لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا و دوای هەڵگیرساندنی شەڕی عێراق و ئێران، دیاردەی کتێبفرۆشتن لەسەر جادە، لە نزیك قەڵات و دادگای کۆن پەیدا بوو، خەڵک پتر بۆ کڕینی کتێبی کۆن و تازە ڕوویان لەو جادانە دەکرد و کەمتر دەچوونە کتێبخانەکان.
ئەوكات لە هەولێر زۆربەی کتێبفرۆشەکانی سەر جادە، نووسەر و ڕۆشنبیرانی هەولێر بوون، کە کتێبەکانی خۆیان دەفرۆشتەوە. هەروەها كڕیاریش هەستیان بە ئازادییەكی زیاتر دەکرد لە كڕینی کتێب لەسەر جادە، چونكە کاتێک كتێب لەسەر شۆستە و دوور لە ڕەفە نمایش دەکرێن، چاودێرییشیان كەمتر لەسەرە.
تا ساڵانی نەوەتەكانیش ئەو بازاڕەی کتێبفرۆشتنی سەر جادەیە لە هەولێر جمەی دەهات، لەوێ کتێبی دانسقە و دەگمەن پەیدا دەبوون، لەگەڵ ئەو کتێبانەش كە بە قاچاخ و دوور لە چاوی هێزە ئەمنییەكانی بەعس دەفرۆشران، بەتایبەتی کتێبە مارکسییەکان و کتێبە نەتەوەیییەکان کە بە قاچاخ لە چاپخانە کوردییەکانی ئێران دەهاتنە هەولێر.
ئەوسا کتێب بازاڕێکی زۆر باشی هەبوو، خوێنەر زۆر بوون، زیندانیكراوەكانیش کەسوکاریان دەنارد و داوای کڕینی کتێبیان لێ دەکردن. کتێبی باشیش کەم بوو، بەڵام کتێبە مارکسییەكان، فەلسەفییەكان، وجوودی، ڕۆمان، چیڕۆکەکانی عەزیز نەسین، کتێبە نەتەوەییەکان، دیوانی گۆران، کتێبی مێژووی کورد، شەرەفنامە و دیوانی تاریک و ڕوونی هێمن داوای زۆریان لەسەر بوو.
زۆجار کتێبخوازان پێشتر داوای کتێبێکیان دەکرد و ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی دەبوون تا کتێبەکە دەس تدەکەوت.
هەروەها کتێبفرۆشەکانی ئەوسا لە نووسەر و هونەرمەند و ڕۆشنبیرانی وەك مامۆستا عەباس عەبدولڵا یوسف، جەلال زەنگابادی، عەبدولخالق سەرسام، موئەیەد فەقێ، ڕێدار ئەنوەر، پشتیوان عەبدوڵڵا، ئەمیر تەها، جەلال خان، ڕێدار سابیر، تاریق کارێزی و سەفەر عەلی و زۆری تر پێك هاتبوون. زۆربەی ئەوانەش کتێبەکانی خۆیان دەفرۆشت و بە بەشێکی پارەکەی کتێبی تریان بۆ خۆیان دەکڕی و ئێوارانیش شوێنەکە جمەی دەهات و موناقەشەی کولتووری و هونەری و فیکریی لێ دەکرا، فەزایەکی ڕۆشنبیریی تایبەت دروست دەبوو. نووسەر و ڕۆشنبیرانی شارەکانی تری کوردستانیش زۆرجار سەردانی ئەو بازاڕ و شۆستەی کتێبفرۆشیەیان دەکرد.
کتێب ئەوسا بە نرخ بوو، خوێنەر عەوداڵ بوون، جار هەبووە بۆ دەستکەوتنی کتێبی تایبەت و نایاب نووسەرەكان سەردانی بازاڕی موتەنەبیی بەغدایان دەکرد.
هەروەها ئەو سەردەمە لە هەولێر کتێبدز زۆر بوون، کتێبدزەکان خوێنەری ئاسایی نەبوون بەڵکو خودی نووسەران و ڕۆشنبیران بوون، بەڵام ئەوان هەرگیز کتێبیان لەسەر شۆستە و لە برادەرە نووسەرەکانی خۆیان نەدەدزی، بەڵکو لە کتێبخانەکانیان دەدزی.