەربەتفرۆش، کارگە، جگەرەفرۆشی بەنگلادیشی، مێزی دۆلارفرۆش و لەفەفرۆشەکان!
شۆستەکانی ئەو شارە؛ خوارن، شکاون، تەسکن، بەرینن، تەجاوزی زۆریان لەسەر کراوە!
شۆستە نەخۆشەکانی شارەکەم پیسن، بێخزمەتن، بێنازن، بێکەسن، لە هەندەك شوێن بەرزن، دوایی نزم و نەوی دەبنەوە، لێژن، کیربستۆنەکانی شکاون، رەنگیان سڕاوەتەوە! رێبوارەکان ماندوو دەکەن، ساتمەی لەسەر دەکەن!
لەسەر شۆستەکاندا، بواری درەختێک نەماوە سەرسام سەیری رێبوارەکانی بکات، بواری سێ گەنج نەماوە، قسەی دڵیان بۆ یەکتری بکەن، بواری تێدا نییە بسکی کیژێک، چاوی نازدارێک، نازی دڵدارێک، سێلفییەکی تێدا بگرێت، یان پەیکەری ناودارێکی لەسەر دابنرێت.